دەربارەی سەركردە

بەشی نۆیەم

ئەبوكاروان

 

یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانی سەرکردەی سیاسی، ئەجێندای کار و ئەرکی جیاوازە کە لە کەسانی ئاسايی کۆمەڵگادا کەمتر درکی پێدەکرێت و ئامانجەکان ناڕوونن ، بۆ ئەمەش لە پرۆسەی جووڵەی ڕۆژانەدا سەرکردە ڕایەڵەیەکی پەیوەندی تایبەتە بە بەکارهێنانی ئەو ئامراز و میتۆدانەی کە بتوانێت پەیامەکەی بە شێوەیەک بابەتیيانە بگەیەنێت کە هاوتابێت لەگەڵ گوفتار و کرداریدا و بتوانێ بەجۆرێک هەنگاوی بۆبنێت کە بە کورتترین مەودا ئامانجەکانی بگەیەنێ و دەوروبەرەکەی تێبگەیەنێ. ڕاستییەکە ئەوەیە کە زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان هەندێک جار وەک ئەوەی هەستی پێدەکەن، بەزەحمەت کار ناکەن. ئەم واقیعە کاتێکی زیاتریان پێدەبەخشێت بۆ بیرکردنەوە و تێفکرینی زیاتر ، بەتایبەتی لە کاتی دانانی بەرنامەی کار و بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە قەیرانەکە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە ژیانییەکان دروست دەکات لە کۆمەڵگادا و ڕەنگدانەوەی لەسەر کەسایەتی سەرکردەی سیاسی یان سروشتی دۆخەکە دەبێت.

واتا دەبێ سەرکردەی سیاسی وێڕای هەڵگرتنی چەندین خەسڵەتی جیاواز، خاوەنی بەرنامە و پڕۆژە و تێڕوانینی جیاواز و ژیرانە بێت و ڕووداو و پێشهاتەکان وەک زنجیرێکی لەیەکگرێدراو بخوێنێتەوە و نەکەوێتە ژێر هیچ بنەمایەکی تر، چونکە ھەر گرفت و لەنگیيەك ڕووبدات ئەوا شوێنكەوتووان سارد دەبنەوە و ڕێكخراوەكە لاواز دەبێ و سەركەوتوو نابێت، بۆیە پێویستە سەرکردە، بەتایبەتی سەرکردەی سیاسی، خۆبەدەستەوەدەر و سازشکار نەبێ و بە یەکلاکەرەوە و پتەویی لە بڕیاردانی دروستدا نیشانبدرێت.

 لێرەدا بنیاتنانی یاساکانی بیرکردنەوەی زانستی لەژێر ڕۆشنایی ئەو کاتە سنووردارەدا و بوونیان لە مێشکی سەرکردەی سیاسیدا پێویست و گرنگە بۆ ئەوەی قەیرانەکە بەخێرایی چارەسەر بکات و بەشێوازیك بیربكاتەوە كە بتوانێ زاڵبێت بەسەر دەوروبەری خۆیدا و متمانەیان لادروستبکات تا لە ڕێگای پەیوەندییەكی باش لەگەلیاندا پرۆسەی بەرنامە و پڕۆژەی خۆی لەڕێگای ڕاستگۆیی و دروستكردنی متمانەوە لەڕێگای دانانی ستانداردی بەرز بۆ خۆی و پێدانی ھێز، بەپێدانی ئەو ئامرازانەی كە كارەكانیان باشتر بۆ ئەنجامدەدەن، بە یارمەتیدانیان بە گەیشتن بە ئامانجە كەسی و گشتییەكان ، بە خەڵاتكردن و پەرەپێدانی تواناكانیان بۆ ئەوەی ببنە سەركردە.

لە جەوهەری ئەم بابەتەشەوە چیرۆكی كەسایەتی و سەركەوتنەكانی غاندی وەک ئەزموونی سەرکردەیەکی زیندوو ئاماژە پێدەدەم بەوەی كە توانی تێڕوانینی خەڵكەكەی بگوڕێ لەپێناو سەربەخۆيی و ئازادی لە شەڕ و ئاژاوە دژی داگیركاری بەریتانی بۆ یاخیبوونی مەدەنیيانەی  ئاشتیيانە، لەكاتێكدا ئەو سەردەمە دەیانویست لەڕێگای توندوتيژيیەوە بگەنە ئامانجەكانیان. دیاریكردنی خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتییانە باشترین ڕێگا بوو بۆ سەركەوتن، چونكە ئەو خوێندنەوەی دروستی كردبوو بۆ قۆناغەكە و سەلماندی كە ناتوندوتيژی گەورەترین ھێزە بەدەستی مرۆڤەكانەوە بۆ ئەو سەردەمە ، کەوایە بەرنامەی کار و پڕۆسەی میتۆدەکانی ئیشکردن زۆر جار بۆ ناوبانگی سەركردە كاریگەری زیاتر بووە لەو بەرنامە باشەی كە ھەڵگریەتی، ھەر ئەو ناوبانگەش خەڵك لە دەوری حزبەكە و ڕێكخراوەكە كۆدەكاتەوە.

