
پێویستە بەپشتبەستن بەئایدیا و فیکری مارکسیزم گۆڕانکاری نوێ بەرجەستە بکەین
ئەبوکاروان
بەشی یەکەم
کۆمۆنیزم وەک سیستەمێکی ئابووری و سیاسی، کۆمەڵایەتی حەتمی لە دەرئەنجامی گەشەی سەرمایەداری هاوچەرخ و لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە وەک یەکەیەکی بێ چین دێتەبوون و ئامانجی کۆتاییهێنانە بە خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی. هەموو ئەوانەش پێکەوە لەچوارچێوەی پرۆسەی بەڕێوەبەردنی کۆمەڵگەدا دەبێتە مایەی هێنانەکایەی یەکسانی مرۆڤ و بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایشی گشتی کە خەونی کۆی مرۆڤایەتییە. لەم کۆمەڵگایە و لە ژێر سایەی ئەم سیستەمەدا هیچ دەوڵەمەندێک نییە خاوەنی هەموو شتێک بێت، هەژارێکیش نییە خاوەنی هیچ نەبێت، کەچی پێچەوانە بەم ڕاستییە لە سیستەمی سەرمایەداریدا کۆمەڵگە لە بازنەی جیاوازی چینایەتی قووڵدا دەژێت و مرۆڤ دەکەوێتە گێژاوی ململانێیەکی توند و ناهاوسەنگەوە و کەسانێک لەسەر حسابی چینی چەوساوە دەبنە خاوەنی کارگە، زەوی، کۆمپانیا، لەبەرانبەریشدا کەسانێک لە دەرئەنجامی چەوساندنەوە و نابەرابەری ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا، بەدوای پاروویەک نانی ئاساییدا ڕووبەڕووی دەیان جۆر لە ملکەچی و چەوساندنەوەی جەستەیی و هزری دەبنەوە و ناتوانن وەک مرۆڤ بژین .
لەژێر سایەی سێستەمی سەرمایەداریدا مرۆڤ وەک ئامرازی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایە مامەڵەی لەگەڵدەکرێت و دەبێتە بەشێک لەو ماشێنە بێبەهایەی، کە ئەم سێستەمە لەپێناو مانەوەی خۆیدا بەکاریدێنێ.
لەم بەکارهێنانەدا سەرمایەداری کار لەسەر گەشەی بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری خۆی دەکات و نایەوێ لەقەیران و تەنگوچەڵەمەی بەردەوامی خۆیدا بکەوێ وەک ئەوەی لە دنیای ئەمڕۆدا دەرهاوێشتەکانی لە زۆر لە وڵاتانی سەرمایەداریدا بەدیدەکرێت.
لە بەرانبەردا و لە کۆمەڵگە کۆمۆنیستییەکاندا، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان - وەک کارگە و کێڵگە - خاوەندارێتی بەکۆمەڵ دەکرێن و هەر کەسێک بەپێی توانای خۆی کار دەکات و بەپێی پێویستی خۆی دەبات. ئەمەش مانای ئەوەیە کە کۆمەڵگە شتەکان پێکەوە بەرهەمدەهێنن و لەگەڵ یەکتردا هاوبەشی دەکەن، ملیاردێر و بێ ماڵ و حاڵ نییە.
تێگەیشتن لە کۆمۆنیزم و سەرچاوەکانی
زیاتر لە سەدەی نۆزدەهەمدا و بەزۆری لەگەڵ دەرکەوتنی دیدگای کارل مارکس و فریدریش ئەنگڵسدا سەریهەڵدا و ئەمەش دواجار لە مانفێستی کۆمۆنیستدا ڕەنگیدایەوە و ئاماژە بەوە کراوە مێژووی هەموو کۆمەڵگە مێژووی ململانێی چینایەتییە و لەم ئاستەشدا تەنها کۆمۆنیزمە دەتوانێ کۆتایی بەو ململانێیە بێنێت، واتا ئەم بیر و فەلسەفەیە بۆخۆی مەرامێکە بۆ بەرجەستەکردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا و دەیەوێ سیستەمی سەرمایەداری کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژوازی بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوە هەڵوەشێنێتەوە و کۆمەڵگەیەکی بێ چەوساندنەوە بونیادبنێ و ڕێگانەدات بەوەی ئەو دیاردانەی پێشتر دووبارەبێتەوە و ئەمەش وەک کارڵ مارکس ڕوونیدەکاتەوە پێویستی بە پاساوی تیۆرییە تاکو کرێکاران و چینە ژێردەستەکان قەناعەت بە مانەوە و ئەبەدیەتی ئەم ڕژێمە بهێنن .
