
ڕێگای کوردستان
عێراق لە چاوەڕوانی لە دایکبوونی حکومەتێکی نوێدایە کە لە هەگبەکەی هیچی بۆ کورد تێدانیە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە بۆ متمانەبەخشین بەم کابینەو کوتلە کوردیەکانیش دەنگی پێدەدەن.
لایەنە کوردیەکان پێشوەختە پیرۆزباییان لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران کردو پشتیوانی خۆیان بۆی دووپاتکردەوە.
لایەنە کوردیەکان بەچەند وەزارەتێک بەشداری لە حکومەت دەکەن، ئەمڕۆش کوتلەکان دەنگی پێدەدەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانی چاودێرانە، ناوەڕۆکی کارنامەکەی زەیدییە کە بەپێی بەڵگەکان، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا فەرامۆش کراوە.
ڕەشنووسی کارنامەکە چەندین خاڵی جەوهەری پشتگوێ خستووە، لەوانە: دەرنەکردنی یاسای نەوت و گاز، جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ و چارەسەرنەکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
جگە لەمانە، هیچ پلانێکی ڕوون بۆ پارێزگای هەڵەبجە و پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە ئارادا نییە.
چاودێران هۆشداری دەدەن کە فەرامۆشکردنی ئەم خاڵانە دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی تەنگژەکان لە چوار ساڵی داهاتوودا.
ئێستا فشارێکی زۆر لەسەر نوێنەرانی کورد هەیە کە بۆچی بەبێ گەرەنتی و چەسپاندنی ئەم مافانە وەک مەرجی سەرەکی، متمانە بە کابینەیەک دەدەن کە لە کارنامەکەیدا بایەخی بە پرسە نەتەوەییەکانیان نەداوە. هەندێک لە ناوەندەکان بایکۆتکردنی پڕۆسەکە بە بژاردەیەکی دەستووری و باشتر دەزانن لەم قۆناغەدا.
