
دەقی وتاری كۆڕیادی سەرکردە و تێکۆشەر هاوڕێ مام ساڵح تاڵەبانی
ــ کەس و کاری هاوڕێ، سەرکردە و تێکۆشەر مام ساڵح
ــ میوانە بەڕێزەكان
ــ نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان
ــ كەس و كاری شەھیدان ، تێكۆشەرە دێرینەكان ، پێشمەرگەی دێرین و زیندانیانی سیاسی
ھاوڕێیانی ئازیز
ئامادەبوون و ڕاوەستان لەم سەکۆیەدا بۆ من، کارێکی یەکجار سەخت و دژوارە؛ زۆر قورسە مرۆڤ لێرەدا بوەستێت و وتار لە کۆڕیادی هاوڕێیەکیدا پێشکەش بکات کە بۆ ئێمە تەنها سەرکردەیەک نەبوو، بەڵکو هەم هاوڕێ، هەم مام و هەم ڕێپیشاندەری ڕاستەقینەمان بوو لە ژیانی حزبی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
ئێمە ساڵانێکی زۆر پێکەوە کارمان کرد؛ لە ساتە هەرە مەترسیدارەکانی کاری ڕێکخستنی نهێنیدا، لە مەیدانی خەباتی ئاشکرای شاردا، و لە ناو سەختی و نەهامەتییەکانی خەباتی چەکداریی شاخدا شانبەشانی یەکتر ڕووبەڕووی تەواوی ئەو نەهامەتیانە بووینەوە کە لە کاروانی تێکۆشاندا دەهاتە بەر پێمان و دەیویست بمانوەستێنێ.
لەگەڵ ئەو زەحمەتیەشدا ، ئەمڕۆ بە فەخر و شانازییەکی بێپایانەوە، ئێمە لە کۆڕیادی سەرکردە و تێکۆشەرێکی کەموێنەدا ڕاوەستاوین کە سەراپای ژیانی بەخشیە گەل و نیشتمان؛ سەرکردەیەک کە هەرگیز پاشگەز نەبووەوە لە تێکۆشان و بگرە بووە قوتابخانەیەکی زیندوو بۆ نەوەکانی ئایندە. ئێمە لە حزوری کۆڕیادی هاوڕێ و سەرکردەیەکی بەویقار و بەئەزمووندا وەستاوین کە لە کوانووی تێکۆشاندا وەک پاڵەوانێکی مێژوویی و کادرێکی خاوەن ئیرادەی پۆڵایین دەرکەوت و مۆری ئیرادەی خۆی لەسەر قۆناغە هەرە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و بزووتنەوەی چەپدا جێهێشت و بووە دەنگ و سیمبولی چینێکی چەوساوە لە خەباتی سیاسی و سەربازیدا و بێ سڵمینەوە لە لەمپەرەکان هەنگاوی دەناو ڕێنیشاندەر بوو بۆ سەرکەوتنی خواستەکانی کرێکاران و تەواوی ڕەنجدەرانی بیروبازوو.
خوشك و برایان
کاتێک باسی ئەم مێژووە پڕ لە شانازییە دەکەین، ناتوانین ناوی شاری کەرکوکی لێ جیا بکەینەوە، كەركوكی كوردو توركمان و عەرەب و كلدۆ ئاشورو سابیئەی مەندائی ، چونکە ئەو شارەی کە مام ساڵەحی لە ئامێزگرت تەنها لانکەی حەوانەوە و پێگەیشتنی مرۆڤێک نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەکی پلە باڵا بوو بۆ پێگەیاندنی هۆشیاریی سیاسی و چینایەتیی و تێکۆشانی بەردەوام.
