
ئەمڕۆ، ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، حەفتا و نۆ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرە نیشتمانپەروەرەکەی کورد لەلایەن ڕژێمی پاشایەتیی عێراقەوە تێدەپەڕێت.
لە ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧دا، چوار ئەفسەری کوردی ناو سوپای عێراق، لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەیان و دوای بەشداریکردنیان لە شۆڕشی بارزان و پشتیوانیکردنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بەرەو پەتی سێدارە بران و چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانی نیشتمانەوە.
ئەم چوار قارەمانە کە خاوەنی پلەی سەربازیی بوون لە سوپای ئەوکاتی عێراقدا، پێکهاتبوون لە:
شەهید خەیرووڵا عەبدولکەریم
شەهید محەمەد مەحموود قودسی
شەهید عیزەت عەبدولعەزیز
شەهید مستەفا خۆشناو
ئەم ئەفسەرە لاوانە، لە ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٥ پەیوەندییان بە شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کرد و دادگای عورفیی سەربازیی عێراق لە غیابی خۆیاندا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکردبوون.
کاتێک لە ساڵی ١٩٤٦ کڵپەی هیوای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشایەوە و کۆماری کوردستان بە ڕابەرایەتیی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا، ئەم چوار ئەفسەرە چوونە شاری مەهابادی پایتەخت و ڕۆڵێکی باڵا و کاریگەریان گێڕا لە ڕێکخستنی سوپای کۆمار و مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە.
دوای ڕووخاندنی کۆماری کوردستان، لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٦دا ئەم چوار ئەفسەرە بەپێی بڕیاری لێبووردنی گشتی کە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو، گەڕانەوە باشووری کوردستان، بەڵام ڕژێمی پاشایەتیی عێراق پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو.
بە فەرمانی ڕاستەوخۆی تاوانبار (ساڵح جەبر)ی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەرەبەیانی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧دا، بە پاڵەوانێتی و بەبێ ئەوەی چۆک بۆ سێدارە دابنێن، لە بەغدا لەسێدارەدران.
پەیامی کۆتایی و قارەمانانەی ئەوان لەبەردەم سێدارەدا، گوتیان: «ئێمە دەمرین، بەڵام کورد زیندوو دەبێتەوە»، بوو بە مەشخەڵی ڕێگەی خەباتی نەوەکانی دوای خۆیان و ناویان بۆ هەمیشە لە مێژوودا بە بەرزی مایەوە.
یادی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری کوردستان بەرز و شکۆدارە
نەفرەت لە ڕژێمی پاشایەتی عێراقی کلکی ئیستیعمار
