رەزا شـوان

 

(ران بـۆسـێـلـیک) ناوی خـوازراوی وێـژەیی، کـەڵـەنـووسـەری بەنـاوبـانگی وێـژەی منـداڵانی بولگاری و جیهـانییە. ناوی راستیی (گـێـنچـۆ سـتانچـێـڤ نـێـژێـنـتـسۆڤ) ە. 
ران بۆسـێلـیک لە (٢٦/ سێپتەمبەر/ ١٨٨٦) لە شاری (گابـرۆڤـۆ)لە کۆمـاری گەلیی بولگاریا، لە خـێزانێکی هـەژار لەدایکـبووە. تەمەنی بـۆسێـلیک (٧) ساڵ بـوو، باوکی کۆچی دوایی کرد. ناچاربووە لە منداڵییەوە لەلای خـزم و ناسیاوەکانیانـدا کار بکات. تا بژێوی ژیـان و پارەی کـڕینی جـلوبەرگ و پێـداویستییەکانی قـوتابخانەی دابـین بکات.

ران بۆسێلیک، دوو برا و دوو خوشکی هەبوو. براکانی زۆر زیرەک و ئەکادیمی باڵا بوون.برا گەورەکەی دکتۆر (هـریستۆ نێژێنتسۆڤ: ١٨٨١ ـ ١٩٥٣) پرۆفـیسۆرێکی پێـداگـۆژی بـوو. برا بچـووکەکەشی دکتۆر (نـیکـۆلا نێـژێـنـتـسۆڤ: ١٨٨٨ ـ ١٩٤٣) زانـای فـیزیـا و کەشـناسی بـوو. 
دایکی چـیرۆکخوانێکی زمان شـیرین بـوو. هـۆگـری فـۆلکـلۆر و هـۆنراوە و چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانبـوو. کاریـگەری لەسـەرران بۆسێـلـیکی کوڕی هەبـوو. لە تەمەنێکی بچووکەوە، کوڕەکەی بە زارەکی، بە خۆشـەویستـیی فـۆلکلـۆر و هـۆنـراوە و چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان ئاشنا کـرد. کەدواتـر بۆ ران بۆسێلـیک بـوون بە ئـیلهـام بۆ داهـێنان و نووسینی بە دەیان چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـداڵانی بولگاریـا، کە تا ئەمـڕۆش نەوەی نـوێی بـولگاری چـێژ و خـۆشی و سـوود لە چـرۆکەکـانی وەردەگـرن.
ران بـۆسـێـلـیک، لە ساڵی (١٩٠٤) دا، لە شاری گابـرۆڤـۆ، لە قـوتابخانەی ئامادەیی ئەپـریـلۆڤـسکا دەرچـوو. لە هـەمـان ئامادەییـدا، وەک مامۆستا لە (١٩٠٤ ـ ١٩٠٨) وانەی وتووەتەوە. لە ساڵی (١٩٠٨ ـ ١٩١٠ ) لە (زانکۆی سۆفیا) فیلۆژی و یاسای سلاڤی خوێنـدووە.لە ساڵی (١٩١٦) لە (زانکۆی برۆکـسل) لە بەلچـیکا، بـڕوانامەی دکـتۆرای لە یاسـادا وەرگـرتـووە. بـۆ ماوەیـەک وەک پارێـزەر کـاری کـردووە. بـەڵام خۆشـەویستـیی بێ ئەنـدازەی بـۆ منـداڵان و خـولـیای گـەورەی بـۆ نـووسینی وێـژەی منداڵان. وایان کرد، کە بە یەکجاری واز لە کاری یاسایی بـهـێنێـت. بە تەواوی رووی لە جیهـانی ئەفـسوونـاوی منـداڵانکـرد.زیـاتـر لە (٥٠) سـاڵی ژیـانی بـۆ نـووسـینی هـۆنـراوە و چـیرۆکی ئەفـسانەیی و پەخـشان بـۆ منـداڵانی بـولـگاریـا تەرخـان کـرد.

