
نیوز ڕووم
شاندێکی حزبی شیوعی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەبوو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، لەگەڵ نوێنەرانی ناوەندە توێژینەوەکانی حزبی شیوعی چین و حکومەتی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە،ئەمڕۆ پێنج شەممە ۱٨/٦/٢٠٢٦، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان بەڕێوەچوو.
ئامانج لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بوو لە بوارەکانی فکری، سیاسی و زانستی.
شاندەکەی حزبی شیوعی کوردستان جگە لە سکرتێر، پێکهاتبوو لە هیوا عومەر جێگری سکرتێر، بابا عەلی جەباری و هۆگر چەتۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و نەبەز مستەفا ئەندامی پەیوەندییەکانی ناوەندی. هەروەها شاندی لایەنی چینی پێکهاتبوو، لە جانگ جیانشین، جێگری کۆنسووڵی گشتی چین لە هەولێر و پڕۆفیسۆر ما سیاولین، ڕاگری پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی دەوروبەری دەریای ناوەڕاست (ISMR) لە زانکۆی زەجیانگی خوێندنی نێودەوڵەتی و پڕۆفیسۆر لیو ژۆنگمین، مامۆستا لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MESI) لە زانکۆی شەنگەهای بۆ خوێندنی نێودەوڵەتی و پڕۆفیسۆر دینگ لۆنگ، جێگری بەڕێوەبەر و مامۆستا لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زانکۆی شەنگەهای بۆ خوێندنی نێودەوڵەتی و دکتۆر لی مینگبۆ، جێگری بەڕێوەبەر و ئەمینداری گشتی پەیمانگای گوانگجۆ بۆ ناوچەی کەنداوی گەورەو سۆن ئیزێ، دیپلۆماتکار لە کۆنسووڵخانەی چین.
لە دیدارەکەدا بە وردی باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە بوارەکانی توێژینەوەی زانستی و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و داڕشتنی سیاسەتی گشتی کرا. هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی هەماهەنگی فکری و کاری هاوبەشی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و ئەو ئاڵنگارییانەی کە بەهۆی هەژموونی سەرمایەدارییەوە دەخرێنە سەر ناوچەکە.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی چین لە ساڵانی دواییدا گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامییان هەیە.


