
زیرەک کەمال
من هیچ سەرەدەرێک لە وەرزش دەرناکەم و شتێکی ئەوتۆی لەنبارەوە نازانم. نەک هەرئەوە بەڵکو کوردەواری گوتەنی لەو بوارەدا هەڕەی لە بڕەی ناکەم و لەعەربەی دنکەکی تێناگەم و بشمخەنە ناو پڕوسەی تاقیکردنەوەی وەرزشی، دڵنیام لەسەر سەد سفر دەهێنم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجاران لە کاتی سەیرکردنی یاری تۆپی پێدا لەگەڵ کچ و کوڕ و نەوەوکانم و هاوڕێکانم حەسرەتم بۆ دۆڕانی تیپێک و چەپڵەشم بۆ سەرکەوتنی هەمان تیپ لێ داوە، بۆی هەیە تۆی خوێنەریش بپرسی ئەی ئەگەر وایە و هیچ لەبارەی وەرزش نازانیت چیت داوە لەم باسە؟ ئاخر چۆلەکە خۆت چی و گۆشتاوت چی؟ بەڵام من بۆیە لەو بارەیەوە دەمەوێ شتێ بنووسم، ئەو ڕۆژەی لەگەڵ دکتۆر کەیفی کوڕم و نەوەکانم لەدیار یاری (ئەتڵەتیکۆمەدرید و بەرشلۆنە) دانیشتبووم و لەو یاریەدا ئەتڵەتیکۆ سەرکەوت بەسەر بەرشلۆنەدا، (سان)ی نەوەم گوتی:یەک لەهۆکاری دۆڕانەکە ئەوەبوو یەک لەیاریزانە سەرەکییەکانی بەرشە بەهۆی پێکرانەوە نەیتوانی بەشداری یاریەکە بکات ، بەڵام دکتۆر کەیفی کوڕم گوتی: تیپێکی ئازا و چالاک و گەورە نابێت لە غیابی یەک یاریزاندا لە گۆڕەپانی یاری شکست بهێنێت، ڕاستی منیش هاوڕای بووم. دواتر کەیفی گوتی، بابە بۆچی گرنگییەکی ئەوتۆ بە وەرزش نادەی و وەکو پرسێکی پەراوێز سەیری دەکەی؟ گوتم: کوڕم من لەجوانی و گرنگی کاریگەری وەرزش لە ژیانی مرۆڤ تێدەگەم، بەس کە لە میدیاکان گوێبیستی ئەوە دەبم فڵان یاریزان بە ئەوەندە ملیۆن دۆلار یان یۆرۆیە کڕاوە یان فرۆشراوە، یەکسەر باڕاڕی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکانم بیر دەکەوێتەوە. دکتۆر کەیفی گوتی: ڕاستە هەمان بەزم و بازاڕە بەڵام بە جۆرەکی دیکە، ئەوجا ئەو بەزمە هاتیتە ناو زۆر مەجالی دیکە، ئەوەتا حزبەسیاسییەکانیش بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردندا دۆست و ئەندامی یەکتری دەکڕن؟ منیش گوتم: ڕاستە بەڵام جاران دنیای وەرزش پڕبوو لە ئاشتەوایی و ڕوحییەتی قبوڵکردنی بردنەوە و دۆڕان، زۆرجاریش سیاسییەکان بۆ کردنەوە گرێکوێرە و پتەوکردنی ڕایەڵەی نێوانیان بە یەکتریان دەگوت با بە ڕوحییەتی وەرزشی مامەڵە لەگەڵ یەکتری بکەین، بەڵام ئێستا وەرزش و سیاسەت هەردوولا خەریکی ئەوەن وەکو کۆمەڵێک تیپ تەنها یاری بردنەوە و دۆڕان بکەن وهیچی تر. بۆ بەدبەختیش من ماوەیەک لە خۆمەوە بوومەتە هاندەری ڕیاڵ و ناسکەی خێزانیشم هاندەرێکی سەرسەختی بەرشلۆنەیە، هەرجارێک ڕیال بدۆڕێت، ناسکە زڕدایکانە تاهێزی تیایە چەپۆکێکم پیادەکێشێت و دەڵێت توخوا ئەوەش تیپە تۆ هەتە؟ جارێکیشیان لە کاتی دۆڕانی بەرشە، ویستم بەئاستەم چەپۆکێکی پیا بکێشم، کەچی ناسکە پەنجەی ڕاوەشاند و گوتی: جارێکی تر کاریو وابکەی، یەک بەیەکی هەر بیست و پێنج ڕێکخراوی ژنان و ئافرەتانت لێ ئاگادار دەکەمەوە. خۆشتان دەزانن من ئازام و زوڵم قبوڵناکەم بۆیە بەناسکەم گوت مادام وایە حەواڵەی خوای بی.