ڕێگای کوردستان


لێدوانە دژ بە یەکەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی ئێران، کە تێیدا لە نێوان هەڕەشەی لێدانی توندو بەردەوام و مژدەی کۆتاییهاتنی شەڕ و باسی برینداربوونی موجتەبا خامەنەییدا دێت و دەچێت، شەپۆلێکی نوێی لە مشتومڕ لە نێوان چاودێرانی سیاسی دروست کردووە. 
پرسیارئەوەیە، ئایا ئەمە جەنگێکی دەروونیی داڕێژراوە یان گوزارشتە لە جۆرێک لە نەزانی و سەر لێشێواوی سیاسی؟
بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ، پێیان وایە ئەمە نابێت وەک نەزانی لێکبدرێتەوە، بەڵکو ئەمە ستایلی تایبەتی ترەمپە لە بەڕێوەبردنی جەنگی دەروونی، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی برینداربوونی موجتەبا خامەنەیی و داواکارییەکەی بۆ ووتووێژ، لێدانە لە سەقامگیری ناوخۆیی ئێران و دروستکردنی گومانە لە نێوان باڵە جیاوازەکانی دەسەڵات. 
بە وتنی ئەوەی ئێران بەرپرسی نەماوە، ترەمپ هەوڵی بێبایەخکردنی سیستمە سیاسییەکەی تاران دەدات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لە بەرانبەردا، بەشێک لە شیکەرەوەکان دەڵێن، ئەم لێدوانە دژبەیەکانە نیشانەی نەبوونی ستراتیژێکی ڕوونن، بەڵام هاوڕان لەسەر ئەوەی کاریگەرییەکەی وەک جەنگێکی دەروونی کارا دەردەکەوێت. 
چاودێران دەڵێن ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی تەڵەی زانیارییەوە تاران ناچار بکات کاردانەوەی پەلەپەل نیشان بدات.
کۆبەندی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم تاکتیکەی ترەمپ جۆرێکە لە دیپلۆماسی شێواو کە ئامانج لێی تەنها لێدانی سەربازی نییە، بەڵکو داڕماندنی ورەی بەرانبەر و ناچارکردنیەتی بۆ ووتووێژ لە دۆخێکی لاوازیدا. 
ئەگەر ئەمە جەنگێکی دەروونی بێت، ئەوا تاران ئێستا لە ژێر فشارێکی بێوێنەی تەمومژی زانیاریدایە.
بەشێکی تر لە چاودێران جەختی لەسەر دەکەنەوە، ترەمپ وەک داگیرکەرێکی تینووی خوێن و نەزانێکی سەرلێشێواوی سیاسی، بە لێدوانە شەڕانگێزییەکانی جیهان بەرەو لێواری وێرانکاری و کوشتاری زیاتر دەبات. 
دەشڵێن ئەم پیاوە پۆپۆلیستە نیشانیداوە کە تەنها زمانێک لێی تێبگات زمانی زەبروزەنگ و ئاگرکەوتنەوەیە، بەبێ ئەوەی هیچ تێگەیشتنێکی بۆ ئاشتی و بەها مرۆییەکان هەبێت.
ئەوەش دەڵێن، ترەمپ لە پێناوی پارەو دزینی نەوت و وزەو سامانی ووڵاتان ئامادەیە دەریایەک لە خوێن درووست بکات.

وتاری نووسەران