
ئاژانسی رۆیتەرز دەقی تەواوی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تارانی بڵاوکردەوە کە خۆی لە ١٤ خاڵدا دەبینێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز هەردوولا لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە رێککەوتوون، ئەمریکا پابەند دەبێت بە ئازادکردنی داراییەکانی ئێران و دابینکردنی ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ بوژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە، لە بەرامبەردا ئێران گەرەنتی ئاسایشی کەشتیوانی دەدات و قۆناغی کۆتایی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دەستپێدەکات.
دەقی ١٤ خاڵی ناو لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئێران:
١- راگرتنی شەڕ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان، هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتری ئەنجام نەدەن.
٢- سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.
٣- وادەی دانوستان: هەردوولا ٦٠ ڕۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
٤- کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ دوای ڕێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.
٥- کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.
٦- ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.
٧- هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.
٨- بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
٩- پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناتەقێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.
١٠- هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.
١١- ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک کە وڵاتەکە بیەوێت.
١٢- چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.
١٣- مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی (٤، ٥، ١٠ و ١١، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەن.
١٤- پەسندکردنی نێودەوڵەتی: ڕێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە ڕێگای بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت.
