
🔻پەرلەمانتارانە 14 مانگ مووچەیان وەرگرتووە
🔻تێچووی یەک پەرلەمانتار گەیشتووەتە 114 ملیۆن و 800 هەزار دینار.
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا زیاتر لە 17 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت و هاوکات پەرلەمان پەکخراوە،کەچی پەرلەمانتارانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن مانگانە مووچە وەردەگرن.هەر بۆیە ئێستا دۆسیەی مووچەی پەرلەمانتاران بووەتە جێی مشتومڕی شەقام.
دوای ئەوەی لە20ی تشرینی یەکەمی 2024 پرۆسەی دەنگدان کۆتایی هات، 97 پەرلەمانتار لە لیستە جیاوازەکان سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام تەنها سێ ئەندام لە کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
لەمانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2024 یەکەم مووچە بۆ پەرلەمانتاران هەژمارکرا.
ئێستا کە لە مانگی ئایاری 2026داین، ئەم پەرلەمانتارانە 14 مانگ مووچەیان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی هیچ دانیشتنێکی یاسادانان یان چاودێریی حکومەت ئەنجام بدەن.
بەوپێیەی مووچەی مانگانەی هەر ئەندامێک هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، تێچووی یەک پەرلەمانتار گەیشتووەتە 114 ملیۆن و 800 هەزار دینار.
کۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ ئەم 97 پەرلەمانتارە خەرجکراوە، دەگاتە زیاتر لە 11 ملیار و 135 ملیۆن دینار. ئەم ژمارە زەبەلاحە لە کاتێکدایە کە قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە وەرگرتنی مووچەی بێ کار، لەلایەن نوێنەرانی گەلەوە زیاد بکات، کە تەنها لە ڕووی کارگێڕییەوە ئامادەن و لە ڕووی کردارییەوە پەرلەمان پەککەوتووە.
