
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا ناوچەکە لەناو ئاگری ململانێکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندایە، کاریگەرییەکانی ئەم گرژییانە ڕاستەوخۆ لەسەر جومگە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە. بەپێی ووتەی بەشێک لە بەرپرسانی دەسەڵات، داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەی 70% دابەزیوە و هەناردەی نەوتیش بۆ تەنها 25 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەمبووەتەوە.
ئەم پاشەکشەیە وای کردووە حکومەتی هەرێم بەغدا ئاگادار بکاتەوە کە ناتوانێت بڕی 120 ملیار دینارەکە ڕادەست بکات، کە یەکێکە لە مەرجەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
شارەزایانی ئابوری دەڵێن، جێگەی پرسیارە، دەسەڵاتێک کە چەندین ساڵە سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە و قووتی خەڵکەکەی دەخوات، چۆن ئێستا بۆ تەنها 120 ملیار دینار دەستەوەستانە؟ ئەو هەموو داهاتە زەبەلاحەی لە ساڵانی ڕابردوودا کۆکرایەوە چی لێهات کە ئێستا خەزێنەکان هێندە خاڵین توانای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە فەرمییەکانیان نەماوە؟
هاوکات سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەی پێدەکەن، سەرەڕای ئەوەی هەرێم مەرجی ناردنی 200 هەزار بەرمیل نەوت و بڕە پارە دیاریکراوەکەی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام بەغدا جۆرێک لە تێگەیشتنی نیشان داوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچە دروست نەبێت، بەڵام بێدەنگیی حکومەتی ناوەندی و ناڕوونی لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سەرپێچییانە، داهاتووی دارایی هەرێمی خستووەتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە.