لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا (دراوسێ لاتینییەکەی) بەڕێوەدەبات، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان  دەستگیرکرد، چاوەکان چوونەتە سەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە و ئاستی بەرهەمهێنان و قەبارەی یەدەگەکەی.

لێرەدا کۆمەڵێک ڕاستی سەرەکی دەربارەی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا دەخەینە ڕوو:

١. یەدەگی نەوت

داتا فەرمییەکان دەریدەخەن کە ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن، کەمیی وەبەرهێنان و سزاکانەوە، بەرهەمهێنانە خاوەکەی تەنها بەشێکی زۆر کەمی تواناکەیەتی. پەیمانگای وزە لە لەندەن ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤەنزوێلا نزیکەی ١٧٪ی یەدەگی جیهانی لایە، کە دەکاتە ٣٠٣ ملیار بەرمیل، بەمەش لە پێش سعوودیەوە دێت کە پێشەنگی وڵاتانی ئۆپێکە.

وەزارەتی وزەی ئەمریکا دەڵێت یەدەگی ڤەنزوێلا زیاتر لە نەوتی قورس پێکدێت لە ناوچەی "ئۆرینۆکۆ" لە ناوەڕاستی وڵات، ئەمەش تێچووی دەرهێنانی زیاد دەکات، بەڵام لە ڕووی تەکنیکییەوە کارێکی سادەیە

 

٢. بەرهەمهێنان

ڤەنزوێلا یەکێکە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی ڕێکخراوی ئۆپێک لەگەڵ هەر یەک لە ئێران، عێراق، کوێت و سعوودیە.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕۆژانە ٣.٥ ملیۆن بەرمیلی بەرهەم دەهێنا، کە ئەو کاتە ٧٪ی بەرهەمهێنانی جیهانی پێکدەهێنا. بەڵام لە دەیەی ٢٠١٠دا بەرهەمهێنان بۆ کەمتر لە ٢ ملیۆن بەرمیل دابەزی و ساڵی ڕابردوو تێکڕای بەرهەمهێنانی گەیشتە ١.١ ملیۆن بەرمیل، واتە تەنها ١٪ی بەرهەمهێنانی جیهانی.

 

٣. پڕۆژە هاوبەشەکان

 

ڤەنزوێلا لە حەفتاکاندا کەرتی نەوتی بە نیشتمانی کرد و کۆمپانیای "پێترۆلیۆس دی ڤەنزوێلا"ی دامەزراند. دوای هاتنی هۆگۆ چاڤێز لە ساڵی ١٩٩٩، بڕیاردرا کە دەبێت ئەو کۆمپانیایە پشکی زۆرینەی هەبێت لە هەموو پڕۆژە نەوتییەکاندا. ڤەنزوێلا پڕۆژەی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک شیڤرۆنی ئەمریکی، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی چین، ئینی ئیتاڵی، توتاڵی فەرەنسی و ڕۆسنەفتی ڕووسی هەبووە.

٤. هەناردەکردن و پاڵاوتن

بۆ ماوەیەکی درێژ ئەمریکا کڕیاری سەرەکیی نەوتی ڤەنزوێلا بوو، بەڵام لە دەیەی ڕابردوودا و بەهۆی سزاکانەوە، چین بوو بە مەقسەدی سەرەکی. ڤەنزوێلا نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار قەرزاری چینە و قەرزەکانیشی بە نەوتی خاو دەداتەوە.

لە ئێستادا کە ترەمپ گەمارۆی خستووەتە سەر هەموو ئەو کەشتییانەی دەچنە ناو ڤەنزوێلا یان لێی دەردەچن، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە تا ڕادەیەکی زۆر وەستاوە. ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە کە چین نەوتەکەی دەستدەکەوێت بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە.

هەروەها ڕووسیاش ملیاران دۆلار قەرزی داوە بە ڤەنزوێلا. جێی ئاماژەیە ڤەنزوێلا خاوەنی کۆمپانیای "سیتگۆ"یە لە ئەمریکا کە توانایەکی زۆری پاڵاوتنی هەیە، بەڵام قەرزدەرەکان لە ڕێگەی دادگاکانی ئەمریکاوە کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی.

 

سەرچاوە: الشرق الاوسط

وتاری نووسەران