بـێگومان منـداڵان سەرەڕای پێویـستییان، بۆ هـەوای پاک و خـۆراک و خـواردنەوە و یـاری و دەرمـان و چـاودێـری جـەسـتەیی و دەروونی، پێـویـستیـشیان بە پـەروەردەی دروست و بە پەرەپێدانی کارامەیی و هـزریش هەیە. پێویستییان بە تێرکردنی ئەندێشە و بە جوانی خۆیان هەیە. کە تەنیا لە رێگەی وێـژەوە بەدەستیاندەهـێنن. بۆیە وێژەی منـداڵان پێویستییەکی گرانبەهـایە. شتێک نییە کە منـداڵانی لێ بێـبەش بکـرێـت. بەڵکو پێویستییەکی پێویستە بۆ بنیاتنان و گەشەکردنی کەسایەتییەکی دروست و هـاوسەنگی منداڵان. بۆیـەران بۆسێلیک وێـژەی منـداڵان بە پێویستییەکی گرنگ دەزانێ. دەڵـێت:"وێـژە بۆ منـداڵان، وەکو شـیری دایک و هـەوای پاک وایـە، کە پێویـستە هـەبێـت". 
ران بۆسێلیک ساڵانێک وەک سەرنووسەر و بەڕێوەبەر، لە چەند گۆڤارێکی منداڵان و رۆژنامەدا کاری کـردووە. سەرەتا لە گۆڤاری (فـایەر فـلای) دەستی پێکـرد. لە هەمان کاتـدا لە رۆژنامەی (ڤـرابـچی) و لە گـۆڤـاری (دێـتـسکا رادۆسـت) کە یەکـێکە بوو لە بڵاوکـراوە بەنـاوبانگەکـانی منـداڵان لە بـولگاریـا، لەو کـاتـەدا. سەرنـووسەر گۆڤاری (خۆشی منـداڵان) بـوو، کە لە دەزگای (هـیمـۆس) بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە دەردەچـوو.
بـۆ مـاوەی (٢٥) سـاڵ لە ( ١٩٢٣ ـ ١٩٤٨) لـەم کـارەیـدا بەردەوام بـوو.گـۆڤـاری خۆشی منداڵان، لە دوای گۆڤاری فایەر فلای، دووەم درێـژترین گۆڤاری منداڵان بـوو.
بە دڵنیاییەوە دەتوانین بـڵێین (خۆشی منـداڵان) لە قۆناغی نێوان جەنگەکاندا، گۆڤاری ران بـۆسـێـلیک بـوو. 
ران بـۆسێـلیک، بە نـووسینی هـۆنـراوە بۆ منـداڵان دەستی پێکـرد. یەکەم هـۆنـراوەی 
بە ناوی (نا کۆشـیشکا)بۆ خوێنـدکارە منـداڵەکانی نووسی و لە ساڵی (١٩٠٦) دا، لە گۆڤاری (سـڤـێـتـۆلکا) دا بڵاوی کردەوە. کە خۆی جێگـری سەرنووسەری ئەم گۆڤارە بوو. تا ئەمـڕۆش ئەم هـۆنـراوەیەی بابەتێکە لە پەرتـووکی خوێندنەوەی بولگاری بۆ قوتابیانی بنەڕەتی. ران بۆسێـلیک بە دەیان چیرۆکی ئەفـسانەیی و هـۆنراوەی جوانی بۆ منداڵانبە زمانێکی ئاسان و شیرین و روون و رەوان، بە وێنەوە و بە دیزاینێکی جـوان، لە گۆڤـارەکـانی منـداڵان و لە پەرتـووکـدا بـڵاویـانی کـردوونـەتەوە، کە خـۆی سەرنووسەریان بوو. بە هـۆی کارەکانـییەوە، سەدان بەرهـەمی نووسەرانی منـداڵانی بولـگاری و بیـانی دەرکەوتـن و نـمایش کـران. بە تایبـەتـیش لە ساڵانی بـیـستەکان و سییەکانی سەدەی بـیستەمدا، کەبە (سەردەمی زێـڕینی وێـژەی منـداڵان) ناودەبرێـت.
ران بۆسـێـلیک، نـیشـتمانپەروەێکی دڵـسۆز بـوو. كـۆمەڵـێک هـۆنـراوەی نیـشـتـمانی نووسیون. کاتـێک کە لە بەلچـیکادا، خوێنـدکاری دکـتۆرا بـوو، تامەزرۆی بولگاریای نیشـتمانی و ئازیـزانی بوو. هـۆنـراوەی (یا کازی می، ئۆبلاجی لی، بیالـۆ)ی نووسی. 
کە تا ئەمـڕۆش بـووە بە هـێـمایەک بۆ کـۆچـبەرانی بـولگاری.

ران بۆسێـلـیک هـۆزانـڤـانێکی گەشـبـین و دڵـشاد و دەم بە پـێکەنین و گـۆرانی بـوو. هـاوڕێی هەمیشەی منـداڵان بوو (یاری، دەی با یاری بکەیـن، خۆشی، سێ سامانـن). منـداڵان وەک هـاوڕێیـەکئ نـزیکـیان، لـێی تێـدەگەیـشـتـن و زۆر خـۆشـیان دەویـست.
ران بۆسێلیک لە ساڵی (١٩٠٨) دا. رادیۆی بەکارهـێناوە. شایانی باسیشە بۆسێلیک یاریـزانێکی لەشجـوانی بـوو. لە هـۆڵی وەرزشـیـدا، راهـێنانی دەکـرد. 
ران بۆسێلیک بەهـرەیەکی ناوازەی هەبوو.لە سەردەمەکەیدا باشترین چیرۆکنووس و هـۆنـراوەنـووس وزامانـزان و وەرگـێڕ و داهـێـنەری بواری وێـژەی منـداڵان بـوو. بەبەپـێـشەنـگ وبە بەنـاوبـانگـتریـن نـووسـەری وێـژەی منـداڵانی بـولـگاریا ناسـراوە.
ران بۆسێلیک، لە ساڵی (١٩٢٨) یەکەمین سەرۆکی (کۆمەڵەی نووسەرانی منداڵان) بـوو. تا ساڵی (١٩٤٤) چەنـد جارێکی تر بە سەروکی ئەم کۆمەڵەیەهـەڵـبژێـرایەوە.
ئەنـدامێکی چالاکی (یەکـێتی نووسـەرانی بـۆلگاریا) بـوو. یەکـێکە لە دامەزرێنەرانی پەرتـووکی منداڵانی بولگاریا.کە بەشێوەیەکی هـونەریی نـۆێ دیـزاین و چاپکـراون.
ران بۆسێلیک، باشترین وەرگێڕی بولگاریا بوو. چەندین بەرهـەمیکلاسیکـی جیهانی بـۆ منـداڵان و نـەوجـەوانـان، لـە زمـانەکـانی تـرەوە وەریـانـیگـێـڕان بـۆ سـەر زمـانی بـولـگاری. وەک چـیرۆکەکانی: بـرایـانی گـریـم، مـارک تـویـن، پـۆشکـین، تـشیخـۆف، هـۆمـیرۆس، تـۆڵـستـۆی و ئەستریـد لـینـدگـریـن. سەرەڕای چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی نەتەوە جیاوازەکان، کە چیرۆکێکی زۆری لێیان وەرگـێڕاون بۆ سەر زمانی بـولگاری.
بەشێوازێک وەریانیگێڕاون و دەستکاری کردوون و بەرگێکی بولگاری لەبەرکردوون. تا چـێژێکی خۆشتر بە منـداڵانی بولگاریا ببەخـشن. بۆسێلیک چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی سکانـدیـناڤـیایی، رووسی، ژاپـۆنی، هـیـندی، بە زمـانی بـولـگاری لێکـداونەتـەوە.دوا پەرتووکی وەرگێڕانی، پەرتووکێکی نووسەری سویدی، خاتوو (ئەستریـد لینـدگرین) ە، بە ناوی (کارلسۆن لە سەربانە)، لە (١٩٥٥) دا وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی بولگاری. 
ران بـۆسێـلـیک، چەنـد نـووسـەرێک و ێنـەکـێـشی بەنـاوبـانگی بـولگـاری هـانـدان بـۆ ئەوەی روو لە جیهـانی وێـژەی منداڵان بکەن و بۆ منداڵان بنووسن. لەوانە: ئـەنگـێل کرالـیچـیـف، کالـیـنا مالـیـنا، ئەلـیزا باگریانا، دۆرا گابی، گۆرگی ئەتاناشـۆڤـە،... هـتد.
ران بۆسێلیک، زیاتر لە (٦٠) پەرتووکی چيرۆک و هـۆنراوە و پەخـشانی سەرواداری بـۆ منـداڵان نووسـیون یان وەریـانی گـێڕاون بـۆ سـەر زمـانی بـولگاری. کە تا ئەمـڕۆ چەنـدیـن جـار بە دیـزاینی جـوانتر دووبـارە چاپکـراونەتەوە. بەشێکی زۆری چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی، وەریانگـێڕاون بۆ سەر زمـانەکـانی: فـەرەنسی، ئنگـلیزی، رووسی، چـیکی، پـۆڵـەنـدیو عـەرەبی.
ران بۆسێـلیک، لە پەرتووکەکانیدا بۆ منـداڵان، چەنـد خەڵاتێکی بولگاری و نێودەوڵەتی بەدەستهـێنا، لەوانە: (خەڵاتی پەیمانگای وێـژە ـ بی ئەی ئێس). لە ساڵی (١٩٣٢) شدا، لە پـێشانگای دووەمی نێـودەوڵەتی بۆ پەرتـووک ـ لە بـرۆکـسل (خەڵاتی شـومـاخـەری) نێـودەوڵـەتی، لـە پەرتـووکی (پـاکـیزەیـەک هـێـشـتا لەدایـک نەبـووە) بـەدەستهـێـنا. کە چـیرۆکێکی ئەفـسانەییە بـۆ منـداڵان و مێـردمنـداڵان.
ران بۆسێلیک لە (٨/ ئۆکـتۆبەر/١٩٥٨) لە سـۆفـیای پایتەخـتی بولگاریا کـۆچی دوایی کرد. وەک رێزلێنانێک بۆ خزمەتی پیرۆز و ناوازەی ئەم کەڵەنووسەری وێژەی منداڵان، لە زێـدی لەدایکـبوونی، لە شاری گـابـرۆڤـۆ،مـۆنـۆمێـنـتـێکیشایستەی ران بۆسێلـیک دروستکراوە. قوتابخانەیەکی بنەڕەتیش بە ناوی قـوتابخانە (ران بۆسێلیک) ەوەنـراوە. شەقـامێکـی سەرەکـيش لە شاری سـۆفـیا بە نـاوی شەقـامی ران بـۆسـێلـیکەوە نـراوە. 

ران بۆسێـلـیک لە هـۆنـراوەیـەکـیدا بـۆ منـداڵان، لەژێـر نـاوی (رۆدانـا سـترایـاهـا) دا، بەو خانووە بچکۆکەدا هەڵدەدات کە لەگەڵ خێزانەکەیەدا منداڵیی تێدا بەسەر بردووە و لە سایەی نـازی دایکـیدا ژیـاوە. لە بەردەمـیدا، لەگەڵ هـاوڕێکانیـدا یاریـیان کـردووە. 
رۆدانـا سـتـرایـاهـا
خانوویەکی سپی بچکـۆلە و قەشەنگ
لە بـەردەمیـدا دوو داری لـیـمــۆ هـەن
یەکــەم یـادەوەریــــــم بـیـرهــــــاتـەوە
لـێرەدا دایکی مـیهـرەبانـم، نازی دامێ
لـێـرەدا لەژێـــر پـيــرە دار بـیـیــەکـان
زیـاتـر لـە جـارێـک یـاریـــم کـــردووە
لـێرە لەگـەڵ هــاوڕێ دڵخـۆشـــەکـانـم
بــازم دەدا و پـێــــــــــــــــــــدەکــەنـیـم
ماڵـێکی بچـووک لە رۆژانی زێــــریـن
گۆشەیەک لە جـوانی و لە میهـرەبانی
مــــن نـاتـــــــــــــــــــــــــــگــۆرمـەوە
بـە کـۆشــــــــکـی پـاشـــــــــــــایـەتـی

(*)بۆ ئـەم نووسـینەم، سـوودم لە چەنـدیـن سایتی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.

 

 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا