
بەشی حەوتەم
ئەبوكاروان
گرنگترین خاڵی بەهێزی سەرکردە کە لە پێکهاتەیدا توانای فیکری و سیاسی دەردەخات و بەشێکە لە خەسڵەتە پۆزتیڤەکان پێشبینی و ڕوئیای سەرکردەیە بۆ دیاردە و ڕووداو و پێشھاتەكان و دەبێ جیاواز لە ھەر مرۆڤێكی ئاسایی ئەو ورد و بابەتییانە لە ڕووداو و پێشهاتەکان بڕوانێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ دید و تێڕوانینێکی تر و پێشەنگ بێت لە دەربڕین و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکاندا و ڕوئیای ڕوون و پلانداریژاوبێت و واقیعبینانە بۆچوونەکانی ئاراستە بکات و دەبێ لەڕوانگەیەکی بابەتییانەوە کار لەسەر جووڵاندنی کۆمەڵگا و شوێنکەوتووانی بکات و ئامانجێکی دیاریکراوی ڕوونی هەبێ و ئالیەت و میکانیزمی گونجاو داڕێژێ لە پێناو ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو ئامانجیكی دیاریکراو و پێویستە لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردە شرۆڤە و پێشبینی پێشوەختەی هەبێ و پێشبینی و هەڵسەنگاندنەکانی نزیک بن لە ڕاستی و دروستی ڕووداو و پێشهاتەکان و ڕای گشتی پێ چەواشە نەکرێ، چونکە هەندێ جار بەپێشبینییەکی هەڵبەستراو و ناڕاست چەواشەکاری دەستپێدەکات و مەترسی دەخوڵقێنێ. هەرچەندە پێشبینی خۆی لەخۆیدا یاسایەكی تایبەتە و زیاتر پشت بەڕاستییەكان دەبەستێ لەپاڵ ھەستی غەریزەیی و كۆمەڵێ ھۆكاری (غیر ملموس) لەوانە مەعنەویات و ھێزی پاڵنەر و دینامیكییەتی پەیوەندییەكان ، بەڵام دواجار دەبێ سەركردە بڕیارەكانی لەسەر بنەمای پێشبینی بەقەد ڕاستییەكان پشتی پێببەسترێ و نەکەوێتە هەڵەوە.
كاتێك سەركردە پێشبینییەكانی دروست دەرناچێ ،ئەوا ئەنجامەكانی بە زیان دەشکێتەوە بەسەر حزب و کۆمەڵگادا و کەشێکی نائاسایی و قەیراناوی بەرهەمدێنێ و ئەگەری جیابوونەوە و لەیەکترازان دروستدەکات و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆکاری شڵەژان و پەراگەندەبوونی ئەندامان و لایەنگرانی حزب و کۆمەڵگا و هەرجۆرە پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی کە وابەستەی ئەو سەرکردەیەبن، بۆیە دەبێ سەركردەی بەھێز پێشبینییەكانی بەھێز و دانەبڕاوبێ لە واقیع ، چونکە پێشبینی سەركردە توانای سەركردە دەردەخات لە خوێندنەوەی ڕووداو و پێشهاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا.
سەركردە داھێنەر نابێت لە سیاسەتكردن كە نەزانێ چ دەگوزرێ لە دەوروبەریدا، نەزانێ كێ پشتگیری دەكات و ڕاستگۆیە لەگەڵی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و ئامانجی ڕێكخراوەكەی و نەزانێ كێ دژیەتی بەكردەیی و ئەمەش بنەمایەكی دروستە بۆ سەركردە ، كەواتا پێشبینی ھاوكاریی سەركردە دەكات بۆ ھەستكردن بە ڕووداوەكانی نێو خەڵك و زانینی ھیواكان و مەترسییەكانیان بەو ئاستەی کە پێشتر پێشبینی نەکرابێ .
ھیچ سەركردەیەك ناتوانی سەركەوتنی بەھێز بەرجەستە بکات گەر ڕاستگۆیانە مامەڵە نەکات لەگەڵ دەوروبەری و نەزانێ خاڵە بەھێز و لاوازەكانی حزب و کۆمەڵگا لە کوێدایە و چۆن چارەسەردەکرێ و چی ئاراستەیەکی گرتۆتەبەر ، چونکە تێگەیشتن لە سایکۆلۆژیای کۆمەڵگا و تاکەکانی، باشترین خاڵی دەستپێکە بۆ پێشبینیکردنی هەر دیاردە و ڕووداوێک ،کە دەشێ سەرهەڵبدات .
سەركردە دەبێت خوێندنەوەی ھەبێت بۆ دۆخەكە و بزانێت چۆن سیاسەت دەكات و بە چ جۆرە سیاسەتێك سەركەوتوو دەبێت و چۆن هەنگاوەکانی گوڕانكاری بەرەو باشتر هەڵدەنێت و لەکوێدا پشت بە ڕاوێژ و شرۆڤەی گشتی دەبەستێت. هەرچەندە لە ڕووی زانستی سیاسی و دەرووناسییەوە مەبدەئی سەركردە نەگۆڕە ، بەڵام جێبەجێكردنی لە سەركردەیەكەوە بۆ سەركردەیەكی تر ، لە ھەڵوێستێكەوە بۆ ھەڵوێستێكی تر دەگۆڕێ.
