
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی، دەستگیرکردنی تیرۆریستێکی ڕاگەیاند کە بەشداری لە پرۆسەکانی لەسێدارەدانی ئەندامانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای کەرکووک کردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە،لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری، شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبارەکە لەناو خانوویەکی نیشتەجێبوون لە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک دیاریکرا و دەستگیرکرا.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە تێوەگلاوە لە چەندین کردەوەی تیرۆریستیدا، لەوانە بەشداریکردن لە لەسێدارەدانی سێ کارمەندی حەشدی شەعبی لە بازاڕی حەویجە لە ساڵی ٢٠١٥، جگە لە تێوەگلانی لە کردەوەی تیرۆرکردنی موختاری ناوچەیەک و تیرۆرکردنی ئەندازیارێک لە پارێزگای کەرکووک.
