
رێبین فەتاح
یەکێک لەو پرسانەی لەو ساڵانەدا، هەندێک لە کەس و ڕەوتە ئیسلامییەکان بە ئامانجی کەمکردنەوە لە بەها نیشتمانییەکان کاریان لەسەر کرد، لێڵکردنی چەمکی شەهید بوو. ئەوان کاریان لەسەر ئەوە کرد، شەهید تەنیا یەکێکە لە پێناو بیروباوەڕە ئایینییەکەی گیانفیدایی دەکات، نەک لە پێناو هەر بیروباوەڕێکی دی، بە نموونە گیانفیدایی لە پێناو نیشتمان و ئەوانی دی شەهیدبوون نییە. ئەوە لە دۆخێکدا بوو، کە لەوەتەی بەرەنگاری و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان هەیە، ناوی شەهید بۆ گیانبەخشانی نیشتمان بەکارهاتووە و خواستراوە.
ئامانجی ئەو لێڵکردنە، کەمکردنەوەیە لە نیشتمان و بەهاکانی، نیشتمان و پیرۆزییەکانی. زیاتر لەوەیش، ڕوانگە ئایینییەکە، کە بە سیاسەت و ئامانجی سیاسییەوە گرێدراوە، لەڕێگەی قەتیسکردنی شەهید لە گیانفیدایی ئایینی، لە بەهای ژیان و بەرپرسیارێتیی مرۆیی کەم دەکاتەوە. ئاخر ئەوانەی لە دەرەوەی بیروباوەڕی ئایینی گیانفیدایی دەکەن، پاڵنەرەکەیان بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەی مرۆییە.
ئێمە لەگەڵ دوو شێوە لە فیداکاری ڕووبەڕووین، فیداکارییەکی ئایینی؛ یەکێک لە پێناو پاداشتی دنیایەکی دیکە گیانی دەبەخشێت، لە بەرانبەر یەکێک کە دەشێت لە بنەڕەتدا باوەڕی بە ژیانی دوای مردن نەبێت و لەپێناو گۆڕین و باشترکردنی ئەو ژیانەی ئێستا تێیدا دەژین، گیانی دەبەخشێت. ئەو فیداکارییە، واتە قوربانی لە پێناو ئەوانی دیکە، بە پێچەوانەی فیداکاری ئایینی، کە قوربانییە لە پێناو بەدەستهێنانی سوود و پاداشت لەلایەن قوربانییەکە خۆی.
لە فیداکاری ئایینی دا، هەمیشە لە بەهای ژیان کەم دەکرێتەوە، مانا و هیوای مرۆڤ دەخرێتە سەر دنیایەکی دی، لەبەرئەوە ئەو کەسەی لە ڕوانگەی ئایینییەوە فیداکاری دەکات، زۆرجار نیشانەی بەهێزی نییە، بەڵکو ئەو یەکێکە لە ژیان و بەرپرسیارێتییەکانی ڕادەکات! ئەو فیداکارییە ئایینییە، لای نیچە، بەرهەمی ئەو ئەخلاقەیە کە بە "ئەخلاقی کۆیلەکان" ناوی دەبات.
لە بەرانبەر شەهیدێک کە لە پێناو گۆڕینی واقیعی ئەم ژیانە، وەک ئازادی، دادپەروەری یان نیشتمان فیداکاری دەکات، مرۆڤێکی ژیانویستە، بەهێزە و بەها و مانا بە ژیان دەدات. ئەو بەڕاستی یەکێکە لە پێناو ئەوانی دی قوربانی بەخۆی دەدات.
هەموو کات گیانبازی و شەهیدبوون لەپێناو ئەوانی دی، لەسەرووی فیداکاری و شەهیدبوونە لەپێناو پاداشتێک لە دنیایەکی دیکەدا. یەکەمیان مانا لەم ژیان و جیهانەدا دروست دەکات و دووەمیان بە دوای مانا لە ژیان و جیهانێکی نادیاردا دەگەڕێت.