
بەشی ھەشتەم
ئەبوكاروان
یەكیك لە بنەما كاریگەرەكانی سەركردە لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە و جووڵەی سەرکردایەتیکردندا بازنەی ناوخۆیی ڕێکخراو و حزبەکەیە كە خۆی لەخۆیدا سەركردایەتی بەكۆمەڵ دەگرێتەوە، چونکە كاتێك بازنەی ناوخۆیی وەک یەکەیەکی هاوتەریب پێكەوە كاردەكەن توانای كەسی یەكەم دەردەخەن، ئەمەیش وەك یاسایەك دیاریكراوە كە پێی دەوتری یاسای بازنەی ناوخۆیی، كە ھەر یەكێك لە ئەندامانی ئەو بازنەیە تەواوكەری ئەوی ترە و ئەکرێ بڵێین ئەمانە زنجیرەیەکی هاوبەشن لە بەڕێوەبردنی ئەرکی دیاریکراودا، الام تریزا دەڵێ: دەكرێ كارێ بەتۆ بكرێت بەمن نەكرێت و كارێكی تر بەمن دەكرێت بە تۆ ناكرێت و كاری ھەموومان پێكەوە سەركەوتنی گەورە مسۆگەر دەکات.
سەركردە لە بازنەی كاركردنیدا لەگەل ھاوڕێكانی تووشی سێ جۆرە كەس دەبێتەوە ، یەكەمیان ئەوانەن لە ھونەری سەركردایەتی تێگەیشتوون و كارەكانیان بەسەركەوتوویی ئەنجامدەدەن ، دووھەمیشان ئەوانەن كە ڕاڕا و دوودڵن و نازانن چیبكەن و چۆن كارەكانیان بەڕێوەببەن ، سێھەمیش پێکدێ لەوانەی کە دەزانرێ لەسەرەتاوە سلبی و لاوازن ، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم سێ بەشە لە پرۆسەی کارکردندا دەبێ سەرکردە بەدیقەت و وردبینیەوە هەرلە سەرەتاوە كاری جددی لەسەر گرووپی سێیەم بکات و ڕانەوەستێ لە هۆشیارکردنەوە و تێگەیاندن و پێگەیاندنیان ، چونکە دواکەوتنی ئەم گرووپە لە پرۆژەی کاری ڕێکخراوەیی و حزبیدا ، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێ لەسەر خودی سەرکردە و دەبێتە مۆکڵەی سەرکەوتنی لە پرۆسەی کاری ڕۆژانەدا و ئەگەر نەتوانێ سەرکەوتووبێت ئەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان کەسایەتی سەرکردە دەشکێ و ناتوانێ دوو گرووپەکەی تریش بخاتە سەر سکەی خۆی ، لەبەر ئەوە توانای سەركردە لە دەوروبەرەكەیەوە دەردەكەوێ و بەھێزبوونی ئەوان بەھێزبوونی ئەو دەردەخات ئەمەش تاكە ڕێگایە بۆ سەركەوتن و گەیشتن بە بەرزترین ئاست.
سەركردەی متمانە پێكراو ئەو سەركردەیەیە كە لە ئەنجامی دابەشكردنی ئیش و كارەكاندا دەسەڵاتی تەواو دەداتە ئەو بەرپرسە یان ئەو ڕێكخراوەی كە ئەو ئەركەیان پێسپێردراوە و دەستوورناداتە ورد و درشتی ئیش و كارەكانیان ، ئەو دەسەڵات بەخشینە وادەكات كەسی بەرپرس خاوەنی كەسایەتی خۆی بێت و داھێنان بكات لە ئیش و كارەكانیدا، بەڵام بەپێچەوانەوە دەستێوەردانی سەركردە لە وردەكاری ئیش و كارەكاندا ئەوانی تر لاواز دەکات و ناتوانن گۆڕانکاری چلۆنایەتی بەرجەستە بکەن ، ھەر لەبەر ئەوەشە کە پێویستە سەركردە کەسایەتییەکی وریا و بەئەزموون بێت و نەکەوێتە هەڵەی ئەنجامدانی كاری تاكڕەوانە و نەبێتە مایەی شێواندنی پرۆسەی ڕاسپاردنەکە بەكەسانی تر.
جون شتاینبیك خودانی جایزەی نۆبڵ دەڵێ: سروشتی مرۆڤ وایە كە تەمەنی بەرەو ھەڵكشان دەڕوات ناڕازی و ڕێگر دەبێت لە پرۆسەی گوڕانكاری بەتایبەتی لە گوڕانكاری بەرەو باشتر بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە كەسانی تر بەردەوام گوڕانكاری دروست دەكات و ھاندەر دەبێت بۆ گەشە و داھێنان ، كەواتا گوڕانكاری لەپای پێشكەوتنە و گەر سەرکردە ئەم خاسیەتەی تێدا نەبێت و نەتوانێ گۆڕانکاری بەرهەمبێنێ لە کاری خۆیدا و نەبێتە سیمبولی دەوروبەری ، ئەوە کەسایەتییەکی قبوڵكراو نییە و لەمپەری بۆ دروست دەكەن و ناتوانێ گوڕانكاری بخولقێنێ .
