سەدیق سەعید ڕواندزی


لە بەشێكی شیعرەكانی پەشێودا، توخمەكانی بونیادی چیڕۆك و ڕۆمان، لە شێوەی كارەكتەر و ڕووداو و شوێن بوونیان هەیە و لە نێو شیعرەكاندا، فۆڕمێكی چیڕۆك ئامێز هەیە، كە لە ڕێی گێڕانەوەی ڕووداوێك بە شیعر، شیعرەكە دەباتە ئاستی داستان و چیڕۆكێك. شیعری ( شەفەق لە زەردەپەڕ )دا، هاوشێوەی چیڕۆكێكە كە تیایدا شاعیر ڕووداوێكی سەردەمی منداڵی خۆی لە گەڕەكەكەیان باس دەكات. چیرٍِۆكی ئەم شیعرە، باس لە ناسینی كچە دراوسێیەك لە تەمەنی منداڵی، كە پێ دەچێت هەردووكیان هاوتەمەن بن دەكات. دەسپێكی ڕووداوەكە، بە ئاشقبوونی منداڵێ تا ڕادەی شێتبوون بە كچە دراوسێكەیان دەست پێ دەكات، دوای زەمەنێك لە یەكتر ناسین، ئەمجارەیان دادەبڕێن و كاتێ یەكتریش دەبیننەوە، لە پایزی تەمەن دانە و سەری هەردووكییان لە پای ئەو دابڕانە و هەڵكشانی تەمەن سپی بووە. لەم شیعرەدا، چیڕۆكی  ژیانی منداڵێك دەخوێنینەوە، كە چۆن شێتی كچە هاوسێیەك بووە و دنیای تەنها لە چاوی ئەودا بینیوە و ئەگەر ڕۆژێك نەیدیبایە، وای هەستكردووە، كە عەرشی ئاسمان بێ خودایە، هەروەك خۆی لە شیعرەكەدا دەڵێت:_
بە مناڵی شێتی كچە هاوسێیەك بووم
ئەگەر ڕۆژێك نەمدیبایە
كفرم دەكرد
وامدەزانی عەرشی ئاسمان بێ خودایە
دەسپێكی چیڕۆكەكە، لە گەڕەكێك لە نێوان منداڵێك و كچە هاوسێیەك دەست پێ دەكات. مناڵەكە بە جۆرێك هۆگری ئەو كچە دەبێت كە ئەگەر ڕۆژێك نەیبینیبایە كفری دەكرد، دەكەوتە گومان، لە عەرشی خودا و یاخود گومان لەوەی لەگەڵ نەدیتنی ئەو، ئیدی خۆریش لە جێگەی خۆی هەڵنایەت. ئەم یەكترناسینە بەردەوام دەبێت و سەردەكێشێت بۆ یاری و خەونی منداڵانە و چێكردنی خانۆچكە و خەیاڵ و گەمەی منداڵانە، ئاسوودە و بەختەوەرانە لە نێو ژیانی منداڵی خۆیاندا دەكەونە گەمە و خەونی ڕەنگاو ڕەنگ، هەروەك شاعیر دەڵێت:_
سەری خۆمان هەڵدەگرت و
لە شوێنێكی چەپەك و پەنا
خانوچكەیەكمان چێدەكرد
هەردووكیان بە منداڵی، خەیاڵی ئەوەیان كردووە، كە چۆن ماڵێك لە بن ساباتێك كۆیان دەكاتەوە، كە دەشێ ئەمە خەونی دوا ڕۆژی هەردووكیان بێت و بەو منداڵییەوە یاخی بن و مەبەستیان بێت، ماڵ و گەڕەكەكەیان جێبێڵن. هەر لە سەرەتاوە ئەو خەیاڵە دەكەن، بەڵام ئایا هەموو خەیاڵێك دەبێتە واقیع؟مرۆڤ دەتوانێت هەموو ئەو خەونانەی هەیەتی، بیكاتە واقیع و دەتوانێت ئەو خەونانەی لە ژیان هەیەتی بیانهێنێتە دی و  چیتر لە چوارچێوەی خەون و خەیاڵ نەمێننەوە؟ بێگومان نەخێر، چونكە چەرخی ژیان و ڕۆژگار بە ویستی مرۆڤ ناسووڕێت، بۆیەشە قەدەرێك ئەو دوو كەسە لە یەكتری دەكات و هەریەكەیان ئاوارەی شوێن و جێگەیەك دەكات. لە ناوەڕاستی شیعرەكەدا، دوای ئاشنابوونی منداڵەكە بە كچە دراوسێكەی، ئیدی بە هەر هۆكارێك بێت لە یەكتری دادەبڕێن و ئەو دابڕانەش، مەودایەكی زەمەنی درێژ دەخایەنێت و لە پێناو دیتنەوەی شاران تەی دەكات و ناتوانێت وازی لێ بێنێت، بەڵكو هەمیشە بەو خۆزگەوە دەژیت، تاكو ڕۆژێك دەگەنەوە یەكتری، بۆیە دەست لە گەڕان و سۆڕاغكردنی هەڵناگرێت و بەردەوام بەدوایدا دەگەڕێت هەروەك خۆی دەیڵێت: :_
       
