
زۆرجار گه‌شه‌ی كه‌لتوریی كۆمه‌ڵگایه‌ك به هه‌ندێك وشه‌دا ده‌ناسرێته‌وه كه له نیگای یه‌كه‌مدا سه‌رنجمان نه‌داونه‌تێ. واته وشه هه‌یه، ته‌نیا وشه‌یه‌كی ئاسایی نییه به‌ڵكو نیشانه‌یه، با بڵێین نیشانه‌ی نه‌خۆشییه، یان به زمانی ده‌روونشیكاری "سه‌مپتۆم"ـه. سه‌مپتۆم، واته گرفته‌كانی كۆی دیارده‌یه‌ك له به‌شێكی ئه‌و دیارده‌یه‌دا چڕبوونه‌ته‌وه. به مانایه‌كی تر، سووچێكی شته‌كه و دیارده‌كه ده‌له‌قێت، نه‌ساغه. زامێك به‌سه‌ر له‌شه‌وه، نیشانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك گرفته له شوێنی تری له‌شدا نه‌ك ئه‌و جێیه‌ی زامه‌كه به‌ته‌نیا. جا له كه‌لتوری ئه‌مڕۆماندا و له پانتایی ڕۆشنبیری دا، زوو زوو وشه‌ی "گله‌یی" و "شایه‌تی" ده‌بیستین. دوو وشه كه پتر سه‌ر به نه‌ریته پێشمۆدێرنهكهن، به خێڵ و دینه‌وه؛ كه‌چی ڕۆڵێكی ڕۆشنبیریی دیكه ده‌گێڕن كه جێی گومانه. ئه‌م گومانه، خۆی ڕۆڵی سه‌مپتۆم (نیشانه‌ی نه‌خۆشی) ده‌به‌خشێته هه‌ردوو وشه‌كه. چۆن؟
ئه‌مڕۆ له‌بری ئه‌وه‌ی بگوترێت ڕه‌خنه‌م یان ڕه‌خنه‌یان له فڵانه كتێب و وتارت هه‌یه، ده‌ڵێن گله‌ییمان هه‌یه. وه‌ختێكیش ده‌یانه‌وێت بڵێن كاری فڵان كه‌س باشه و فیسار ڕه‌نجی تیا خهساركردووه، ده‌ڵێن شایه‌تی ده‌ده‌م كاره‌كه‌ی باشه. لێره‌دا دوو وشه‌ی كۆنمان هه‌یه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دوو ساتی ڕۆشنبیری كه دوو ڕووی دراوێكن: پرسی باش و خراپ له ڕه‌خنه‌دا.
ئێمه له‌بری ئه‌وه‌ی له پانتایی ڕۆشنبیرییماندا ڕه‌خنه وه‌ك ڕه‌خنه درووستبكه‌ین، و بینێرینه فه‌زای گشتی؛ له‌ژێره‌وه ورتهورتمانه، گله‌یی ده‌كه‌ین، قسه‌كانمان ده‌خۆینه‌وه. به‌و دیوی تریشدا، له‌جیاتیی ئه‌وه‌ی ڕووی گه‌شی كارێك ده‌ربخه‌ین، و به‌رچاوی خوێنه‌ران ڕوونبكه‌ینه‌وه؛ دێین له جاڕدانێكی ئاكاریی تاكه‌كه‌سی دا شایه‌تی ده‌ده‌ین فڵانه كار باشه. ئه‌م دوو چركه‌ساته، دوو چركه‌ساتی كێشهدارن كه ده‌ریده‌خه‌ن پانتایی ڕۆشنبیرییمان به گه‌شه‌ی سرووشتیی خۆیدا نه‌ڕۆیشتووه. گله‌یی له‌بری ڕه‌خنه‌ی بابه‌تی، گوزارشته له‌وه‌ی ڕه‌خنه هێشتاش تراومایهكه له‌نێوان خوێنه‌ر و نوسه‌ر-وه‌رگێڕدا. واته بۆ ئه‌وه‌ی گوژمی ڕه‌خنه كه‌مبكرێته‌وه، وشه‌ی گله‌یی به‌كاردێت كه تۆنێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌رمتر و میهره‌بانتری هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه ڕه‌خنه شتێكی دڕندانه‌یه، به‌ڵكو نه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تییمان وه‌ك پێویست نه‌خستووه‌ته به‌ر ڕۆشنایی هه‌ڵسه‌نگاندن. ده‌شێت هۆی ئه‌مه‌ش ئه‌و گومانه خۆكرده كه‌لتورییه بێت كه ئه‌وانیتر به‌ویژدانه‌وه شته‌كه نانرخێنن. یاخۆ، هێشتا له ڕیشه‌كانی عه‌یبه و عار و ئابڕوو پاكنهبووهتهوه. دیاره ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌ی ڕووت نییه و مایه‌ی تێگه‌یشتنه. گله‌یی كه گیرخواردنی ڕه‌خنه‌یه له‌نێوان پانتایی سوبێكتیڤ و ئۆبێكتیڤدا، ئه‌و سه‌ری تری پرسیارێكیشمان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه كه بۆچی ڕه‌خنه‌كان هێند توندوتیژ و بێزراون؟ مه‌به‌ستم ئه‌و ئاوڕدانه‌وه پچڕپچڕانهیه كه بارگاوییه به زه‌بروزه‌نگێكی نائاسایی. واته گه‌ر له‌م سه‌ره‌وه گله‌یی جێی ڕه‌خنه‌ی گرتووه، ده‌بێت له‌و سه‌ره‌وه چاوه‌ڕێی پێچه‌وانه‌كه‌ی بیت (شتێكی وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌پێنراو له كۆی پانتایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری دا).
