
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ١٥٠٠ کەشتیی بیانی لە هەردوو لای گەرووی هورمز وەستاون و چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتن لە ئێرانەوە بۆ تێپەڕبوون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەریتانیا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگی و کەشتییەکی جەنگی بەشداری لە ئەرکێکی فرەنەتەوەییدا دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز.
لای خۆشیانەوە، هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، چوارشەممەی ڕابردوو جەختیان کردەوە کە گروپێک لە هەڵگری فڕۆکەکان بەرەو دەریای سوور دەجووڵێن وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هەر ئەرکێک لە داهاتوودا.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هێزەکانی فەڕەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم جووڵەیە لە چوارچێوەی پلانێکی فەرەنسی-بەریتانییە سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، یەکشەممەی ڕابردوو هۆشداری دا لەوەی کە هەر جووڵەیەکی فەرەنسا و بەریتانیا لە گەرووی هورمز بە بیانووی بەهێزکردنی ئازادیی دەریاوانی، بە واتای سەربازیکردنی ڕێڕەوێکی ئاویی زیندوو دێت، ئەمەش تاران ناچار دەکات وەلامی هەبێت.
