
ڕێگای کوردستان
لە دوای ڕاپەڕینەوە، دیاردەی زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی پێگەی هۆز و عەشیرەتەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئەم هێزە کۆمەڵایەتییانە کە لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی سیاسی و بەرژەوەندیی تایبەت پاڵپشتیکران، ئێستا گەیشتوونەتە ئاستێک کە لە زۆر شوێندا جێگەی دامەزراوەکانی حکومەت و سەروەریی یاسایان گرتووەتەوە.
لە ئێستادا دیوەخانی عەشیرەتەکان بوونەتە جێگرەوەی هۆڵەکانی دادگا و سیستەمی خوێنبایی و سوڵحی عەشایەری جێگەی سزای یاسایی گرتووەتەوە.
چاودێران پێیان وایە، ئەم واقیعە نوێیە وایکردووە کە زۆرجار بکوژ و تاوانباران، لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی سزای دادپەروەرانە ببنەوە، لە ڕێگەی ڕێککەوتنی خێڵەکییەوە ئازاد بکرێن.
مەترسییەکی نوێ و جددی لە ئێستادا سەریهەڵداوەو پێویستی بەچارەسەر هەیە، لە هەندێک ناوچەدا دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە جۆرێک هێندەی نەماوە بەهۆی کێشەکانی یەکلاکردنەوەی سەرۆک هۆز و ململانێی ناوخۆیی خێڵ و عەشیرەتەکان، ئاڵۆزیی گەورەی ئەمنی درووست بێت و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەتەواوی تێکبدرێت.
ئەم ململانێیانە نەک هەر یاسا، بەڵکو سەقامگیری ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانیشیان خستووەتە ژێر هەڕەشەوە.
چاودێران دەڵێن، کاتێک ڕۆڵی حکومەت و سەروەریی دادگا لاواز دەبێت، عەشیرەت وەک حاکمی ڕەها خۆی دەسەپێنێت. ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر پایەکانی دەوڵەتداری دروست دەکات و بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی لەبەردەم یاسادا بەرەو هەڵدێر دەبات، چونکە کۆمەڵگە لە سایەی یاساوە دەگوازرێتەوە بۆ حوکمی هێز و پەیوەندییە خێڵەکییەکان.
چاودێران جەختی لەسەر دەکەنەوە، هەر دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم بەرپرسن لەم دۆخەی ئێستاو هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.
