
سەدیق سەعید ڕواندزی
بەپێی ماددەی سێیەم، لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، یەكەم دانیشتنی پەرلەمان، بە بانگهێشتی سەرۆكی هەرێم و دە ڕۆژ دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان ساز دەكرێت. ئەم دانیشتنە، لەلایەن بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان بەڕێوە دەچێت، دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی دەكرێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی، بەپێی ماددەی دەیەم لە هەمان پەیڕەو، كە لە سەرۆك و جێگر و سكرتێر پێكدێن، هەڵدەبژێردرێن. واتا بەپێی پەیڕەو دەبێ لە دانیشتنی یەكەمدا، دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەگەر نەتوانرا، ئەوا لە پەیڕەوی ناوخۆدا، هیچ ئەلتەرناتیڤێكی یاسایی نەخراوەتەڕوو، كە پێدەچێ ئەوانەی ئەو پەیڕەوەیان داناوە و هەمواركردۆتەوە، بیریان لەوە نەكردبێتەوە كە ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی لە دانیشتنی یەكەم و دانیشتنەكانی دواتریش هەڵنەبژێردرا، گرفتی یاسایی دروستدەبێت یان نا؟ بەتایبەتیش دانیشتنی یەكەم تەنها بۆ سوێندخواردن و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتییە و سەرۆكی كاتی ئەم دانیشتنە، تەنها مافی بەڕێوەبردنی ئەم دانیشتنەی هەیە و ناتوانێ هیچ بڕیار و ڕاسپاردەیەك دەربكات. لە دوای یەكەم دانیشتندا، ئیدی بەپێی ماددەی سیانزە لە هەمان پەیڕەودا، كاندیدی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمان هەموو مافێك و بەخششێكی ئەندامیەتی دەبێت. واتا لێرەدا ئەگەر لە دوای دانیشتنی یەكەمدا، پەرلەمان بۆ ماوەی چەندین مانگیش كۆنەبێتەوە، ئەوا هەریەك لە دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامانی دەرچوو، هەموو مافێكیان دەبێت، كە ڕەنگە پەرلەمانتارانی پێشووتر و لە سۆنگەی بەرژەوەندی تایبەتیی خۆیانەوە، ئەو جۆرە پەیڕەوەیان بۆ خۆیان دانابێت، بەو پێیەی هەموو مافەكانی ئەندامیەتی خۆیان دەگرێتەوە. بێگومان هەموومان دەزانین كە مووچە بەرەنجامی كاركردنێكی كارگێڕی و فەرمییە و جۆرێكە لە پەیوەستبوونێكی یاسایی، ویژدانی و ئاكاری و نیشتمانی و لە بەرانبەر ئەو ئەركانەی هەر فەرمانبەرێك جێبەجێی دەكات وەریدەگرێت، گەرچی بەداخەوە ئێستا ئەمە پێچەوانە بۆتەوە و فەرمانبەران مووچەكەیان بەشێوەیەكی ئاسایی وەرناگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر فەرمانبەرێك بە هەر هۆكارێك لە دەرەوەی مۆڵەتی فەرمی لە كارەكەی ئامادەنەبێت، ئەگەر بۆ یەك ڕۆژیش بێت بە ئامادەنەبوو هەژمار دەكرێت و لە مووچەكەی دەبردرێت. كەواتا پرسیار ئەوەیە بۆچی كاندی دەرچووی پەرلەمان لە ماوەی چەندین مانگدا بێ دانیشتن و كۆبوونەوە مووچە وەربگرێت؟ مەگەر ئەویش ئەركی فەرمی نییە؟ نازانم پەرلەمانتاران چۆن ویژدانیان ئاسوودەیە، كە بە چەندین ساڵ و مانگ بەهۆی گرفتی سیاسی و كارگێڕی و ململانێی حزبییەوە، بەشداری یەك دانیشتن نەبن و پەرلەمان كۆنەبێتەوە، كەچی مووچەش وەربگرن؟ وەك ئەو دانیشتنە كراوەی یەكەم دانیشتن، كە لە ڕاستیدا مووچەی كراوەیە. نزیك دەبێتەوە لە چوار مانگ پەرلەمان یەك دانیشتنی نەكردووە، دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردراوە، پەرلەمانتاران یەك دانیشتنیان نەكردووە، كەچی هەموو مافێكیشیان هەیە، كە ئەمەش نادادپەروەری و ئەو پەڕی هەستنەكردنە بە بەرپرسیاریەتی كە دەبوو هەمووان بە كۆمەڵ دەست لە كار بكێشنەوە نەك ڕازی بن بەو دۆخە، بەڵام لە كۆمەڵگەیەكدا پەرلەمان پەرلەمانی حزب بێت نەك خەڵك، ئایا پەرلەمانتار بوێری ئەوەی دەبێت بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات و هەڵوێستێكی لەو شێوەیە وەربگرێت؟!