وێڕای ئەوەی کە کرۆکی کۆمۆنیزم بۆ خۆی هیوا و ئومێدە، بەڵام لە پراکتیکدا پێویستی بە ئایدیا و تێڕوانینی فەلسەفی قووڵ و بابەتییانە هەیە وەک ئەوەی کە لە فەلسەفەی مارکسیزمدا ڕەنگیداوەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە لەوە تێبگەین ئایە تا چەند ئەم بیروباوەڕە وەک خۆی دەگاتەجێ و ئامانجە سۆسیالیستییەکان بەدیدێن. بەبڕوای زۆر لە بیرمەندانی مارکسی ئەمەیان پەیوەندی بە ئەزموونکردنەوە هەیە لە کایەی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەدا و بەبێ تێگەیشتن لە پایەکانی ئەزموونکردنیش بابەتەکە تەنها وەک تێئۆرێک دەمێنێت و هیچیتر، بویە لە دۆخێکی ئاوادا کە سیستەمی سەرمایەداری بڕست لە خەڵکی هەژار دەبڕێ و ململانێی چینایەتی سەرهەڵدەدات، تەنها کۆمۆنیزم دەتوانێ هاوسەنگی ئەو ململانێیە ڕاگرێت و ببێتە شوێنگرەوەی نەهێشتنی چەوساندنەوەی چینایەتی و کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری، هەر ئەم حەقیقەتەشە وادەکات مارکس کۆمەڵگە بەسەر دوو چیندا دابەشبکات:
1- بۆرژوازی: ئەوانەی خاوەنی کارگە و بانک و بازرگانین.
2- پرۆلیتاریا: ئەو کرێکارانەی کە کات و ماندووبوونیان بۆ ژیان دەفرۆشن.
ئامانج لەم شیکردنەوە و دەستنیشانکردنەش ئەوەیە کە پرۆلیتاریا وەک چینە زۆرینەکەی کۆمەڵگە لە ڕێگەی خەبات و ململانێی بەردەوامەوە هەوڵی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی بدات و کار لەسەر چوونەسەر دەسەڵات بکات و لەو ڕێگایەوە ڕژێمی سەرمایەداری هەڵوەشێنێتەوە.
هەر لەسەر ئەم شیکردنەوەیەش مارکس پێیوایە جیاوازییەکی گرنگ هەیە، سۆسیالیزم قۆناغێکی ئینتقالییە، کە تێیدا دەوڵەت هێشتا کاروبارەکان ڕێکدەخات و سامان دابەشدەکات تا دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێ بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی بێ چەوساندنەوە، ئەم لێکدانەوەیەش ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەمان دەکاتەوە کە ئایە کۆمۆنیزمی ڕاستەقینە چییە؟ ئایە لە دەوڵەتی کۆمۆنیستیدا ئەو هەڵاواردن و نابەرابەرییە دەمێنێ؟ بێگومان نەخێر چونکە لە ئیدارەدانی ئەم سیستەمەدا، نە دەوڵەت، نە سنوور و نە هەڵپەی پارە و کۆکردنەوەی سەرمایە نامێنێت و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە یەکسان دەبن لە دۆخی ژیانی ئاساییدا و هەمووان دەبنە خاوەنی گشت.
هەرچەندە هەندێ کەس لەدوای ڕوخانی بلۆکی سۆسیالیستی و نەمانی یەکێتی سۆڤێت لێرەولەوێ بانگەشەی شکستی کۆمۆنیزمیان دەکرد و پێیانوابوو ئەزموونی دەوڵەتی کۆمۆنیستی ئەزموونێکی سەرکەوتوونەبووە و نەتوانراوە ئەوە ئەنجامبدرێ کە کۆمۆنیستەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد بۆیە شکستیانهێنا، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە و ئەمە بۆچوونێکی دوژمنکارانەیە دژی بزووتنەوە و ڕەوتە چەپ و شیوعییەکان و دەیانەوێ بەو شێوەیە و لەڕێگەی وەها پێناسەیەکەوە سیستەمی کۆمۆنیستی لەکەدار و ناشرین بکەن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و سیستەمەکەیان، کە سەرمایەدارییە، هەرچەندە ئەتوانین بڵێین ئەوەی لە ڕووسیا و یەکێتی سۆڤێتی جاران و تەنانەت چین و هەندێ وڵاتی تردا ڕوویدا و ڕوودەدات، خودی کۆمۆنیزم نەبووە و نییە، بەڵکو لە پێکهاتەی بونیادنانی ڕژێمێکی نیمچە سۆسیالیستی پاوانخوازدا قەتیسکرا و نەتوانرا گەشەی چەندایەتی و چۆنایەتی پێبدرێت و ئەمەش بووە خاڵێکی نەرێنی بەدەستی نەیارانی کۆمۆنیزمەوە و بووە هۆکاری ئەوەی بەو جۆرە بانگەشەی شکستی دەوڵەتی بێ چەوساندنەوەی کۆمۆنیستی بکەن، لە کاتێکدا ئەم جۆرە دەوڵەتانە هێشتا دوورن لە دەوڵەتی کۆمۆنیستییەوە و نەیانتوانی بگەنە ئەو قۆناغەی کە کۆمۆنیزم هاوسەنگیی دەوڵەت و چین و توێژەکان ڕاگرێت.