 بوونی بەرنامەی باش و جێبەجێنەكردنی لەلایەن سەركردەكانەوە و نەگەیشتن بە ئامانجەكان، ئەوا ئەندام و لایەنگرانت دووردەخاتەوە لە ڕێكخراوەكەت و دەبێتە ھۆكاری پەرتەوازەبوونیان ، هەربۆیە توێژەرانی سیاسی هەنگاوەکانی غاندی بە دروست هەژماردەکەن و پێیانوایە ئەو داواکاریيە بۆ هاندانی گەل و ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم و یاخیبوونی ئاشتییانە باشترین ڕێگایە ، ئەمەیش ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێ كە خەڵك لە سەرەتاوە شوێن دروشمی بەرز ناكەون، بەڵكو شوێن ئەو سەركردە لێھاتووانە دەكەون كە پشتگیری لەو دروشمانە دەكەن كە دەتوانن باوەڕیان پێ ھەبێت و جێبەجێی بكەن .

مێژووی تێكۆشانی گەلی كوردستان و خەباتی پێشمەرگایەتی سەلماندوویەتی كە زۆر لە تێكۆشەران پێش ئەوەی لە بەرنامە و دروشمی حزب و لایەنەكە تێگەیشتبێتن ، زیاتر  لە ژێر كاریگەری سەركردەكان یان فەرماندەكان ھاتوونەتە كۆڕی خەباتەوە و دواتر ھۆشیاركراونەتەوە لە پرۆگرام و سیاسەت و دروشمەكانی ئەو ڕەوتەی پەیوەندیيان پێوە كردووە.

لەو ڕوانگەیەوە دەتوانم بڵێم  لەنێوان سەركردە و ڕوئیادا پێوانەیەك ھەیە ئەویش:- ئەوەیە گەر ئەندامان بڕوایان بەسەركردە و بە بەرنامەكە نەبوو پێكەوە، ئەوا حزب و ڕێكخراوەكە بەجێدێڵن و بەدوای سەركردەی تر دەگەڕێن، گەر بڕوایان بە سەركردەكە نەبوو بەڵام بڕوایان بە بەرنامەكە ھەبوو ئەوا ھەوڵی چارەسەر و لێكتێگەیشتن دەدەن و گەر نەیانتوانی سەركردەكان قایل بكەن ئەوا دیسان بەجێیدێڵن و بەدوای سەركردەی تر دەگەڕێن ، دیسان گەر بڕوایان بە سەركردەكە ھەبوو و بڕوایان بە بەرنامەكە نەبوو ، ئەوا دەگەڕێن بەدوای بەرنامەی تر و ڕێكخراوەكە بەجێدێڵن ، ھەروەھا گەر بڕوایان بەسەركردەكە و بە بەرنامە و دروشمەكان ھەبوو ئەوا بەدوای سەركردە و ڕێكخراوەكە دەكەون و ھەوڵی بەجێھێنانی ئامانجەكانیان و سەركەوتن دەدەن ، ئەمەیە پێوەری سەركەوتنی سەركردە و تێڕوانین.

بابەتێكی تر كە پێویستە لە پڕۆژە و بەرنامەی سەركردەدا بوونی ھەبێت سەركەوتنە. گەر سەركەوتنی سیاسی و حزبی بێت یان سەركەوتنی سەربازی ، سەركردەی بەتوانا ڕێگای سەركەوتن دیاریدەكات و كاری لەسەر دەكات بۆ ئەوەی بیباتەوە و ڕێكخراو یان تیپەكەی دووربخاتەوە لە شكست و دۆڕان، چونكە لەمێژە وتراوە خاڵی ھاوبەشی سەركردە سەركەوتووەكان قبوڵنەكردنی دۆڕان و شكستە، قەیرانەكان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە كام سەركردە بەتوانایە و كام سەركردەیش لاواز و خراپە.

