
ئامارە نوێیەکان دەریانخستووە کە ژمارەی چەکدار و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و نزیک دەبێتەوە لە دوو ملیۆن کەس.
بەپێی زانیارییەکان، کۆی گشتیی هێزە چەکدارەکان گەیشتووەتە ١,٩١٢,٠٠٠ کەس. ئەم هێزە گەورەیە بەسەر چەندین کەرتی جیاوازدا دابەش بووە، کە تێیدا هێزەکانی ناوخۆ بە ٧١٤,٠٠٠ کارمەند و سوپای عێراق بە ٤٥٠,٠٠٠ سەرباز گەورەترین بەشی سوپاکە پێکدەهێنن. هەروەها هێزەکانی وەک حەشدی شەعبی بە ٢٣٨,٠٠٠ و دژە تیرۆر بە ٢٣٧,٠٠٠ چەکدار لە ڕیزبەندییەکانی دواتردا دێن.
سەرەڕای بوونی ئەم سوپا و دامەزراوە هەواڵگرییە فراوانانەی وەک ئاسایشی نیشتمانی (١٤٣,٠٠٠) و هەواڵگری (١١٨,٠٠٠)، ڕەخنەی توند لە کارایی ئەو هێزانە دەگیرێت و ئاماژە بەوە دەکرێت، کە ئیسرائیل توانیویەتی بنکەیەکی نهێنی لە پارێزگای نەجەف دابمەزرێنێت بەبێ ئەوەی هیچ کام لەو دەزگا ئەمنییانە پێی بزانن، ئەمەش وەک شکستی هەواڵگری لە بەرامبەر پاراستنی سەروەریی وڵاتدا لێکدراوەتەوە.