لەم ڕوانگەیەوەیە دەڵێین بەڵێ دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکدا بژین، کە نادادپەروەری ئابووری تێدا نەبێت، بەبێ ئیستغلالکردن، بەبێ جیاوازی چینایەتی، دۆخی گشتی بەڕێوەببرێت و دەوڵەتی لەسەر بونیادبنرێ.
هەرچەندە هەندێک کەس پێیانوایە مەحاڵە دەوڵەتێکی لەو چەشنە بونیادبنرێ، هەندێکیش دەڵێن: دەبێت هەوڵ بدەین، چونکە (کۆمۆنیزم تەنها بیرۆکەیەکی ئابووری نییە... دیدێکی ڕادیکاڵە بۆ جیهانێکی یەکسانتر)، بەڵام وەک هەر بیرۆکەیەکی گەورە جێبەجێکردنی ئاسان نییە، مێژووش ئاڵۆزە و لە دەرهاوێشتەیدا چەندان حاڵەت و دیاردەی جیاواز و نەخوازراو دەبینرێت، بۆیە شیکردنەوە و خوێندنەوەی ڕابردوو و دیاردە و حاڵەتەکانی ناو مێژوو دەمانخەنە بەردەم پرسیاری جیاوازتر و ئەوەمان دێننە پێش کە ئایا ئیمە لەسەر ئەو بنەمایە کارمانکردووە و کار دەکەین؟ ململانێی چینایەتی لە لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی ئێمەدا ڕەنگیداوەتەوە؟ یان هەر ڕووکەش تێمانپەڕاندووە نەگەڕاوینەتەوە بۆ تێگەیشتن لە هەڵە و کەم و کورتییەکان؟ گەر وایە دەکرێ لێرەدا هەڵوێستەیەکی لە سەربکەین و چیتر تێنەپەڕێ بەسەرماندا؟ بۆ ئەمەش پێویستە کۆنگرە بکەینە خاڵی دووبارە خوێندنەوەی ئەزموونەکانی ناو ئەو مێژووە و بەوردی گفتوگۆی لەسەر بکەین و بگەڕێینەوە بۆ سەر ڕێچکە فیکریە ڕاستەکە، کە مارکسیزم بەوردی شییکردۆتەوە و سەرچاوەیەکی بەهێزی ئێمەشە لە تێگەیشتنمان بۆ ئیدارەی دەوڵەتێکی هاوسەنگ، کە ماف و کەرامەتی مرۆڤی تێدا پارێزراوبێت. بۆیە گەر لە سۆنگەی ئەم تێڕوانینە و لە فەلسەفەی مارکسیزمەوە لە جەوهەری هەڵسوکەوت و میکانیزمی کرداری بەشێک لە سەرکردە و کادیرەکانی حزب بڕوانین، تێدەگەین خەریکە ئێمەش بەهەمان هەڵدێر و هەڵەکانی یەکێتی سۆڤێتی جاران و چینی ئێستادا دەڕۆین و بەتێگەیشتنی ئەوان لە دیاردە و ڕووداوەکان دەڕوانین و هەندێجاریش سەردەکێشین بۆ شێواندنی حەقیقەتی دەوڵەتی کۆمۆنیستی، ئەمەش لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا بۆخۆی بابەتێکی گەرمە و پێویستە وەک خاڵێکی گرنگ لە پرۆگرامی کۆنگرەی داهاتووماندا بەوردی هەڵوێستەی لەسەربکرێ، تا فۆڕمێکی نوێ و ناشایستە نەبەخشرێتە ئایدیا و فەلسەفەی مارکسیزم، وەک ئەوەی لە ئەزموونی وڵاتانی بەناو کۆمۆنیستیدا ڕوویدا و ڕوودەدات، چونکە وەک چۆن .. بینی ئادەمزاک، نووسەری کتێبی کۆمۆنیزم بۆ مناڵان دەڵێت: لەنێوان ڕوخانی یەکێتیی سۆڤیەت و هەستانی بەهاری عەرەبیدا، بزووتنەوەیەک لەبزاوتدابوو دژی جیهانگیری لەژێر دروشمی جیهانێکی تر مومکینە، ئاواش پێویستە ئێمە لەو ئاستەدا بوەستین و بڵێین گۆڕانکاری لە ژیانی حزب و چەقی ململانێ سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا مومکینە و دەبێ لەسەر بنەماکانی ئەو تێگەیشتنە، لە شکستی ئەزموونی ئەو وڵاتانە بڕوانین و هەنگاوی نوێ بنێین و سڵنەکەینەوە لە تێکۆشانی ڕاستەقینەی مارکسییانە دژی چەوساندنەوە و نادادی کۆمەڵایەتی .