 بۆ ئەوكچە دراوسێیە سەرتاسەری دنیا گەڕام

ئەو هۆگرییە وا لە ئەو دەكات كە وەك گەریدەیەك، هەرچی سووچی دنیا هەیە بگەڕێت. دەچێتە وێستگە و فڕگەكان و پەرستگە و مەیخانە و بەندەر و دەریاكان، كەچی هەموو ئەو گەڕانانە بێ ئەنجامن و ناتوانێت بیدۆزێتەوە، بۆیە دەگاتە ئەو بڕوایەی كە لە بیری بكات و گومانی هەبێت جارێكی دیكە بە دیداری ئەو كچە هاوسێیە شاد بێتەوە، بۆیە لە نائومێدیدا ئەمجارەیان دەڵێت:_
                 زۆرجار دەهات لە بیری كەم
بەڵام ئایا لە بیركردنی كەسێك، كە خۆشەویستەكەی لە پێناو دۆزینەوەی سەرتاسەری دنیا گەڕاوە هێندە ئاسانە؟ مرۆڤ دەتوانێت كەسێك لە بیر بكات، كە لە نێو دڵی دایە و هەموو ژیان و بوونی داگیركردووە؟ بە پێچەوانەوە هێزێكی شاراوە ئەو كوڕە دەبەستێتەوە بە كچە هاوسێكە و لە چاوەڕوانی دەیهێڵێتەوە و ناتوانێت دەستبەرداری بێت و لە بیری بكات، بەڵكو خۆڵەمێشە خامۆشبووەكەی نێو ئاگردانەكە، جارێكی دیكە، بە شنەبایەكی ئەو خۆشەویستییە شاراوەیە، گەش دەبێتەوە ، هەروەك شاعیر دەڵێت:_

