
ئاژانسەکان
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، واشنتۆن مەرجی ئامادەبوونی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی لەپاڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی میونشن دیاری کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە ڕوونی بە دیمەشقی ڕاگەیاندووە، کە بەبێ بەشداریی مەزڵوم عەبدی، کۆبوونەوەکە بەڕێوە ناچێت.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم مەرجە و هەنگاوەی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ هێورکردنەوەی تووڕەییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی حکومەتی سووریا لەگەڵ کەمینەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.
لە هەمان کاتدا، لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی، هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری توندتری کردووە دژی دیمەشق، ئەویش لە ڕێگەی کاراکردنەوەی یاسای قەیسەر و خستنەڕووی پڕۆژەیاسای ڕزگارکردنی کورد، بە مەبەستی سەپاندنی سزای قورستر بەسەر حکومەتی سووریادا.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە بەپێی ڕێککەوتنی دوایی نێوان هەسەدە و دیمەشق، ڕێگە بە هێزەکانی هەسەدە دراوە چوار لیوای سەربازیی خۆیان لە ناوچەکانیان بهێڵنەوە و، لە هەمان کاتدا ڕێگری کراوە لە چوونەناوەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ ناو ئەو شار و شارۆچە کوردیەکان.