
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی وەڵامە چەند لاپەڕەییەکەی ئێرانی ڕەت کردەوە کە لە ڕێگەی پاکستانەوە بۆ واشنتۆن نێردرابوو و لە پەیامێکی کورتدا لە سەکۆی "تروس سۆشیال" ڕایگەیاند'' وەڵامی نوێنەرانی ئێران بە هیچ شێوەیەک جێگەی ڕەزامەندی نییە و بە تەواوی قبووڵنەکراوە.''
ئەمەش ئاماژەیە بۆ مانەوەی "بۆشاییە گەورەکان" لە نێوان هەردوو وڵاتدا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، ئێران سێ خاڵی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکای ڕەت کردووەتەوە و ئامادە نییە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و داواکاری تێکدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیشی بە توندی ڕەت کردووەتەوە.
هەروەها تاران پێشنیازی کردووە کە تەنیا بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی تایبەتمەندییەکەی دابەزێنێت و بەشەکەی دیکەی بنێرێت بۆ وڵاتێکی سێیەم نەک ئەمریکا و داوای گەرەنتیش دەکات کە لە کاتی شکستی دانوستانەکاندا یۆرانیۆمەکەی بۆ بگەڕێتەوە.
لە بەرامبەر مەرجەکانی ئەمریکادا تاران پێشنیازێکی دیکەی خستووەتەڕوو کە بریتییە لە ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکان و کردنەوەی پلەبەندیی گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بەو مەرجەی هاوکات ئەمریکاش گەمارۆکانی سەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت بەڵام واشنتۆن ئەم هەنگاوانە بە ناڕوون دەبینێت و تا ئێستا ئامادە نییە پێش وەرگرتنی گەرەنتی یەکلاکەرەوە لەسەر داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکە هیچ سزایەک سووک بکات.