زۆرجار دەهات لە بیری كەم
كەچی لە پڕ دەیترووسكاند
ژیلەمۆی بن خۆڵەكەوە
دوای ئەوەی نائومێد دەبێت لە دۆزینەوەی، دەیەوێت ئەو كچە هاوسێیە لە یاد بكات و بە پەراوێزی بیرەوەرییەكانی بسپێرێت، كە چی لە پڕ  وەك چۆن پۆڵووی ژێر خۆڵەمێشی ئاگرێك، بە فووێك و شنە بایەك دەگەشێتەوە و جارێكی تیر تین و تاوی دەگەڕێتەوە، بەو شێوەیەش ژیلەمۆی ئەو خۆشەویستییەی نێوان ئەوانیش دەبێتە بزووێنەری هێشتنەوەی ئەو پەیوەندییە. بەمەش شاعیر لە نێوان لە بیركردن و دۆزینەوەیدا، نائومێدانە لە چاوەڕوانی دەمێنێتەوە. ئەو چاوەڕوانییە بە پێی زەمەنی مێژووی نێو شیعرەكە بێت، زۆر دەخایەنێت،  چونكە كاتێ ئەو منداڵە هەڵبەتە دوای گەورەبوونی، كچە هاوسێكە دەبینێتەوە، بسكی كچەكە سپی بووە، كە ئەمەش هێمایە بۆ بە سەرچوونی تەمەن و پیربوون، بەڵام دیسانەوە ئەو پیرییەش ناتوانێ لە بیری بباتەوە. شاعیر دوای ئەوەی هەموو دنیا دەگەڕێت و ئەو كچە هاوسێیە دێرینەی خۆی نادۆزێتەوە، ڕۆژێك لە پڕ لە شوێنێكی قوتبی باكووردا، بە ڕێكەوت دیداری یەكتری دەكەن . دیدارێك دوای زەمەنێكی درێژ لە دابڕان و پیربوونی هەردووكییان بە هۆی تەمەن و خەمەكانی ڕۆژگارەوە، دیدارێك كە لەوپەڕی نائومێدی لە بە یەكتر شادبوونەوەیان، دەبێتە ڕێكەوتێكی سەیر. ئیدی لە یەكەم نیگاوە یەكتری دەناسنەوە و بە هەمان هەست و سۆزی سەردەمی پێشوو ئاوێتەی یەكتری دەبنەوە، بەڵام دوای چی؟ دوای ئەوەی كە هیچ كامێكییان هەمان كوڕ و كچە دراوسێكەی پێشوو نین و ژیان و ڕۆژگار سەری هەرووكییانی سپی كرووە. دەڵێن ڕێكەوت، زۆرجار ڕۆڵی سەرەكی لە ئاراستەكردنی ژیانی مرۆڤەكان هەیە و هەر بە ڕێكەوت زۆر كار و دەرفەت و سەفەر  و ناسین دێتە پێش و دواتریش چارەنووسی ژیانی مرۆڤ بە ئاراستەیەكی دیكەدا دەبات، بەو شێوەیەش هەردووكییان، جارێكی دیكە بە یەكتری دەگەنەوە، بەڵام دوای چی؟ دوای ساڵانێكی درێژ لە قەهر و غەریبی و توانەوە بە دەم چاوەڕوانییەوە، دوای بەسەرچوونی تەمەن ە جێهێشتنی یادگارییە جوانەكانی منداڵی، بۆیە شاعیر چیڕۆكی دیتنەوەی هەردووكییان باس دەكات و دەڵێت:_
هەر ئەو شەوەی بۆ یەكەم جار
ستێرێكی چاونماویی قوتبی باكوور
بۆمان بووە قیبلەنمای یەكەم دیدار
بێگومان یەكەم دیداری ئەوان، دوای زەمەنێكی درێژ لە دابڕانی یەكتری، لە شەوێكی قوتبی باكوور دەبێت، بەڵام ئاخۆ هەست و نەستی دوو خۆشەویست، چۆن بێت پاشان ساڵانێك لە غەریبی و دووری یەكتری؟ ئەوان چۆن ئاوێتەی یەكتری دەبن؟ ئەمجارەیان شاعیر دەڵێت:_
موو بە موومان بوو بە زمان
دیتت چ زوو هەردوو باڵت لە من ئاڵاند
دیتت چ زوو سەری سپیم
سنگی تۆی كرد بە نیشتمان