لەم قۆناغەی ئەمڕۆی دونیادا سەركردەی تاكڕەو و بیروکراتی سەرکردەیەکی قبوڵکراو و مەرغوب نییە و ناتوانێ پرۆژە و بەرنامەی خۆی جێبەجێ بکات و لە فەزای کاری گشتیدا ڕەنگدانەوەی هەبێ ، بۆیە ئەوانەی بەم شێوازە سەركردایەتی هەر ڕەوت و بزووتنەوەیەک دەکەن ، کەسایەتییەکی فاشیل و شکستخواردوون و پێویستە هەر لەسەرەتاوە ڕێگریان لێبكرێت و لە قاڵب و سزا بدرێن، چونكە ئەوە دەرچوونە لە چوارچێوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی بۆ ڕێكخراوەكە بڕیاری لەسەر دراوە و پەسەندكراوە لەلایەن كۆی ئەندامانی ڕێكخراوەكە، كە خۆی لەخۆیدا لەبەرژەوەندی میللەتەكەدا و لەچوارچێوەی بەرنامە و سیاسەتی گشتدای خۆی دەبینێتەوە ، بۆیە محمد ماغوت دەڵێ سەركردە تا ئەو كاتە سەركردەیە كە پابەندی یاسا و مافی میللەتەكەی بێت ، گەر لەوانە لادا لە ( ......) زیاتر ھیچی تر نییە.
بۆیە دەبینی بەدرێژایی مێژوو سەركردە مەزنەكان ، ئەو سەرکردە و کەسایەتییانەن کە لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكاندا ڕەچاوی پڕۆژەی ستراتیژی خۆیان دەکەن و بەهێزەوە لەڕێگای یەكخستنی جیاوازییەكان و تێڕوانینی ھەمەچەشنە، كە دەبێتە بنەمایەك بۆ تەحەددای ھاوبەش و بەھێزبوون بەرانبەر نەیارەكان دەردەکەون و بەردەوام لەهەوڵی چارەسەركردنی بازنەی ناوخۆیی ڕێكخراوەکەیاندان و وەک پرۆسەیەک کار لەسەر هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی تەواوی لایەنە گشتی و تایبەتییەکان دەکەن و ڕاستەوخۆ دادەبەزنە خوارەوەی ڕێكخراوەكە و گوێ لە تاك بەتاكی ئەندام و لایەنگرانیان دەگرن و ھاوكارییان دەکەن ، ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆکاری گەشەكردن و بەرەوپێشبردنی توانا و لێوەشاوەیی کەسایەتی سەرکردە و کاریگەری جددی لەسەر دۆخی کاری ڕێکخراو و دەستەکەی دەبێ.
سەركردەی كارامە ئەوەیە كە وێنەی زۆر باش دەبەخشێ و دید و بۆچوونەكانی بەپلان دادەڕێژێ و بەكردەوەیش كار بۆ جێبەجێكردنی دەكات چونكە سەركردە دەبێ تێبگات كە ئەركەكان ئامانجەكان دیاریدەكەن و دیدگا وێنە دەكێشێت و ستراتیژی پلانەكە دادەنێت ، ھەر بۆیە سەركردە چەند پێگەی بەرز و بەھێزبێت تێڕوانینی بۆ كرداری داھاتوو زیاتر و زیاتر دەبێت ، ھەر لەبەر ئەو ھۆكارانەیە كە سەركردەی بەتوانا دید و پلانەكەی بەڕوونی دەخاتەڕوو و داھێنانی گرنگ و بەردەوامی دەبێ لە داڕشتنی كاریگەرانەی پڕۆژەی خۆیدا و بەمەش وێنە نەرێنییەکەی سەرکردە پێچەوانە دەکاتەوە و دەبێتە مایەی سەرکەوتن .
كاتێك كاتە سەختەكان دێنە پێش و بەرۆكت دەگرن و مەترسی و گومانەكان زیاتر دەبن و فەوزا دروست دەبێت و ھەڕەشەی لەناوچوونی ھەمووان دەكرێت ، ئەندامان پێویستییان بە وێنەیەكی ڕوون و ئاشكرا و پلانی تۆكمە ھەیە لە سەركردەكانیانەوە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لەو بارودۆخە سەختە ، ئەو پلانەی سەركردە بەتواناكە وزە و حەماسەت و پاڵنەریان بۆ دابیندەكات بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە پێشكەوتن و ھەنگاونان بۆ پێشەوە.
پێویستە سەركردەی ئازا و بوێر وێنەیەکی باشی جووڵە و كرداری باش پیشانبدات و ببێتە فاکتەری سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی ڕەوتی کار و لەبیریشی بێت کە بەردەوام چاودێری كارەكانی دەكرێ و ئەو چاوساغی پلەیەکە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی پلانە گشتییەدا.
سستی و دەرچوونی سەركردە لەیاسا و ڕێساكان و فێڵبازی و درۆكردن لەگەل لایەنگران، ھاندەر دەبێ بۆ دواکەوتن و تۆمارکردنی شکست و هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی شوێنکەوتووانی بەهەمان ڕێچکەدا بڕۆن و بەمەش سەرکەوتن مسۆگەر نابێ و ناتوانن بەرەوپێش بچن ، بۆ ئەمەش فیزر ستون دەڵێ : بەشێك لە سەركردەكان هەر قسە دەكەن و خۆشیان ناتوانن ناوەرۆكی قسەكانیان جێبەجێبكەن، بەمەش سەرکردە ناتوانێ لایەنگرانی فێربكات ، بۆیە وادەخوازێ سەركردە قسە و كرداری وەكو یەك بێت، ئەوەیش دەچێتە چوارچێوەی بەخشینی یاسای وێنەوە، كە تۆ چەند وێنەی جوان پێشكەش بكەیت، شوێن كەوتووانت ھەمان ڕێچكە دەگرن و كاری باش ئەنجامدەدەن.
(ماویەتی)