مام ساڵح لە نەهامەتی و زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەی ئەم شارەوە هەستی بە ئازار کردو هەر ئەمەش پاڵنەری ئەو ڕێڕەوە تێکۆشانە بوو کە مام ساڵەحی گەیاندە ئەو قۆناغەی وەک سەرکردە و سیاسیەکی بە ئەزموون و تێکۆشەرێکی باڵا بکەوێتە ململانێ لە پێناو شکۆی ئینسان و پاراستنی کەرامەتی گەلەکەی و بۆ ئەمەش سەرەتا لە ڕیزی ڕێکخراوەکانی قوتابییانەوە هاتە مەیدان و درکی بە پێویستی ئەو تێکۆشانەکرد
مام ساڵەح هەر لە تەمەنی لاوێتیدا و ئەوکاتەی کە ڕژێمی پاشایەتی بە هاوپشتی ئینگلیز دەستی نابووە بیناقاقای گەلانی عێراق ، ڕێگای تێکۆشانی لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراقدا هەڵبژارد و وەک شیوعییەکی بوێر، بزێو و چالاک، چاونەترسانە ڕووبەڕووی ڕژێم بووەوە.
واتا کەرکوک بۆ مام ساڵح مەیدانی سەرەکیی تاقیکردنەوەی ئیرادە بوو؛ ئەو پێشەنگ و میراتگری ڕاستەقینەی ئەو کاروانە مێژووییانە بوو کە لە ڕاپەڕینی مێژوویی گاورباغی ساڵی ١٩٤٦دا، بە خوێنی گەرمی کرێکارانی نەوتی کەرکوک پەیامی ڕووبەڕووبوونەوەی نووسییەوە. مام ساڵح نەک هەر شایەتحاڵ، بەڵکو کادرێکی کاریگەر و بەشدارێکی ڕاستەوخۆی ڕاپەڕین و جووڵانەوە جەماوەرییەکانی کەرکووک بوو، ئەو جووڵانەوانەی کە دواتر ڕێگایان خۆشکرد بۆ بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ و کۆتاییهێنان بە ڕژێمی کۆنەپەرست و پاشایەتی.
لەبەر لێهاتوویی, دڵسۆزی و ئەو توانا فیکری و سیاسییە قووڵەی کە هەیبوو، مام ساڵح پلەکانی حزبی بە سەرکەوتوویی بڕی و بووە جێگەی متمانەی هاوڕێکانی. ئەم چالاکییە چاونەترسانە و کاریگەرانەی وای لێکرد ڕووبەڕووی گرتن و زیندانە تاریک و سامناکەکانی ڕژێمی بەعس ببێتەوە، بەڵام گۆشەگیری زیندان و ئازار و ئەشکەنجەدان ڕێگری لێنەکرد و بوە سەنگەرێکی تری ململانێی فیکری و سیاسی و بە جەستەیەکی ماندوو بەڵام بە ڕۆحێکی سۆسیالیستیی بەرزەوە، شکۆ و هەیبەتی جەلادەکانی شکاند.
دواتر کاتێک لە زیندان ڕزگاری بوو ڕێڕەوی تێکۆشانی گواستەوە بۆ شاخە سەرکەشەکانی کوردستان و بووە پێشمەرگە و کادرێکی لێهاتووی سیاسی و سەربازیی بوێر و بەتوانا.
لێرەوە، کاتێک لاپەڕەکانی ئەم خەباتە پڕ لە سەروەرییە هەڵدەدەینەوە، ناتوانین ڕۆڵی پڕ لە جوامێری و بێدەنگی ئەو ژنە تێکۆشەرە فەرامۆش بکەین کە لە پشتی ئەم مێژووە مەزنەوە ڕاوەستابوو؛ پۆرە فاتم وەک هاوڕێ و هاوسەرێکی بەهێز و خاوەن ئیرادەی شۆڕشگێڕیی و پۆلاین ، یەکێک بوو لەو تێکۆشەرانەی بەردەوام لەپشتی مام ساڵح ڕاوەستا و نەیهێشت بکەوێ، چونکە لە غیاب و زیندانیبوونی ئەم سەرکردە مەزنەماندا پورە فاتم باری قورسی ژیان و پەروەردەی لەئەستۆ گرت و کڵپەی ئاگری تێکۆشانی لە ناو ماڵەکەیدا بە زیندویی هێشتەوە.
