
ڕێگای کوردستان
سزادانی (عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی) بە سێدارە لەبەرانبەر دڕندەیی تاوانەکانی ئەشکەنجەدان و برسی و توینیکردن و کوشتنی بە کۆمەڵی قوربانییان و دەستدرێژی کردنە سەریان، دەنگدانەوەی بەرفراوانی لە ناوەندە یاساییەکان و دڵخۆشی لەلایەن کەسوکاری قوربانیان دروست کردووە.
ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان پێیان وایە کە سزادانی عەجاج، بەس نییە کاتێک هێشتا ۲٥٨ تاوانباری تری کەیسی ئەنفال، لەوانە سەرۆک جاش و مستەشار و مەفرەزە خاسەکان، لەناو هەرێمی کوردستاندا داڵدەدراون و پارێزراون و ڕێزلێگیراون و پلە و پۆستیان پێدراوە.
ئەم ڕێکخراوانە چالاکوانان ڕایدەگەیەنن کە پاراستنی ئەو تاوانبارانە سووکایەتییە بە خوێنی قوربانییان.
بۆیە، بەگرنگی دەزانن فشارەکان چڕبکرێنەوە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، تاوەکو بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکرێن.
داواش دەکەن کە سزادانی عەجاج ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە کەلتووری دەربازبوون لە سزا، بە پێویستیشی دەزانن دەسەڵات ڕێز لە یاسا بگرێت و تەواوی ئەو داواکراوانە ڕادەستی دادگا بکات.
لە دیدی ڕێکخراوەکانەوە، دادپەروەری تەنها بە سزادانی عەجاجێک تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت هەموو ئەو مستەشار و تاوانبانەی دەستیان لە ئەنفالدا هەبووە، ڕووبەڕووی هەمان سزای یاسایی ببنەوە
