
لە وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراودا لە دۆخی سیاسی ناوچەکە، سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرای دەکەن کە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی نێوان شاندێکی حکومەتی نوێی سوریا و دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات بە نێوەندگیری ڕاستەوخۆی ئەمریکا.
پێکهاتەی شاندەکان و وردەکاری کۆبوونەوەکە
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرەنۆت"ی ئیسرائیلی، شاندەکەی تەلئەبیب بەبێ سەرۆکێکی دیاریکراو بەشداری دەکەن، بەڵام کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو دامەزراوەی ئەمنی و سیاسی لەخۆدەگرن:
■ڕۆمان گۆڤمان: سکرتێری سەربازی سەرۆک وەزیران و کاندیدی مۆساد (نوێنەری لایەنی ئەمنی).
■یحیئیل لیتر: باڵیۆزی نوێی ئیسرائیل لە واشنتۆن (بۆ هەماهەنگی لەگەڵ کۆشكی سپی).
■گیل ڕایخ: کاربەڕێکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (بۆ کاروباری دیپلۆماسی).
لەلایەکی تریشەوە، سایتی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی پشتڕاستی کردووەتەوە کە شاندی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە، لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی کۆدەبنەوە و تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا، ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت.
ئامانجی دانوستانەکان
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە کە سوریا لە قۆناغێکی ڕاگوزەری هەستیاردایە. چاوەڕوان دەکرێت تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بریتین بن لە:
■دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان.
■چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان و هەژموونی وڵاتانی ناوچەکە لە سوریا.
■وەرگرتنی شەرعییەتی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی نوێی دیمەشق.
سەرنج؛
ئەحمەد شەرعی دوێنێ، گۆشتی جولەکەی دەخوارد، کەچی ئەمڕۆ لە پاریس خەریکی "ماچکردنی" دەستیانە؛ وەرچەرخانێکی کۆمیدی کە دەیسەلمێنێت مێزەرەکەی تەنها بۆ شاردنەوەی پڕۆژەی دەسەڵات بووە. سەیرە، کەسێک بە فەتوای "جیهاد" گەورە بووبێت، ئێستا بۆ مانەوەی، بە چوارپەل بۆ لای "شەیتانە گەورەکە" ڕادەکات!