
ڕێگای کوردستان
بڕیاری ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق تایبەت بە سەرپشککردنی هێزە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک، وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەربازی و سیاسی قورسەوە.
دوای ئەم بڕیارە پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا عێراق توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەیە؟
لە ڕووی کردەییەوە، حەشدی شەعبی خاوەنی توانایەکی بەرچاوە لە جەنگی ناڕێکخراودا، بە بەکارهێنانی درۆنی خۆکوژ و مووشەکی کاتیۆشا و فاتیح، دەتوانێت ناوەندە دیبلۆماسییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج، بەڵام ئەمە تەنها زیانی کاتی دەگەیەنێت و ناچێتە خانەی سەرکەوتنی ستراتیژییەوە.
لە جەنگی تەکنەلۆژیا و ئاسمانیدا، عێراق خاڵی لاوازی زۆری هەیە، سیستەمی دژە ئاسمانی وڵات کە لە پانتسیری ڕووسی و ئاڤێنجەری ئەمریکی پێکدێت، تەنها بۆ مەودای کورت و نزم کاران و توانای ڕێگریکردنیان لە فڕۆکە پێشکەوتووەکانی وەک F-35 یان مووشەکی دوورمەودا نییە.
عێراق تا ئێستا خاوەنی سیستەمی پێشکەوتووی وەک S-300 یان پاتریۆتی سەربەخۆ نییە، ئەمەش ئاسمانی وڵاتەکەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
ئاستی سەربازی سوپای عێراق لە شەڕی زەمینی و دژە تیرۆردا تا ئاستێک بەرزە، بەڵام لە جەنگی ئەلیکترۆنی و پاراستنی ئاسمانیدا زۆر دواکەوتووە، هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیری نێودەوڵەتی و تێکچوونی ئابووری دەکاتەوە.
بۆیە، ئەم بڕیارە زیاتر وەک کارتێکی فشار و پەیامێکی سیاسی بۆ ناوخۆ و دەرەوە دەبینرێت، نەک ئامادەکارییەکی تەواو بۆ جەنگێکی تەکنەلۆژی و سەربازی گشتگیر کە تێیدا هاوسەنگی هێز بە تەواوی بەلای لایەنی بەرامبەردا دەشکێتەوە.
سەرەڕای هەبوونی فڕۆکەی جەنگی، بەڵام عێراق بێ کۆنترۆڵی ڕاداری ناتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی هیچ کام لە زلهێزەکان ببێتەوە.