
نووسینی: مەغدید حاجی
ئاشکرایە کە دژایەتی کردنی هزری چەپ و شیوعییەت و حزبی شیوعی و مێژووی حزبی شیوعی و کەسایەتییە شیوعییەکان شتێکی نوێ نییەو بەردەوامیشە.
لە مێژووی عێراقی هاوچەرخ و کوردستان زۆر کەسی نەیار بەم هزرو حزبە خۆیان تاقیکردۆتەوەو بەشێکیان لەگەڵ حزبی بەعسی فاشست کەوتنە ناو زبڵدانی مێژوو، دڵنیام ئەمانی دیش لە پاشەڕۆژدا هەر جێگایان زبڵدانی مێژووە.
هەروەها بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە یەکێک دەبیننەوە ئامادەیە دژی حزبی شیوعی و شیوعییەت قسەبکات و بڕشێتەوە، ئامێزی بۆ دەگرنەوە، وەک ئەوە وایە هەنگوینیان لەناو کولانکەی دارێ دۆزیبێتەوە!! و بواری پێدەدەن ناخی ڕەشی دژ بە حزبی شیوعی و سەرکردەکانی ئاشکرا بکات و بە ئارەزووی خۆی ڕاستییە مێژووییەکان بشێوێنیت!!
بەڵام با ئەم داخ لە دڵانەو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن باش بزانن ، لەوانەیە بشزانن، کە تاکو ئێستا لە زانکۆکانی عێراق و باشووری کوردستاندا بە دەیان، ئەگەر نەڵێم بە سەدان، توێژینەوەی دەرچوون و نامەی ماستەرو دکتۆرا لەسەر مێژووی حزبی شیوعی عێراق و کوردستان نووسراون و زۆریشیان وەکو کتێب چاپکراون . هەروەها لەسەر سەرکردەکانی حزبی شیوعی لە عێراق و کوردستان وەکو شەهیدان و نەمران:( یوسف سلمان یوسف ــ فەهد ــ سەلام عادل، جەمال حەیدەری، بەهائەدین نوری، عەزیز محەمەد، کەریم ئەحمەد، موکەڕەم تاڵەبانی) ..هتد
ئەگەر لەم توێژینەوەو کتێبە ئەکادیمیانە ڕەخنەش لەسەر حزبی شیوعی و سەرکردەکانی تۆمار کرابێت یان باس لە هەڵەو کەم و کوڕیش کرابێت ئاساییە، چونکە هیچ حزب و سەرکردەیەک لە کاروانی ژیان و خەباتیدا بێ هەڵەو کەم و کوڕی نەبووە. بەڵام نووسینی ئەوەندە نامەی ئەکادیمی و غەیری ئەکادیمی لەسەر مێژوو خەباتی حزبی شیوعی و شیوعییەکانی عێراق و کوردستان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ئەم حزبە لە مێژووی عێراق و باشووری کوردستاندا ڕۆڵێکی نیشتمانی شەڕەفمەندانەی پڕ لە قوربانیدانی بینیوە، لە پێناوی (نیشتمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیار)دا. هەر لە شەستەکانەوە تاکو هەشتاکان بە هەزاران پێشمەرگەی قارەمانی حزبی شیوعی شان بە شانی پێشمەرگە قارەمانەکانی دیکەی لایەنە کوردستانییەکان لە کۆڕی خەباتدابوون دژ بە حکومەتە دیکتاتۆرو داگیرکەرەکانی کوردستان و بڕۆن ژمارەو ناوی شەهیدانی حزبی شیوعی لە وەزارەتی شەهیدانی کوردستان پرسیار بکەن تاکو ئەم ڕاستییەتان بۆ دەربکەوێت.
هەروەها لە ماوەی بیست سی ساڵی ڕابردووداو تاکو ئێستا کتێبەکانی بیرەوەری سەرکردەو کادیرەکانی حزبی شیوعی بۆ توێژەران، بوونەتە یەک لە سەرچاوە گرنگەکان و ناتوانن پشتیان پێ نەبەستن.
هەموو ساڵێکیش لە ڕۆژی 31 ئاداردا یادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق، برووسکەکانی پیرۆزبایی هەردوو سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی و بەشێک لە حزبەکانی دی، دێغی ناکەن لە پیا هەڵدانی ڕۆڵی مێژوویی خەباتگێڕانەی حزبی شیوعی لە عێراق و کوردستاندا..
بۆیە مێژووی دەوڵەمەندو پڕ لە خەباتی نیشتمانی و قوربانیدانی حزبی شیوعی بە نووسین و لێدوانی چەواشەکارانەی داخ لە دڵان و کەناڵە گومانلێکراوەکان ناشێوێ و ناسڕێتەوە.