ئاسۆ گەرمیانی

بەشی دووەمی
سیاسەتی دەرەوە وەک ئامرازێک بۆ پڕۆژەی گەشەپێدانی ناوخۆیی، نەک ئەرکێکی شۆڕشگێڕی نێودەوڵەتی
لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری گەلی چین لە ساڵی ١٩٤٩ەوە، سیاسەتی دەرەوەی چین گۆڕانکاریی قووڵی لە ئامانج و ئامراز و ووتارەکانیدابەخۆیەوە بینیوە. چین لە ڕوانگەیەکی ئینتەرناسیۆنالیستی شۆڕشگێڕانە کە هەوڵی داکۆکی لە بزووتنەوە کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازەکان دەدا، وردە وردە گۆڕاوە بۆ سیاسەتێکی دەرەکی کە فۆکوسی خستۆتە سەر سەروەری و گەشەپێدان و دووبارە دابەشکردنەوەی هاوسەنگییەکانی هێز لە چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا.
لە سەردەمی ماودا: ئینتەرناسیۆنالیزمی شۆڕشگێڕی و سنوورەکانی
سیاسەتی دەرەوەی چین لە سەردەمی ماو تسی تۆنگدا سروشتێکی ئایدیۆلۆژیی ڕوونی هەبوو، کە لەسەر بنەمای دیدێکی شۆڕشگێڕانەی ململانێی نێودەوڵەتی وەک درێژکراوەی خەباتی چینایەتی بوو. سەرکردایەتی چین بە تایبەتی لە ماوەی ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، پشتیوانیکردنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازە نیشتمانییەکان و پارتە کۆمۆنیستەکان لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین وەک بەشێک لە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی و خەباتی دژی ئیمپریالیزمی جیهانی سەیر دەکرد.
ئەم ڕێبازە نەک تەنها لە پابەندبوونێکی تەواو تیۆری بە ئینتەرناسیۆنالیزمەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەڵکو بەیوەست بوو بە ڕەچاوکردنی ستراتیژیشەوە. چین کە لە شەڕێکی درێژخایەنی ناوخۆ دەرچوو و ڕووبەڕووی گەمارووی نێودەوڵەتی بووەوە، هەوڵیدا دابڕانەکەی بشکێنێت و تۆڕێک لە هاوپەیمانی ئایدیۆلۆژی دروست بکات. جگە لەوەش، دابەشبوونی چین و سۆڤیەت وایکرد کە پەکین خۆی وەک ناوەندی ڕاستەقینەی شۆڕشی جیهانی پیشان بدات، لە رووبەروونەوەی ئەوەی کە وەک لادانێکی سۆڤیەت لە مارکسیزم-لینینیزم وەسف ئەکرد.
بەڵام ئەم سیاسەتە ڕووبەڕووی سنووردارکردنی ڕوون بووەوە. پشتیوانی چین بۆ بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە ڕووی ئابوورییەوە تێچووی زۆری هەبوو و لە زۆر حاڵەتدا بووە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان، بەبێ ئەوەی دەستکەوتی ستراتیژی بەردەوامی لێبکەوێتەوە. جگە لەوەش، گێژاوی ناوخۆیی، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆشنبیریدا، توانای چینی لاوازکرد بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی نێودەوڵەتی کاریگەر بگێڕێت و لاوازی پەیوەندی نێوان هەوڵمەندە ئایدیۆلۆژییەکانی و توانا ماددییەکانی ئاشکرا کرد.
گۆڕانی وردە وردە لە ساڵانی حەفتاکان
گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی چین لە کۆتایی سەردەمی ماو دەستی پێکرد و دوای مردنی خێراتر بوو، کاتێک سەرکردایەتی نوێ پێگەی چینیان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دووبارە هەڵسەنگاندەوە. نزیکبوونەوە لە ئەمریکا لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئاماژەیەکی سەرەتایی ئەم گۆڕانکارییە بوو، چونکە ڕەچاوکردنی ئایدیۆلۆژی پەراوێزخرا لە بەرژەوەندی لۆژیکی هاوسەنگی هێز و مانەوەی ستراتیژی لە بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەتدا.
ئەم گۆڕانکارییە ڕاگەیاندنێکی ڕاشکاوانە نەبوو بۆ کۆتایی هاتنی ئینتەرناسیۆنالیزمی شۆڕشگێڕانە، بەڵکو سەرەتای ئەوە بوو کە پێدەچوو وردە وردە "جیابوونەوە" بێت لە نێوان ووتاری ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی دەرەوەدا. چین دەستی کرد بە سەیرکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی نەک وەک گۆڕەپانی شۆڕشی هەمیشەیی، بەڵکو وەک ژینگەیەکی ئاڵۆز کە پێویستی بە بەڕێوەبردنی وردی پەیوەندییەکان و دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێچووی زۆر و گرنگیدان بە بنیاتنانی هێزی ناوخۆیی هەیە.
ئەم گۆڕانکارییە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەو چاکسازیانەی کە دواتر لەلایەن دێنگ شیاوپینگەوە دەستیپێکرد، کە سیاسەتی دەرەوەی چین لەسەر بنەما گەشەپێدان و پراگماتیکەکان دووبارە داڕشتەوە.
ئەولەویەتەکانی گەشەپێدان و لۆژیکی “شاردنەوەی تواناکان” لە سەردەمی دێنگ شیاوپینگ
سەردەمی دێنگ شیاوپینگ نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەیی لەسیاسەتی دەرەوەی چین دەکرد. هەوڵمەندی ئینتەرناسیۆنالیستی شۆڕشگێڕ بەکردەوە وازی لێ هێنرا و لۆژیکێک جێگەی گرتەوە کە گەشەسەندنی ئابووری لە دڵی ئاسایشی نەتەوەیی دانا. دێنگ ئەم ڕێبازەی بە ڕوونی لە وتە بەناوبانگەکەیدا خستۆتە ڕوو، "گرنگ نییە پشیلە چ ڕەنگێکی هەیە، بە مەرجێک مشک بگرێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ یەکەمایەتی ئەنجامەکان بەسەر پەیوەندی ئایدیۆلۆژیدا.
لە سیاسەتی دەرەوەدا ئەم گۆڕانکارییە وەرگێڕدرا بۆ پرەنسیپی ناسراوی "شاردنەوەی تواناکان و چاوەڕوانی ساتەوەختی گونجاو”:
(Tao Guang Yang Hui (韬光养晦)
ئەم ڕێبازە بانگەشە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زلهێزەکان دەکردو دوورکەوتنەوە لە وەرگرتنی ڕۆڵی سەرکردایەتی پێشوەختە و گرنگیدان بە بنیاتنانی هێزی ئابووری ناوخۆیی. لەم چوارچێوەیەدا چین چیتر سیستەمی نێودەوڵەتی وەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێی ئایدیۆلۆژی نەدەبینی، بەڵکو وەک چوارچێوەیەک کە دەتوانرێت بۆ گەشەپێدان وەبەربهێنرێت.
ئەم ڕێبازە بووە هۆی چەسپاندنی پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتانی دیکە، نەک وەک ئەرکێکی ئەخلاقی، بەڵکو وەک هەڵبژاردنێکی ستراتیژی کە ڕێگەی بە چین دا پەیوەندییەکانی فراوانتر بکات بەبێ ئەوەی بارگرانی سیاسی یان سەربازیی لەسەر بێت. بەم شێوەیە سیاسەتی دەرەوە بوو بە ئامرازێک کە خزمەت بە پڕۆژەیەکی گەشەپێدانی ناوخۆیی بکات، نەک درێژکراوەی ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی جیهانی.
 دوای شەڕی سارد: لە یەکگرتنەوە (ئیندیماج) بەوریاییەوە بەرەو تموحی هەنگاو بەهەنگاو
داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت خاڵی وەرچەرخان بوو لە داڕشتنی جیهانبینی چین. پەکین ئەم ڕووداوەی وەک بەڵگەیەک بۆ مەترسییەکانی ڕەقبوونی ئایدیۆلۆژی و فراوانبوونی دەرەکی نەژمێردراو دەبینی. چین لەبری ئەوەی هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئایدیۆلۆژییە بدات کە بەهۆی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەتەوە بەجێی مایەوە، ڕێگایەکی جیاوازی هەڵبژارد: تێکەڵبوونی وریا لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتیی دامەزراو.
بوونی چین بە بەئەندامی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠١ نوێنەرایەتی لوتکەی ئەم ڕێڕەوەی دەکرد، کە چینی کردە بەشێکی ناوەندی ئابووری سەرمایەداری جیهانی، بەسوود وەرگرتن لە جیهانگیری لەبری بەرەنگاربوونەوەی. ئەمەش هاووکات بوو لەگەڵ کەڵەکەبوونی زیادەی بازرگانی مەزن و گۆڕینی چین بۆ "کارگەی جیهان"، کە توانی بناغەیەکی ماددی تۆکمە بۆ دەسەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی دروست بکات.
بەڵام ئەم یەکگرتنە بێ هەوڵمەندی سیاسی نەبوو. چین وردە وردە دەستی کرد بە داواکردنی ڕۆڵی زیاتر لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاوتر، بەبێ ئەوەی هێشتا بگاتە ئەو ئاستەی کە بە ئاشکرا تەحەدای ئەو سیستەمە دامەزراوەی ئێستا بکات. دەکرێت ئەم قۆناغە وەک گواستنەوە لە گۆشەگیری ستراتیژییەوە بۆ هەوڵمەندی وردە وردە وەسف بکرێت، کە چین زیاتر متمانەی بە تواناکانی خۆی پەیداکرد، بەڵام هێشتا وریاییە لە وەرگێڕانی ئەم توانایانە بۆ کاریگەریی سیاسی ڕاستەوخۆ.
شی جینپینگ: لە یەکگرتنەوە بۆ دووبارە داڕشتنی سیستەمی نێودەوڵەتی
لەگەڵ گەیشتنی شی جینپینگ بۆ سەر دەسەڵات، سیاسەتی دەرەوەی چین چوە قۆناغێکی نوێ کە روونی هەوڵمەندی و گەشەسەندنی متمانە بەخۆبوون جیای دەکاتەوە. چین چیتر تەنیا بەدوای یەکگرتن لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی دەمەزراودا ناگەڕێت؛ بەڵکو دەستی کرد بە نمایشکردنی خۆی وەک هێزێک کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی ئەم سیستەمەی هەیە، یان لانیکەم دەستکاری رێساکانی بکات بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی گۆڕانی هاوسەنگی جیهانی هێز بێت.
ئەم ڕەوتە لە گوتاری «داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی» دا بەرجەستە بوو، کە تێڕوانینێکی جێگرەوە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای هاوکاری و گەشەپێدانی هاوبەش پێشکەش کرد، بە پێچەوانەی مۆدێلی لیبڕاڵی ڕۆژئاوایی کە لەسەر بنەمای بەهاکان و پێوانە سیاسییەکان دامەزراوە. لەم چوارچێوەیەدا دەستپێشخەری «پشتێن و ڕێگا» وەک ئامرازێکی پراکتیکی بۆ وەرگێڕانی ئەم گوتارە بۆ سەر بناغە ئابووری و جیۆپۆلیتیکییە بەرجەستەکان.
سیاسەتی شی جینپینگ هەروەها بە ئاستێکی زیاتر سەختگیری لە پرسە سەروەرییەکاندا، وەک دەریای باشووری چین و تایوان دەردەکەوێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گواستنەوی چینە لە قۆناغی دوورکەوتنەوە لە خۆلێدان بۆ قۆناغی بەڕێوەبردنی ململانێ لە چوارچێوەی سنوورێکی ژمێردراودا. سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە، چین بەردەوامە لە خۆدوورخستنەوە لە پێشکەشکردنی خۆی وەک هێزێکی شۆڕشگێڕ یان ئایدیۆلۆژیکی جیهانی. هەروەها هەڵوێستێکی وتاری پەسەند دەکات کە ڕێز لە تایبەتمەندییە نیشتمانییەکان دەگرێت و مۆدێلەکەی بەسەر ئەوانی تر ناسەپێنێت.
بەردەوامی لە ناو گۆڕاندا
سەرباری گۆڕانکارییە گەورەکان کە سیاسەتی دەرەوەی چین لە سەردەمی ماوەوە بۆ سەردەمی شی بەخۆیەوە بینی، هێشتا داوێکی بەردەوامیی هەیە کە ئەم قۆناغانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم داوە بەردەوامییە لە ناوەندیبوونی دەوڵەت، پێشینەبوونی مانەوە، و بەکارهێنانی ئایدیۆلۆجیا وەک ئامرازێکی کارکردی ـ نە وەک ئامانجێک لە خۆیدا ـ دەردەکەوێت.
گۆڕان لە ئینتەرناسیۆنالیزمی شۆڕشگێڕانەوە بۆ پراگماتیزمی گەشەپێدانی، پچڕانێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو وەڵامدانەوەیەکی هێواش‌هێواش بوو بۆ مەرجەکانی واقیعی نێودەوڵەتی و بۆ پێویستییەکانی گەشەپێدانی ناوخۆیی. لەم چوارچێوەیەدا.
 دەتوانرێت سیاسەتی دەرەوەی چین لە سەردەمی ئێستادا وەک ئەنجامی کارلێکێکی ئاڵۆز تێبگەین لەنێوان میراتی شۆڕشگێڕانە، وانەکانی هەڵهێنراو لە ئەزموونی سۆڤیەتی،

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا