
ڕێگای کوردستان
سەرباری ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم ساڵانێکی سەخت لە چاوەڕوانی مووچە فەوتاو و پاشەکەوتکراوەکانیان بەڕێ دەکەن، ساڵی ڕابردووش حکومەتی هەرێم دوو مووچەی تری فەوتاند. هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەت ئامادە نەبوو بڕی ٢٤٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکات تا لە بەرامبەردا شایستە داراییەکانی ئەو دوو مانگە خەرج بکرێت.
بۆ ئەمساڵیش، هەرچەندە سێ مووچە دابەشکراوە و یەکێکی تریش لە ڕێگایە، بەڵام هێشتا کێشەی کات چارەسەر نەکراوە.
دابەشکردنی مووچە لە وادەی خۆی لایداوە و کەوتووەتە دوای ١٠ی هەموو مانگێک، ئەم دواکەوتنە بەردەوامە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سستی حکومەتی هەرێمەوە هەیە لە ناردنی داهاتە ناوخۆییەکان بۆ بەغدا، کە وەک کارتێکی فشار یان سستی ئیداری بووەتە هۆی تێکدانی ژیانی هەزاران خێزان و ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.
