
سەرباری ئەوەی گرژییە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ڕاوەستاون، بەڵام تاران بەردەوامە لە هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم لە سەرەتای جەنگەکەوە بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی چەند هێرشێکی درۆنی کردووەتە سەر كهمپی پهناههندهكانی ڕۆژههڵاتی كوردستان.
لە نوێترین پەرەسەندنی مەترسیداردا، میدیا فەرمییەکانی ئێران جەنگێکی ڕاگەیاندنیان دژی دەزگا میدیاییەکانی هەرێم دەستپێکردووە. ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی سەر بە سوپای پاسداران، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا کەناڵەکانی (ئاڤا میدیا، ڕووداو، کوردستان ٢٤ و تۆڕی کوردستان )ی بە تێوەگلان لە "کردەوەی دژە ئێرانی" تۆمەتبار کردووە.
ئاژانسەکە لەسەر زاری بەشێک لە بینەران و شارەزایانی ئەمنییەوە داوا دەکات ئەم کەناڵە کوردییانە وەک "تیرۆریست" بناسێنرێن و مامەڵەی دەزگای تیرۆریستییان لەگەڵدا بکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم میدیایانە لە پیشاندانی وێنەیەکی قەیراناوی لە ناوخۆی ئێران، خەریکی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتەن.
ئەم هەڕەشانە و هاوکاتبوونیان لەگەڵ هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سهر ههریمی كوردستان، مەترسیی ئەوەی دروست کردووە کە لە داهاتوودا بارەگای ئەم کەناڵە میدیاییانە ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە.