ئەمە جگە لە شێوازی پەیوەندی و هەماهەنگی ،کە دەبێ لە سەرکردەی ڕاستەقینەدا خاڵێکی گرنگ بێت و ناکرێ سەرکردە و کەسایەتی خاوەن ئەزموون پشتی تێبکات ،بەتایبەت لەگەل ئەو كەس و ڕێكخراوانەی کە لەگەلیدا كار دەكەن ، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە کەسانی دەوروبەری سەرکردە، هەڵسەنگاندنی تایبەتیان بۆ سەرکردەکەیان هەیە و بچووکترین کەموکورتی و کێماسی دەبێتە هۆکاری دابڕان و دوورکەوتنەوەیان و بەجددی كاری لەگەل ناكەن گەر ڕاستگۆیی و وردبینی و خاڵی ئەرێنی لەسەرکردەکەیاندا نەبینن.
دەبێ لەم ئاستەدا کەسایەتی سەرکردە ڕۆڵ و کاریگەری خۆی لەبیرنەکات و تەنها فاکتەری بایەخپێدان و گرنگی نەبێت ، لە بەر ئەوە بایەخپێدانی بێهاندان ناتوانێ کاریگەری بخوڵقێنێ و نابێتە بنەمایەک بۆ جووڵەی زیاتر و هەنگاوی باشتر ، بۆیە چەند پەیوەندییەكانی سەركردە لەگەل ھاوڕێكانی بەھێزبێت ،ئەوەندە زیاتر ھاوكاری دەبن ، بەپێچەوانەشەوە سەركردەی فڕیودەر و یاریكەر بەزوویی ئاشكرا دەبێت و ناتوانێ سەرکەوتووبێت لە پایەی خۆیدا .
ڕاھێنەری تۆپی پێی ناسراو بل وولش دەڵێ: ھیچ شتێك لە ستایشی دڵسۆزانە كاریگەرتر نییە و ھیچ شتێك لە دەستخۆشییەكی درۆزنانە لاوازتر و لاواز تر نییە.
ھەندێ لە سەركردەكان ڕووبەڕووی كێشەی یاسای پەیوەندییان ھەیە بەدەوروبەری خۆیانەوە و ئەوانەی كاریان لەگەلدا دەكەن و دووڕوو ، و ھیوابەخش نین و بۆیە دەبینین خوارەوەیان ڕقیان لێدەبێتەوە و بەجدی كاری لەگەل ناكەن ، لەم ئاستەشدا ناپلیۆن دەڵێ : سەركردەكان دەبێ بازرگانی ھیوا بن و كاتێك ھیوا دەبەخشنە ئەندامەكانیان، كەواتا داھاتوویان پێدەبەخشن .
ھەندێ لە سەرۆك و سەركردەكان گرفتی پەیوەندییان ھەیە لەگەل ئەندامەكانیاندا ، مامەڵەی ئەمانە وەكو مامەڵەی بەڕێوەبەرە لەگە لە فەرمانبەراكانیدا و دەبێ ئەمانە موراجەعەی بكەن چونكە ئەو خاوەن پلەیەكی باڵایە و ئەمانیش شوێن كەوتەین ، کەواتە سەركردەی سەركەوتوو ئەوانەن كە دەستپێشخەری دەكەن و دەوروبەرەکەیان بەسەردەکەنەوە و دەبنە هۆکاری جووڵاندنی نەستی هاوڕێ و هاوکارەکانیان، چاوپێكەوتن و سەردانی ھەڤاڵانیان دەكەن كاردەكەن بۆ بەھێزكردنی پەیوەندی لەگەل خوارووی خۆیان ھەروەك چوون پەیوەندی بەھێزدەكەن لەگەل جەماوەر و گوێیان لێدەگرن و ھەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان دەدەن.
سەركردەی بەتوانا و خاوەن کەسایەتی کاریزمی بەردەوام پەیوەندییەكانی دەخاتە بەر نەشتەری هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی کار و چالاکییەکانی دەکات لەگەل خەڵك و ھاوڕێكانیدا و پردی پەیوەندییان لەگەل بەھێز دەكات و دەبێتە خۆشەویستی ئەوان ، وەک دەوترێ بۆ ئەوەی سەركردایەتی خۆت بكەیت عەقڵت بەكار بێنە ، بۆئەوەی سەركردایەتی خەڵك بكەیت دڵت بەكار بێنە ، ئەمەیش یاسایە ،یاساكە پێی دەوترێ یاسای پەیوەندی ، کەواتا دەبێ کەسایەتی سەرکردە ، کەسایەتییەک بێت ھەوڵبدات پێش هەر داواکاری و هەماهەنگییەک، دڵی بەرانبەر بخوێنێتەوە و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی گشتگیری بابەتییانەوە بچێتە نێو پەیوەندییە کاریگەرەکانەوە، کە دواتر بەئاراستەی دید و تێڕوانینی سەرکردە بکشێ.
لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم یەكێك لە توانا ھەرە گرنگەكان لە سەركردایەتیدا توانا و تێگەیشتن لەمرۆڤەكانە، بۆیە دەبێ سەركردە لەسەر پەیوەندییەكانی شارەزایی تەواوی هەبێ و بتوانێ بە میکانیزمی گونجاو دابەزێتە ئەو ئاستەی کە حزب و کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکەی لێی دەخوازن و بەشێوەیەکی مەنهەجی و بەدوور لە تەفرەدان و بڵاوکردنەوەی وەهم بەشداری خەڵك بكات لە گفتوگۆ و چاودێریکردنی باری گشتی کۆمەڵگاکەی و نەسڵەمێتەوە لەوەی خەڵك بەچی ئاراستەیەک دەبڕێ و دەیەوێ بۆکوێ بڕوات.
(ماویەتی)