ڕزگار بابان

ڕۆژانە لە میدیاکانەوە گوێبیستی کارەساتێکی دڵ تەزێنی کرێکاران دەبین بە پێکان  و گیان لە دەستدانی ئەو کرێکارانەی  کەوا لە ماڵەکانیان دەردەچن و بەدوای بژێوی و ژیانی شایستەی ڕۆژانەی خۆیان خێزانەکانیان دا دەگەڕێن ، کەچی بە برینداری یان بە بێ گیان دەیگەڕێننەوە بۆ ماڵەوە.

ئەو کارەساتەی ڕۆژی پێنج شەممەی 18ی ئەیلولی 2025 لە پارێزگای کەرکوک ، لە گەڕەکی دەروازە ڕوویدا. دوو کرێکاری کۆمپانیایەکی پاککەرەوە و ئاوەڕۆ لە کاتی کارکردن لە پاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاوەڕۆدا  بەهۆی گازە ژەهراویەکانەوە و تووشی هەناسە تەنگی بوون گیانیان لەدەستدا.  و یەکێ  لە قوربانیەکان لە خوار تەمەنی کارکردنی یاساییەوە بوو .

بە دڵنیایەوە ئەگەر فریا نەکەوین ئەو ڕووداوانە چەندین بارە دەبنەوە ، ئەم ڕووداوە بە ئازارە لە خۆیەوە ڕووی نەداوە؛ بەڵکو لە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی چاوو دێری و لاوازی جێبەجێکردنی یاسای کاری عێراقی ژمارە 37ی ساڵی 2015 وەیە کە بە ڕوونی پاراستن و سەلامەتی کرێکاران دیاری دەکات و تەمەنی ئەو کەسانە دیاری دەکات کە ڕێگەیان پێدراوە کار بکەن. بەڵام ژینگەکانی کارکردن، بە گشتی و بەتایبەتی لە کەرتی پاککردنەوە و پاکوخاوێنیدا، هێشتا سەرەتاییترین ئامرازەکانی پاراستنیان نییە: ئامێری هەناسەدان، دەستکێش، جلوبەرگی عەزلی، ڕاهێنانی پێشوەختە و پلانی فریاگوزاری.

سەندیکا و یەکێتیەکانی کرێکاران لە پارێزگاکە دا تەنیا یەکەیەکی یاسایی نین یان دامەزراوەیەك نین کە تەنها لە بۆنە تایبەتەکاندا ڕۆڵیان هەبێت و دەربکەون ؛ ئەوان وەك نوێنەری یاسایی کرێکاران لە ناوو کارگەو کرێکاران دا بن بۆ پاراستنیان لە مەترسی و ڕووداوەکانی کارو پیشە و بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانیان. بێدەنگی یان پەرشوبڵاوی ئەوان لە بەرامبەر ئەم کارەساتانەدا کرێکاران بە تەنیا دەهێڵێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و پێشیل کردنی مافەکانیان. ئەوەی ئەمڕۆ پێویسته لەسەر ئەو ڕێکخراوانه دوور بکەونەوە لە ململانی لاوەکێکانیان و بەسەر ناکۆکییه کانیاندا زاڵبن و یەک هەڵوێست و یەك ڕیز بن بەتایبەتی له پارێزگای کەرکوک، به پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی کێشەکانی کار و کرێکاران. پێویستە ئەولەویەتەکانی سەرەکی ئەم لیژنەیە چاودێریکردنی بارودۆخی سەلامەتی پیشەیی، بە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و فشارخستنە سەر خاوەنکاران و دەزگا فەرمییەکان بێت بۆ زیاد کردنی لیژنەکانی پشکنینی کار بۆ بەدووا دا چوون و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە کارو کرێکاران تا ئاستێک کە لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا بگونجێت.

جگە لەوەش دەبێت بەرنامەی هۆشیاری و ڕاهێنان بۆ کرێکاران و خاوەنکارەکان لەسەر شێوازەکانی خۆپارێزی و دابینکردنی کەرەستەی پێویست و لێپرسینەوە لە هەر خاوەن کارێك کە ژیانی کرێکارەکانی پشتگوێ بخات دەست پێبکرێت. ژیانی کرێکارێک لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا شتێکی لاوەکی نییە؛ بەنرخترین سەرمایەی کۆمەڵگەو وڵاتەکەیە.

کەرامەتی کرێکار ، لە دەستەبەر کردنی مافی ژینگەیەکی سەلامەتی کارکردن و مافی خێزانەکەی کە دوای ڕۆژێکی درێژ و ماندوو بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەوە دەست پێدەکات. کاتی ئەوە هاتووە سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان ئەگەر هەن بێدەنگی خۆیان بشکێنن و وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئەوانەی ئێستا و داهاتووی عێراق بنیات دەنێن، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی و مرۆڤایەتی ڕاستەقینەی خۆیان جێبەجێ بکەن، پێش ئەوەی سبەی گوێ بیستی کارەساتێکی نوێ دڵ تەزێن بین کە دەکرا ڕێگری لێ بکرایە

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا