
لە شاری سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان حزبی شیوعی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەڕێوەچوو.
ڕۆژی دووشەممە، ۲۳ی ئادارى 2026، هاوڕێیان ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و هیوا عومەر جێگر سکرتێر و سوبحی مەهدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و عوسمان زیندانی و فاخیر شەهید زاهیر ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان، پێشوازییان لە وەفدێکی باڵای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان کرد، بە سەرۆکایەتی هاوڕێ عوسمانی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی دۆستانەیان ئەنجامدا و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، تەرخانکرا بۆ تاووتوێکردنی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە. بەتایبەتی هەردوولا بە وردی هەڵوەستەیان کرد لەسەر دواین پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکە و مەترسی و لێکەوتەکانی شەڕی نێوان بەرەی (ئەمریکا - ئیسرائیل) لە لایەک و (ئێران) لە لایەکی ترەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزب کرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی هەماهەنگی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددیاتانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی کوردستان دەبنەوە لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا.