
محەمەد چاوشین
ئەمڕۆ ٢٣ی نیسان، هاوکاتە لەگەڵ "ڕۆژی جیهانی کتێب و مافی کۆپیکردن" لە جیهاندا.
٢٣ی نیسان بۆ جیھانی ئەدەبیات، ڕۆژێکی سیمبوولیک و ڕەمزییە. لە ٢٣ی نیسانی ساڵی ١٦١٦ دا، ویلیام شکسپیر، شانۆنامەنووس و شاعیری بەناوبانگی ئینگلیزی و سێرڤانتێس، ڕۆماننووسی ناسراوی ئیسپانیا، کۆچی دواییان کرد.
بێگومان لەدایکبوون و مردنی چەندین نووسەری دیکەی وەک مۆریس درام و جۆزێف پێلا و ڤلادیمێر نابۆکۆڤ لەم ڕۆژەدا ڕوویانداوە، ھەربۆیە ئەم بابەتە وای لە یونسکۆ کرد کە گرنگییەکەی پشتگوێ نەخات و ٢٣ی نیسان لە مێشکی خەڵکی خوێنەردا بھێڵێتەوە. بۆیە ٢٣ی نیسانی ھەموو ساڵێک بۆتە ڕۆژی جیھانیی کتێب و مافی نووسەر.
لە کۆنفرانسی فەرمی خۆیدا لە پاریس لە ساڵی ١٩٩٥، ڕێکخراوی یونسکۆ بڕیاریدا ئەم ڕۆژە بۆ خۆشەویستان و ھۆگرانی کتێب و ھەروەھا ڕێزگرتن لە ھەوڵى نووسەران تەرخان بکات بۆ ھاندانی ھەموولایەک بە تایبەت گەنجان بۆ دۆزینەوەی خۆشی و چێژی خوێندنەوە و بۆ قەدرزانین و ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە لەھەموو سەردەمەکان و بەدرێژایی تەمەنیان ھەوڵیاندا ببنە مایەی پێشکەوتنی بوارەکانی کولتووری و کۆمەڵایەتی لەئاستی جیھانییدا.
بەم شێوەیە "ڕۆژی جیھانی کتێب و مافی کۆپیکردن" پێکھات و ئەو ڕۆژە دیاریکرا.
ساڵانە یونسکۆ بە ھاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھەوڵ دەدات سێ بەشە گرنگەکەی پیشەسازيی کتێب، واتە (چاپخانەکان) و (کتێبفرۆش) و (کتێبخانەکان) بە خەڵک بناسێنێت. جگە لەوەش شارێک وەک پایتەختی جیھانیی کتێب بۆ ماوەی ساڵێک دیاری دەکات و ڕادەگەیەنرێت.
بۆ ئەمساڵی ٢٠٢٣، شارێک لە وڵاتی"غانا" لەڕۆژئاوای ئەفریقا وەکوو پایتەختی جیھانیی کتێب دەست نیشان کردووە.
(ئۆدری ئازۆلای) ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی یونسکۆ، شاری (ئاکرای) لە غانا وەک پایتەختی جیھانیی کتێب لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕاگەیاند.
ئەو شارانەی کە وەک پایتەختی جیھانیی کتێب لەلایەن یونسکۆوە دەستنیشانکراون، پابەند دەکرێن بە بەرەوپێشبردنی کتێب و کتێبخوێندنەوە بۆ ھەموو تەمەن و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، چ لەناو سنوورە نیشتمانییەکان و چ لە دەرەوەی سنوورە نیشتمانییەکاندا بێت.
ساڵانە و لە ڕۆژی جیھانیی کتێبدا، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیھاندا چالاکی ھەمەجۆر بەڕێوەدەچن و بەشێوازی جۆراوجۆر ھەوڵ دەدرێت سەرنجی خەڵک بە ئاراستەی گرنگی و بایەخی کتێب خوێندنەوە ڕابکێشن.
بەڵام لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستاندا، بەداخەوە ھیچ چەشنە چالاکییەک بەو بۆنەوە ڕێک ناخرێت.
سەرەڕای ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان و ھەروەھا (بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان) ھەیە، بەڵام بەدرێژایی تەمەنی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بچووکترین ئاوڕدانەوە لە ڕۆژی جیھانیی کتێب نەبینراوە!.
ئەوەی ئێستا لەھەرێمی کوردستاندا بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی کتێب بەدی دەکرێت، تەنھا ھەوڵی تاکەکەسی و ھەندێک وردە نووسینی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و ھیچی تر!.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی لە ئێستای ھەرێمی کوردستاندا، چەندین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب ھەیە کە خزمەتی زۆریان بە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی باش و پڕ ناوەرۆک کردووە، بەڵام مخابن بۆ ڕۆژی جیھانیی کتێب ھیچ چەشنە چالاکییەک ڕێک ناخەن و ئەوانیش ئەو ڕۆژە گرنگەیان فەرامۆش کردووە!.
مەبەست لە تەرخانکردنی ڕۆژێک بۆ بەرز ڕاگرتنی کتێب و مافی نووسەر دەتوانین لەو خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە:
- ھاندانیھەموو لایەک و بەتایبەتی گەنجان بۆ دۆزینەوەی خۆشی و چێژی کتێخوێندنەوە.
- ڕێزلێنان و پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی کە ڕۆڵ و بەشدارییەکی کارا و گەورەیان لە گەشەپێدانی کولتووریی و بواری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ھەبووە.
- پشتگیرییکردنی گەشەپێدانی پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوە و ھاوکاری کردنیان.
- کارئاسانیکردنی بۆ ھەموو جیھانیان کە بێ ھیچ بەربەست و سانسۆڕێک بە ئازادانە دەستیان بە کتێبە جۆراوجۆرەکان ڕابگات.
- ڕاکێشانی سەرنجی ڕێکخراو و کۆمەڵە و دامەزراوە حکومی و تایبەتییەکان بۆ بایەخی کتێب لە ژیانی مرۆڤەکاندا.
- ھێنانەکایەیگفتووگۆیەکی بنیاتنەرانە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت لە بواری کتێبدا.
- پێداچوونەوەبە پێناسە و پێوەرەکانی ئێستای پەیوەست بە کتێب.
- پەرەپێدانی ھۆشیارییەکی ھەمەلایەن بۆ ڕێزگرتن و پابەندکردنی خەڵک لە مافی نووسەران و ماندووبوونیان، ھەروەھا خۆبواردن لە کۆپیکردنی بەرھەمی نووسەران بەشێوەی نایاسایی.
بەشێوەیەکی گشتی، بەکارھێنانی کتێب وەک ئامرازێک بۆ ئاشتی و بەدەستھێنانی زانست و زانیاری، ئاشنابوون و تێکەڵی کولتوورە جیاوازەکان، ھەروەھا ڕێزگرتن لە مافی نووسەران و داھێنەران لەو ئامانجانەن کە لە ناونانی ڕۆژی جیھانی کتێبدا لەبەرچاو گیراون.
سەرچاوەی بەشێکی ئەم باسە: