کۆڵۆمبیا هێزەکانی لەسەر سنوور جێگیر دەکات

 وڵاتانی ئەوروپا چاودێری دۆخەکە دەکەن

کاردانەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بۆردومانکردنی خاکی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات لە زیادبووندان، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند.

هەڵوێستی ڕووسیا و ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە یەکەم کاردانەوەیدا نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی و سەرکۆنەی ئەو "کردەوە سەربازییە دوژمنکارییە"ی ئەمریکای کرد بۆ سەر ڤەنزوێلا. ڕووسیا جەختی لەسەر کردەوە کە دەبێت ئەمریکای لاتین ناوچەی ئاشتی بێت و مافی گەلی ڤەنزوێلا لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەبێ دەستوەردانی دەرەکی بپارێزرێت. مۆسکۆ ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ پشتگیریکردنی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا.

لەلایەکی تریشەوە، ئێران سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکای کرد و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ڤەنزوێلای ناوبرد و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد دەستبەجێ هەڵوێستی هەبێت.

هەڵوێستی یەکەکێتی ئەوروپا: مادۆرۆ شەرعییەتی نییە

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند کە دۆخەکە لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێ کردووە. کالاس وتی: "بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەین، پێویستە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت.

کۆڵۆمبیا هێزەکانی لەسەر سنوور جێگیر دەکات

گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەسەر سنووری ڤەنزوێلا، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری لێشاوی کۆچبەران. 

پێترۆ هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر سەروەری ڤەنزوێلا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە بۆردومانەکە چەندین شوێنی گرنگی گرتووەتەوە، لەوانە کۆشکی گەل (پەرلەمان) و فڕۆکەخانەی کاراکاس.

قەدەغەکردنی فڕین

فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی ئەمریکا (FAA) دەستبەجێ ئاگادارییەکی بۆ هەموو فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان دەرکرد و تێیدا فڕینی بەسەر ئاسمانی ڤەنزوێلا و ناوچە کەنارییەکانی باکووری ئەو وڵاتەدا قەدەغە کرد، ئەمەش بەهۆی ئەو مەترسییانەی کە لە ئەنجامی چالاکییە سەربازییە بەردەوامەکان دروست بوون.

وتاری نووسەران