
رۆژنامەی سکای نیوز رایگەیاندووە: بڕیارە سبەی سێشەممە، واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا ببێتە مەیدانی گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ و دەگمەن لە نێوان شاندەکانی ئیسرائیل و لوبنان. ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر ئاگرێکی توندی شەڕ و گرژییەکی بێوێنەدایە.
ئەم کۆبوونەوانە کە بە چاودێری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچن، شاندی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی باڵیۆزەکەی لە واشنتۆن "یەحیل لایتەر"، ئەم خولە بە دەستپێکی "دانوستانەکانی ئاشتی" دەبینێت و مەرجی سەرەکییان چەکداماڵینی تەواوەتی حزبوڵڵایە.
هەروەها، شاندی لوبنانی بە سەرۆکایەتی "نادا حەمەدە موواد"، جەخت لەسەر گەیشتن بە "ئاگربەستێکی دەستبەجێ" و دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ دانوستانە دووقۆڵییەکان دەکاتەوە.
لای خۆیانەوە، شرۆڤەکاران و ناوەندە هەواڵییە جیهانییەکانی ئاستی هیواکانیان بەم کۆبوونەوە نزم وەسف کردووە. هۆکارەکانیش بۆ ئەمانە دەگەڕێننەوە:
1-داواکارییە بەرزەکان: ئیسرائیل دەیەوێت واقیعێکی نوێ بسەپێنێت کە تێیدا حزبوڵڵا هیچ هێزێکی سەربازی نەمێنێت.
2-فشاری مەیدانی: ئیسرائیل هاوتەریب لەگەڵ سیاسەت، لەسەر زەویش بەردەوامە لە پێشڕەوی و بۆردومان، کە تەنها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بووەتە هۆی کوژرانی ٣٠٠ کەس لە لوبنان.
3-لاوازی پێگەی لوبنان: فەریق هیشام جبر شارەزایانی سەربازی، پێی وایە لوبنان بەهۆی هێرشەکانەوە هێزی دانوستانی لاوازە و پێویستی بە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بەهێز هەیە.