بۆ شایهتییش، هه‌مان بونیاد كارده‌كات. كاتێك خوێنه‌رێك له‌ژێر ناوی شایه‌تی دا، به‌رگری له به‌رهه‌مێك ده‌كات ئه‌وا شتێكی زیاتر له "فیدباك" ده‌ڵێت. له‌ڕووی دابه‌شبوونی ئابوریی حه‌قیقه‌ته‌وه گه‌ر گله‌یی شتێكی كه‌متر بڵێت، ئه‌وا شایه‌تی شتێكی زیاتر ده‌ڵێت: له گله‌یی دا خۆیشمان كه‌مێك له ڕه‌خنه‌كه دادهشكێنین، چونكه خۆیشمان سه‌ر به‌و كه‌لتور و سووڕه كهلتورییهین. له شایه‌تی دا، كه‌مێك زیاتر خۆمان ده‌خه‌ینه قوماره‌وه و ده‌بینه شاهێدی زیندووی ڕاستییه‌ك كه ناچارین بهرپرسیارییهكهشی هه‌ڵبگرین. به ده‌ربڕینێكی كه‌مێك جیاوازتر، له گله‌یی دا تۆزێك له ڕاستی ده‌خۆین و ده‌خۆینه‌وه؛ به‌ڵام له شایه‌تی دا كه‌مێك زیاتر مل ده‌نێین بۆ دركاندنی ڕاستی. ئاشكرایه له یه‌كه‌میاندا، ڕووبه‌ره كهسێنییهكه كهسییتر ده‌كه‌ینه‌وه؛ به‌ڵام له دووه‌میاندا له‌بری بابهتیكردنهوهی ڕووبه‌ری كه‌سێنی، كه‌چی هه‌ر له‌ناو ڕووبه‌ری كهسێنیی خۆماندا جۆرێك ڕووبه‌ری بابه‌تییش ده‌كه‌ینه‌وه كه پێموایه هه‌نگاوێك له‌وه‌ی یه‌كه‌م زیاتر ڕۆیشتووه. قوربانیی هه‌ردوو دۆخه‌كه‌ش، له‌دایكبوونی پانتایی بابه‌تییه كه ڕه‌خنه وه‌ك هه‌لومه‌رجی درووستبوونی شته‌كان بناسین.
له مه‌رگی فارووق ڕه‌فیقدا، دیسان هه‌ستمان به‌م كێشه‌یه كرده‌وه. ئه‌وه‌ی كه گله‌یی و شایه‌تی، له‌ژێر ناوی تردا دیسان بهرههمهاتنهوه. به‌ڵام به حوكمی ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه مردن بوو، ئیدی له‌ڕواڵه‌تدا ڕووبه‌ری سێیه‌میش كرایه‌وه كه بێده‌نگی بوو له ئاستی مردن‌دا. به‌ڵام پرسیارێك لێره‌دا دێته‌ئاراوه: ئاخۆ بێده‌نگییه‌كه هه‌ر به‌ڕاستی ڕووبه‌ری سێیه‌م بوو؟ ئاخۆ ئه‌ویش له فۆرمی خۆیدا و به‌پێی كه‌سه‌كان، هه‌ر جۆرێكی تری گله‌یی و شایه‌تی نه‌بوو؟ واته بێده‌نگی خۆیشی زمانێك و هه‌ڵوێستێك نه‌بوو؟ بێده‌نگی، ئه‌وده‌م ده‌بێته بێده‌نگییه‌كی ته‌ندرووست كه پێشتر له دووانه پاتۆلۆژیكهكهی گله‌یی و شایه‌تی قوتارمان بووبێت. ئه‌م پرسیارانه قه‌یران و ته‌نگژه بۆ ئه‌و گریمانه‌یه درووستده‌كه‌ن كه ڕووبه‌ری سێیه‌م بووبێت. به‌كورتی، ڕه‌نگه ڕووخساری وشه‌كان بگۆڕێت به‌ڵام بونیادی كێشه‌كه به‌رهه‌مدێته‌وه.
له‌كۆتاییدا، پێویسته كه‌لتوری ئێمه له‌وه تێبگات كه دواخستنی ڕه‌خنه خۆی ئازاری زیاتره له خودی «ڕه‌خنه». ئه‌و شته‌ی كه دوایدهخهین، تارماییه‌كه‌ی له خۆی زلتر ده‌بێته‌وه. وشه‌ی گله‌یی و شایه‌تی، شتانیك نین له كه‌لتوره‌كه بكرێنهدهرهوه؛ ته‌نانه‌ت له پانتایی ڕۆشنبیرییش هه‌ر ناچنه‌ده‌ره‌وه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه جێی ڕه‌گه‌زی له خۆیان سه‌ره‌كیتر نه‌گرنه‌وه. ئه‌مه‌ش به‌وه ناكرێت ده‌موچاوی وشه‌كان بگۆڕین، به‌ڵكو ده‌بێت له پرۆسه‌یه‌كدا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان بگۆڕدرێت. گه‌ره‌كه ڕه‌خنه وه‌ك دیارده‌یه‌كی كه‌متاكوت ته‌ندرووست له‌ودیوی گله‌یی و شایه‌تییه‌وه بڕسكێت تاكو هه‌ستبكه‌ین له كۆمه‌ڵگادا ده‌ژین به مانا مۆدێرنه‌كه‌ی.