ڕێگای سەركەوتن، سیاسەت و زانست و ھونەری دەوێ. چرچڵ كە ویستی لە شەڕدا سەركەوتن بەدەستبێنێ لەگەل ھێزەكانی موسولینی، كاتێ ھێزەكانی بڵاوكردەوە لە دەریای ناوڕاستدا (البحر المتوسط) و بۆی دەركەوت سەرناكەوێ، ھاوپیمانی گرێدا لەگەل ستالین و سۆڤیەت و سەرەڕای دژایەتی بیری شیوعیيەت.

 لەلایەكی ترەوە پەیوەندی بەھێزكرد لەگەل سەركردەی بەھێز فرانكین رۆزفلت و ئەگەرچی ئەمریكا بریاری وابوو بەشداری شەڕ نەكات، بەڵام ئەم پەیوەنديیە كەسێتییە بەھێزەی ھەردوو سەركردە گەیاندیانە ئەو ئاستەی كە ھاوپەیمانی شەڕ دروستبكەن و لەئەنجامدا سەركەوتوو بن.

ڤلاديمێر لینین وەک کەسایەتی و سەرکردەیەک كاتێك پلان و بەرنامەی شوڕشی ئۆكتوبەری دانا وتی :- ئەمڕۆ زووە ، سبەی كاتییەتی ، دوو سبەی درەنگە ، بۆیە سەركردەی سەركەوتوو پێویستە خاوەنی پلان بێت و ھەل بقۆزێتەوە و ڕووداو دروستبكات، ئیستیغلالی ڕووداوەكان بكات، ھەر سستی و كەمتەرخەمییەك لەدەربڕینی ھەڵویستەكان و لادان لە پلانی كاری سەركەوتن دواتدەخات و لە قیتارەكە بەجێدەمێنیت و بۆشایی دروست دەكەیت و خەڵكی تر و ڕێكخراوی تر شوێنت دەگرنەوە و سەركەوتوو دەبن، ھەر لەبەر ئەوە دەبێ سەركردە ھەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیيات بكات و ھەرچی لەتوانایدایە بەكاربێنێ بۆ فراونكردنی ڕێكخراوەكەی و سەركەوتن بەدەستبێنێ.

دەبێ سەركردە ئەو ڕاستیيە بزانێ کە كاری سەركردایەتی بەرپرسیارێتییە ، بۆیە دەبێ ڕازی نەبێ بە دۆڕان ، پەرۆش بێت بۆ سەركەوتن، داھێنان بە گرنگ بزانێ ، تەسلیمبوون مایەی قبوڵ نییە ، پابەندبوون دڵنیایيە و سەركەوتن حەتمییە ، بەم شێوازە بیركردنەوە و عەقڵیەتە، سەركردە ڕووبەڕووی ئالنگارییەكان دەبێتەوە و كاری جددی بۆ سەركەوتن بۆ خۆی و لایەنگرانی دەكات.

سێ توخمی سەرەكی ھەیە بۆ سەركەوتن، ئەگەر لە حزبی سیاسیدا كاربكەیت یان لە كۆمپانیایەكدا یان لەبواری سەربازیدا ھەتا لە تیپێكی وەرزشیدا، لەوانە یەكێتی لەتێڕوانین و بیركردنەوەدا ، سەركەوتن بەدیناھێنرێ بێئەوەی تاكەكاكانی بیركردنەوەی ھاوبەشیان نەبێت و خاڵی دووھەمیانیش ھەمە چەشنی كارامەیی و شارەزابوون لەكاری جۆراوجۆر و دابەشكردنی كارەكان بەپێی توانا و لێھاتوويی تاكەكان و خاڵی سێھەمیش پابەندبوونی سەركردە بە پلانەكانی سەركەوتنەوە، دەبێ بزانرێ یەكێتی دید و بۆچوونەكان لەخۆوە نایەتەدی بەبێ بوونی سەركردەی بەتوانا و ھاندەر و ھاوكار و خاوەن ڕێنمایی بەردەوام بۆ ھاوڕێكانی، ئەمەیش ڕێگای سەركەوتن مسۆگەر دەكات.

لاو ھۆڵتز پێیوایە بۆ ئەوەی بتوانی سەركەوتن بەدەستبێنی پێویستە یاریزانی نایابت ھەبێت ، هەرچەندە بۆ ئەوكاتە گرنگ نییە ڕاھێنەر كێ بێت، بەبێ یاریزانی لێھاتوو ناتوانرێ سەركەوتن بەدەستبھێنرێ.

 

 

وتاری نووسەران