♦هۆگر چەتۆ: ئەمریکا چاوی بڕیوەتە سامانی وڵاتان 
♦هۆگر چەتۆ: کورد لەم کاتانەدا زیاتر پێویستی بە خۆ ڕێکخستنەوە هەیە


کەرکوک - ڕاپۆرت - ڕێگای کوردستان


مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکییە فیکری و سیاسییەکانیدا، کۆڕێکی سیاسی فراوانی بۆ هاوڕێ (هۆگر چەتۆ)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب ڕێکخست.
کۆڕەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیرانی حزب بەڕێوەچوو، تێیدا بە تێروتەسەلی دۆخی سیاسی جیهان و ناوچەکە و ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
لە میانی پێشکەشکردنی بابەتەکەیدا، (هۆگر چەتۆ) تیشکی خستە سەر شەڕی چل ڕۆژەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و ئەو هۆکارانەی بوونە سەرچاوەی ئاڵۆزییەکان، هاوکات باسی لەو زیانە گەورانە کرد کە لە ڕووی مرۆیی و ئابوری و بازرگانی و ژینگەییەوە بەر ناوچەکە و جیهان کەوتوون. 
ناوبراو ڕەخنەی توندی لە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئەمریکا گرت و وەک هێزێکی چاوچنۆک ناوی برد کە بە ئاشکرا چاوی بڕیوەتە سامانی وڵاتان و سەرچاوە سروشتییەکان، ئەمەش بووەتە هۆی تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی پشێوی.
سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران)، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە، هیوای ئاشتی و سەقامگیری و کۆتاییهێنان بەم شەڕە دەخوازن، بەڵام هێشتا ئەگەری شەڕ بەهێزترین بژاردەیە. بەو پێیەی داواکاریەکانی هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ قورسن.
سەبارەت بە دۆخی عێراق ، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان ووتیی، عێراق ڕاستەوخۆ لە نێو بازنەی ئەم ململانێیەدایە و لە ئەگەری سەر هەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران ، یا سەر هەڵدانی هەر پەرەسەندنێکی سەربازی کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئابوری عێراق دەبێت، چونکە عێراق تەنها پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. 
ڕاشیگەیاند، سەرهەڵدانی شەڕ لە عێراق بەواتای ڕاگرتنی یەکجارەکی هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئابوری عێراق داتەپێت و توانای دابینکردنی مووچەی نەبێت ، بەم شێوەیە کارەساتێکی گەورە ڕوو دەدات کە تەنها نەهامەتی بۆ خەڵک دەهێنێت.
سەبارەت بە ئایندەی هەرێمی کوردستان هۆگر چەتۆ ووتی، نەبوونی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لە ووتاری سیاسی کوردستانی و ئەم پەرتەوازەیەی بەدی دەکرێت، میللەتی تووشی جۆرێک لە نا ئومێدی کردووە، ڕاشیگەیاند کورد لەم کاتانەدا زیاتر پێویستی بە خۆ ڕێکخستنەوە هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە تا دێت پەرتەوازە تر دەبێت، بۆیە هیچ گەشبینیەک بۆ ئایندە بەدی ناکرێت.
هۆگر چەتۆ هەڵوێستی فەرمی حزبی شیوعی کوردستانی دووپاتکردەوە کە دژی هەموو جۆرە شەڕێکە و هاوسۆزی تەواوی گەلی ئێرانە، نەک دەسەڵاتەکەی، چونکە پێیان وایە دەسەڵاتی ئێستا لە ئێران سیستمێکی سەرکوتکارە و ڕێگرە لە بەدیهاتنی ئازادییەکانی گەلەکەی.
ووتیشی ئەو شەڕەی ئەمریکا لەدژی ئێران دەستیپێکردووە، شەڕی پاراستن و داکۆکیکردن لە مافی گەلانی ئێران، بەڵکو شەڕی بەرژەوەندیە ئابوری و فراوانخوازیەکانی خۆیەتی، بۆیە حزبی شیوعی کوردستان، بەهەموو جۆرێک دژی شەڕە.

 

May be an image of one or more people and clarinet

May be an image of one or more people and beard

May be an image of one or more people

May be an image of one or more people

وتاری نووسەران