ئەو منداڵەی شێتی كچە هاوسێكەی بوو، دوای ئەوەی ڕۆژگار لە یەكتریان دەكات، كاتێ كچە هاوسێكە دەبینێتەوە، سەری سپی بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە تەمەن و ڕۆژگار، تاسەی دووریەتی لەو كچە هاوسێیە بە جۆرێك ژیان و تەمەنی ئەویان گۆڕیوە، كە بۆتە پیرەمێردێك و بە نێو ساڵان داچووە، بەڵام ئەم گۆڕانە مێژوویی و جەستەییانەی لە پەراوێزی بە سەرچوونی ڕۆژگار بە سەر ژیانی هەردووكییان داهاتووە، نە بۆتە هۆی ئەوەی ئەوانە یەكتری لە بیر بكەن، بۆیە بە یەك نیگاوە، جارێكی دیكە ئاوێتەی یەكتری دەبنەوە و بە دیداری یەكتری شاد دەبنەوە و جارێكی دیكە ئەو عشقە گڕ دەگرێتەوە و ژیلەمۆی ژێر خۆڵەكە دەبووژێتەوە. كاتێ ئەو كچە هاوسێیەش دەبینێتەوە، ئەوا لە ژووانی ئەودا هەمان ئەو كچەیە، كە پێشووتر و بە منداڵی بینیویەتی، كە ئەمەش كرۆكی عشقی ڕاستەقینەیە، كە زەمەن و ڕۆژگار ناتوانن لە بیر مەعشوقی بەرنەوە. بەو مانایەی عاشقەكان، لە نێو مانگ و ساڵ و خەمەكانی ڕۆژگار پیر دەبن، وەلێ لە نێو دڵ و چاوی یەكتریدا، هەر بەو ساتانە دەمێننەوە كە لە یەكەم نیگاوە عاشقی یەكتر بوونە و یەكتریان ناسیوە. لێرەوەش كاتێ ئەو كوڕە بە سەری سپییەوە كچەكە دەبینێتەوە، هەست ناكات گەردێك گۆڕابێت، بۆیە بە دڵنیایەكی زۆرەوە دەڵێت:_
جوودایی من و هاوسێكەم
درۆیە، مۆتەیە، خەوە
ڕوو هەمان ڕوو
دەنگ هەمان دەنگ
بۆنت هەمان بۆنی ئەوە
هەڵبەتە، پیریی مرۆڤ دەگۆڕێت، سیماو ڕووخساری چرچ و لۆچاوی دەكات. بە تێپەڕینی ڕۆژگار، هەست و ئەندامە فسیۆلۆژییەكانی جەستەی مرۆڤ گۆڕانیان بە سەر دادێت. لە پیریدا، هیچ شتێك وەكو گەنجییەتی نامێنێتەوە، بەڵام چونكە عاشقەكان بە جۆرێك لە نێو ژیان و بوون و دڵ و دەروونی یەكتریدا ڕەگ دادەكوتن، كە هیچ شتێك نەیانگۆڕێت، بەو شێوەیەش لە دیدی ئەو منداڵەدا، كچە هاوسێكە هەر وەكو خۆیەتی. وەك ئەوەی ئینگلیزەكان دەڵێن :_(خۆشەویستی ڕاستەقینە هەرگیز كۆتایی نایەت، ئەگەر كۆتایی هات، مانای وایە ڕاستەقینە نەبووە ). پەیوەندی ئەوا دوو كچ و كوڕە هاوسێیەش، چونكە لە منداڵییەكی پاكەوە، بە نیازێكی پاك و ڕاستەقینە دەستی پێ كردووە، ئیدی دابڕانی شاران و بەسەرچوونی تەمەن و ڕۆژگار، ئەوان لە بیری یەكتریی ناباتەوە، بەڵام ئەفسووس هەمان كەسەكەی جاران نین، بەڵكو قوتبی سپی، دەبێتە جێژووانی دوو سەری سپی، كە وابڕیاربوو بەیەكەوە سپی بكەن، نەك دابڕان و دووركەوتنەوە لە یەكتریان بكات، كە ئەمە هەمیشە چارەنووسی ئەو كەسانەیە، كە ڕاستەقینانە عشق دەكەن، كە دواجار بە ناكامی و دابڕان كۆتایی بە عشقی نیچوانیان دێت.

 

*ئەم بابەتە لە هزرو هونەری ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە (236) لە 11/12/2025 بڵاوكراوەتەوە.
         


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا