
هیوا عومەر
ئێمە لەبەردەم دەستدرێژی و پەتێکی دووسەرەداین، کە بیرکردنەوە لە تێپەڕاندنی هەردوو سەری پەتەکە، کارێکی ئاسان نییە. بەڵام ئەگەر تا دوێنێ لەژێر کاریگەریی موژدەکانی دەهۆڵی شەڕدا کەمێک سەرمەست کرابین، هێدی هێدی لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ و لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان، خەریکە جەوهەری قەیران و مەبەست و دەرهاوێشتەکانیشی ڕوونتر دەبێتەوە.
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، جارێکی تر جیهانی دابەش کرد؛ ئەمەش جۆرێک لە بلۆکبەندی لێکەوتەوە، تەنانەت لەناو خودی پارت و ڕۆشنبیرە چەپەکانیشدا. بەشێک لە هێزە مارکسیستەکان و ئەوانەی لە دەرەوەی بەرەی "بەرگری" یان "لیبرالیزم" وەستاون، وەک بەشێک لە شەڕێکی کۆنەپەرستییەکان دەیبینن: شەڕی نێوان "کۆنەپەرستیی مۆدێرن" (نیۆلیبراڵیزمی ئیسرائیل و ئەمریکا) و "کۆنەپەرستیی ئایینیی سیاسی" (تیۆکراسیی ئێران).
ناوەندێکی تری مارکسی، ئێران وەک وڵاتێکی ئیمپریالیستی نابینن، بەڵکوو وەک هێزێکی ناوچەیی دەیبینن کە دەیەوێت پشکی خۆی لە بازاڕ و هەژمووندا هەبێت؛ ئیسرائیلیش لە دیدی ئەوان، ئامرازێکی سەربازییە بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی سەرمایە و وزە بۆ ڕۆژئاوا.
گەڕانەوە بۆ سلاڤۆی ژیژەک، وەک یەکێک لە دیارترین فەیلەسووفە مارکسییەکانی سەردەم، لە ئاستی فیکرییەوە دەتوانێت کۆمەکمان بکات لەم بارەیەوە؛ لەگەڵ ئەوەی ئەو خاوەنی تێڕوانینێکی "تایبەت و ناکۆک"ـە، سەبارەت بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تێگەیشتنەکانی ئەو، لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی ئەو دۆخەیە، نەک کەوتنە داوی ئەم و ئەو.
ژیژەک دەڵێت: ئێمە لەبەردەم گێچەڵێکی دووسەرداین:
- سەری یەکەم: "لیبراڵیزمی ڕۆژئاوایی" (بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل) کە بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕێگەی ئابوورییەکی دڕندە و پاوانخوازییەوە جیهان وێران دەکات.
- سەری دووەم: "تەوژمە ئایینی و کۆنەپەرستەکان" (وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران یان حەماس) کە وەک "بەرگری" خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام لە جەوهەردا ڕژێمی تۆتالیتار و سەرکوتکەرن. واتە "ئەگەر یەکێک لەمانە هەڵبژێریت، دواجار هەر دۆڕاوین"، چونکە هەردووکیان پێویستییان بە یەکترییە بۆ مانەوە.
ئیسرائیل وەک "ئاوێنەی" ئێران
ژیژەک تێگەیشتنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە؛ ئەو دەڵێت ئیسرائیل لەژێر سایەی حکوومەتە ڕاستڕەوەکاندا (وەک نەتانیاهۆ) خەریکە دەبێتە "دەوڵەتێکی ئایینی" (Theocratic State) کە هاوشێوەی ئێرانە. واتە هەردوولا لەسەر بنەمای "ئایین و پیرۆزیی خاک" دەجەنگن، نەک لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون. بۆیە لە ڕوانگەی ژیژەکەوە، ئەم شەڕە ململانێی "شارستانییەت و بەربەرییەت" نییە، بەڵکوو بەریەککەوتنی دوو جۆرە لە بەربەرییەت.
ژیژەک ڕەخنە لەو چەپانەش دەگرێت کە تەنیا لەبەر ئەوەی ئێران دژی ئەمریکایە، پشتگیریی لێ دەکەن. ئەو بەمە دەڵێت "دژەئیمپریالیزمی گەمژانە". پێی وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزێکی کۆنەپەرستە کە هەموو بزووتنەوەیەکی چەپ و ڕادیكاڵی لە ناوخۆی ئێراندا لەناو بردووە.
لەبری ئەوەی بپرسین "ئایا پشتگیریی ئیسرائیل بکەین یان ئێران؟"، ژیژەک دەڵێت دەبێت بپرسین: "چۆن دەتوانین کۆتایی بەو سیستەمە بهێنین کە ئەم دوو جەمسەرە بەرهەم دەهێنێت؟" بەدیل لای ئەو، "سۆشیالیزمێکی نوێیە" کە تێیدا خەڵکی ناوچەکە (کورد، فارس، عەرەب، جوولەکە) لەسەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و مافە مەدەنی و سیاسییەکان بژین.
ژیژەک پێمان دەڵێت کە شەڕی نێوان تاران و تەلئەبیب، شەڕێکی ساختەیە بۆ شاردنەوەی قەیرانی ڕاستەقینەی سەرمایەداری. بەدیلی سێیەم لەناو موشەکەکاندا نییە، بەڵکوو لەناو ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەدایە کە لە ناوخۆی هەردوو وڵاتدا دژی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانیان دەوەستنەوە.
لە تازەترین وتاریدا لە ٢٥ی ئازاردا، کە لە ڕۆما لە کۆنفرانسی "ئەورووپا "دا پێشکەشی کرد، دەڵێت: "بەرەو کارەساتێکی جیۆپۆلەتیکیی جیهانی دەچین؛ ئیسرائیل و ڕۆژئاوای پێشکەوتوو، زۆرینەی 'دژەئیمپریالیست'ی جیهانی سێیەم، بە وڵاتانی وەک کۆریای باکوور و ئەفغانستانیشەوە. جێی سەرنج نییە کە ڕووسیا یەکەم وڵات بوو بە فەرمی دانی بە ڕژێمی تاڵیباندا نا. لەژێر چەتری خەباتی دژە کۆلۆنیالیزمدا، زۆرینەی ئەو وڵاتانەی مافەکانی ژنان و ئازادییەکان سنووردار دەکەن، کۆدەبنەوە. کێ ئێستا یادی دێتەوە کە تەواوی دەسەڵاتی ئێران بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە لەرزی دوای کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی؟"
لەم بارودۆخە نوێیەدا، ناڕەزایەتییە فێمینیستییەکان دەبنە ڕابردوو، و ئێمە خۆمان لە جیهانێکی پڕ لە هاوپەیمانیی نێوان "چەپڕەوەکانی" لایەنگری پوتین و ئیسلامییە توندڕەوەکاندا دەبینینەوە.
ئەو لەبارەی ئەوانەی دەڵێن یەکێتیی ئەورووپا مردووە یان لە سەرەمەرگدایە، بەرگری دەکات و دەڵێت: "لە ڕێگەی میراتی ئەورووپییەوە دەتوانین ئامرازە ڕەخنەییەکان بدۆزینەوە بۆ تێگەیشتن لەوەی چی هەڵە بووە. ئایا ئەوانەی دژی ئەورووپا وەستاونەتەوە، دەزانن کە خودی ئەو زاراوانەی لە ڕەخنەکانیاندا بەکاری دەهێنن بەشێکن لە میراتی ئەورووپا؟"
سلاڤۆی ژیژەک لە کۆتایی وتارەکەیدا، بانگەوازی کاری هەرەوەزی دەکات بە شێوازێکی هەماهەنگی جیهانی، بۆ ئەوەی بڕیاری بەکۆمەڵی ژیرانە بدەین بۆ چارەسەری پرسەکانی وەک (کەشوهەوا، ژیریی دەستکرد و هتد). دامەزراندنی وەها میکانیزمێکی نوێ گرێ دەدات بە گۆڕانکاری لە "شێوازی بەرهەمهێنان" بە مانا مارکسییەکەی؛ گۆڕانکارییەکە لە ئابووریدا چڕ دەکاتەوە کە کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر بازاڕدا بسەپێنێت. یەکێک لەو ناوانەی بۆ ئەم سیستمە نوێیە پێشکەشی دەکات و دەڵێت، ناوی "کۆمۆنیزم" نییە؟