
ڕێگای کوردستان
دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی تەیف سامی لە وەزارەتی دارایی عێراق، کە قۆناغی کارکردنی بە گرژی و ململانێی توندی یاسایی و دارایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەڕێکرا، ئێستا بە دەستبەکاربوونی فالح ساری وەزیری نوێ، چاوەکان چوونەتە سەر کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بژێوی و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
چاودێرانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە چوار ساڵی داهاتوو دەکرێت دوو ئاراستەی جیاواز بەخۆیەوە ببینێت.
لە لایەکەوە، ئەگەر وەزیرە نوێیەکە پەیڕەوی زمانێکی نەرمتر و لێکتێگەیشتنی سیاسی بکات و حکومەتی هەرێم پابەندی ڕێکەوتنەکان بێت، پێشبینی دەکرێت پرۆسەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم سەقامگیریی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بووژانەوەی بازاڕ و کەمبوونەوەی بارگرانی ئابووری لەسەر شانی خەڵک.
لە لایەکی ترەوە، بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە گۆڕینی کەسەکان نابێتە هۆی گۆڕینی بنەڕەتیی سیاستەکان، چونکە وەزیری نوێش پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و جێبەجێکردنی پرۆسەی (تەوتین) دەبێت. بۆیە، ڕادەی گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵکدا بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی کۆتایی و ڕیشەیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان.