ئەم پشتگیرییە هاوسەری، ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە بوو کە هەمیشە لە ناو جەرگەی خەباتدا بوون. بنەماڵەی مام ساڵح ، باجێکی یەکجار قورسیان لە پێناو بیرووباوەڕەکەیاندا دا؛ ئەوان ڕووبەڕووی لێشاوی دەربەدەری، ئاوارەیی، ڕاودوونان و ماڵوێرانییەکی زۆر بوونەوە لەلایەن ڕژێمە سەرکوتکەرەکانەوە، بەڵام هەرگیز چۆکیان دانەداو ملکەچ نەبوون .
قوربانیدانی ئەم بنەماڵەیە گەیشتە لوتکە کاتێک دوو لە کوڕەکانی بە پشتوپەنای ئەم بیروباوەڕە مەزنە چەکی پێشمەرگایەتیان کردە شان و بوونە پارێزەری ڕەوڕەوەی تێکۆشانی ئەو فیکرو فەلسەفەیەی کە مام ساڵحی بەرجەستەکرد، هەر لەم پێناوەشدا و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە سەختەدا کە مام ساڵەحی ناچارکرد بۆ تێکۆشانی چەکداری کوڕێکی تریان لە کارەساتێکی دڵتەزێندا کۆچی دوایی کرد و ڕۆحی پاکی بەخشیە گەل و نیشتمان. ئەم برینە قووڵانە، نەک هەر ورەی ئەم بنەماڵەیەیان نەشکاند، بەڵکو مام ساڵەح و پۆرە فاتمیان کردە سیمبولی نەبەزین و فیداکاری.
ئەو وەک سیاسەتمەدارێکی وردبین، خودان ئەزموون و دەستپاک، هەمیشە بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانیی دەخستە پێش هەر دەستکەوتێکی کاتی، و بە کردەوە سەلماندی کە ئازادیی نیشتمان بەبێ بەدیهاتنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ چینی چەوساوە پڕۆژەیەکی ناتەواوە، بۆیە حیکمەت و ڕەوشتی بەرزی شۆڕشگێڕی بووە جێی متمانە و ڕێزی دۆست و نەیار.
میوانە ئازیزەکان، هاوڕێیانی خۆشەویست
ئەمڕۆش، کاتێک لەم کۆڕیادەدا ئامادەین، ناتوانین چاو لەو واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزە بپۆشین کە هەرێمی کوردستان و عێراقی پێدا تێدەپەڕێ. ئەو ئامانجانەی مام ساڵح تەمەنی بۆ بەخشین، ئەمڕۆ لەبەردەم هەڕەشەی جدی و پاشەکشەدان؛ کۆمەڵگا بەدەست جەمسەربەندیی تیژی چینایەتی، نادادی کۆمەڵایەتی و قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، و ململانێی تەسکی حزبی و زاڵبوونی مۆدێلی ئۆلیگارشی، بەهاکانی هاوڵاتیبوونیان ناشرین کردووە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و قەوارەی هەرێم .
لەم سۆنگەیەوە، گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکەی مام ساڵح ، تەنها یادکردنەوەیەکی خەمناک و سۆزداری نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمی و سیاسییە بۆ داڕشتنەوەی خەباتی جەماوەری؛ و هێڵی شۆڕشگێڕانەی حزبی شیوعیش لێرەدا دەبێتە کەرەستەی سەرەکی قۆناغەکە بۆ بەرگریکردن لە مافی هەژاران لە پێناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیاردا.
كۆچی دوایی تێکۆشەرێکی وەک مام ساڵەح ، وێڕای ئەوەی زیانێکی جەرگبڕە بۆ ئێمە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئەو وەک سەرکاروانێکی بەهێز لە نێو سروودی پێشمەرگەدا و لە لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە شانازی حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لەم ساڵیادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی هاوڕێ مام ساڵح و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی دادەنوێنین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە ڕێچکە پیرۆزەکەی چۆڵ نەکرێت، و ناوی وەک مەشخەڵێک ڕێگای داهاتوومان هەمیشە ڕووناک دەکاتەوە.
بژێ خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان لە پێناو دادپەروەری و ئازادیدا!
سەربەرزی و نەمری بۆ مام ساڵح و سەرجەم ڕێبوارانی کاروانی تێکۆشانی حزب و گەل.
سوپاس.
٢٠٢٦/٦/٢٠
