
گۆشەیەکی تر
دیسان هەڵبژاردن و دیموکراسی ئەتککرا
هۆشیاری عەبدولعەزیز
دەستبردن بۆ بەرجەستە كردنی دیموكراسی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات و چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی ڕادەربڕین و دەنگدان و هەڵبژاردن ، وەک گورزەیەک یەکێکە لە پایەگرنگەکانی دیموکراسیەت و بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگا و بە شێوەیەکی گشتیش پێویستی بە چەندان ڕەهەندی دیکەی گرنگ و سەرەکیی هەیە و دەکرێ لە ڕێگەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دیموکراسیەتەوە، کاری جدیان لەسەر بکرێ بەتایبەت لە ڕووی سەروەریی یاسا، لێپرسینەوەی سیاسی، دەستپاکیی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و مەحسوبیەت و بەشبەشێنە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەدەنی ، کە ببنە بنەمایەکی بەهێز لە پاراستنی ئیرادەی تاک و چەسپاندنی خودی دیموکراسیەتدا کە ھیچ ھێز و کەسێک نەتوانێت تەجاوزی بکات ، ئەگەر بە شێوە بابەتیانە و مۆدێرنەکەی کاری لەسەر بکرێ چونکە لە ئێستادا ڕەنگە ئەمە باشترین مۆدێلی حوکمڕانی و پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی و دەرفەتبێت بۆ دەستاودەست کردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی هێمنانە و جێگیر ، هەرچەندە دیمۆکراسی بەبێ هەڵبژاردن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئازادیە گشتیەکان بابەتێکی پوچە و ناتوانێ کاریگەری گۆڕانکاری بەدیبهێنێت وەک ئەوەی کۆمەڵگا چاوەڕێیەتی و دەیهەوێ لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە پرۆسەی حوکمڕانی و دەسەڵاتدارێتی لە ژینگەیەکی سەقامگیر و هێمنانەدا دەستاودەست بکرێت
لەمەشدا هۆشیاری تاک کاریگەری خۆی هەیە و دەتوانێ ببێتە هۆکارێکی کاریگەر لە دابینکردنی زەمینەی ڕەخساو بۆ پیادەکردنی بنەماکانی دیموکراسی لە کۆمەڵگادا بەمەرجێ ئیرادەی تاک نەشکێنرێ و بەزەبری هێز و چاو سورکردنەوەو هەڕەشەی نان بڕین نەهێنرێنە پای سندوقی دەنگدان و چەواشە کاری و بەرتیل و پارە بەخشینەوە نەکرێتە بنەمای دیموکراسی و دوبارە جعاشکردنەوەی ئەحزابی حوکمڕان وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستاندا بە ئاشکرا دەبینرێ و بوەتە هۆکارێکی گەورەی بەرهەمهێنانی جۆرە نوخبەیەکی مافیای و بازرگانی دەسەڵاتدار و سیاسی گەندەڵ کە هەموو بەبێ جیاوازی دەستیان لە تێکشکاندن و ئەتککردنی دیموکراسی و کەینونەی تاکدا هەیە و بوونەتە مایەی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا بەگشتی و هەموو هەوڵیشیان بۆ ئەوەبوو کە پرۆسەی دیموکراسیەت لە بازنەیەکی مەشلولدا جێگیربێت و تەنها وەک شتێکی ڕۆتین بمێنێتەوە و دەستمایەیەکی مەعنەوی بێت تا لە کاتی هەڵبژاردن و گۆڕانکاریەکاندا بەکاری بێنن
چونکە دەزانن دیموکراسیەت لە دنیای ئەمڕۆدا پرۆسەیەکی گرنگ و پڕبایەخی بەرێوەبردنە و، ئامرازی موراڵی بەهێزی لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی گرفتەکانە و دەکرێ بۆ چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگاش بەکەڵک بێت ، بەتایبەت لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای کوردی کە پڕاوپڕە لە عەقڵیەتی عەوامگەری شلەژاو بە زۆر شێوە دووچاری قەیران و شکستی جۆراوجۆر بوەتەوە و لە گێژاوێکی سیاسی و ئابوری ناهاوسەنگدا دەژێت و ژینگەی تێگەیشتنی خەڵکیش لەبار و ئامادەیە بۆ هەر چەواشە کردنێک کە ئەحزابی حوکمڕان بەرهەمی دێنێ
لە پێناو مانەوەی خۆیاندا
هاوردەکردنی دیموکراسی و موولوولەکانی گەشەسەندنی لەعێراق وکوردستاندا ئەوەندە فۆرمێكی قێزەوەنی نا مرۆڤانەی لە خۆ گرتوە و ئەوەندە بچوككراوەتەوە بوەتە پرسێکی لاوەکی ناشرین بۆ ڕەخساندنی شەرە گووتاری نبَوان سیاسیەكان و دروستكردنی كۆمەلێك هێزی چەكداری ملیشیا و پێشاندانی هێزو خیتاب و هەیمەنەكردنی گرووپێك بەسەر ئەوەی تر و استفزازكردن و ترساندنی هاوڵاتیان بە خیتابەكانیان و لە تێكدان و وێرانكردن بترازێت هیچ مانایەكی تری بۆ کۆمەڵگا نەهێشتۆتەوە،ئەمە لە کاتێکدایە کە دیموکراسی تهنها تێڕوانین و شێوازێکی بیرکردنهوهی بابەتی و کولتووری نییه و ئێمە خۆمانی پێبادەین ، بەڵکوو دیموکراسی بهر له ههر شتێک پرۆسەیەکە و دەبێ لە واقیعدا مامەڵەی پێ بکرێ و دامهزراوه دەوڵەتیەکان پابەندیبن بەتایبەت لە هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا ، چونکە دەستاودەست کردنی دەسەڵات لەڕێی سندوقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە دیموکراتیزەکردنی خودی دیموکراسیەتە و ڕاستی و دروستی پراکتیزەکردنی دیموکراسیەت ئەسەلمێنێ و بایەخێکی یەکجار گرنگی هەیە بۆ سیستەمی سیاسی، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی بە پرۆسەیەکی ستەمکاری نادیموکراسیدا گوزەر دەکەن ، ئەم پرۆسەیە تەنها بابەتێکە بۆ خۆنواندن و خۆنمایش کردن و چەواشەکردنی کۆمەڵگا جگە لەوە هیچیتری لێ کەسک نابێ ، وەک ئەوەی ئێستا و لەم قۆناغ و هەڵومەرجەدا لە عێراق و کوردستان دەبینرێت
بەڕاستی ئەوەی لێرە ڕووئەدات مەهزەلە و یاریکردنە بە موقەدەراتی خەڵک و هەموو بنەماکانی دیموکراسیەت و دەستبردن بۆ هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدانیش تەنها فێڵێکی سیاسی و بازرگانی نوخبەی دەسەڵاتدارە و دەیانەوێ لەو ڕێگایەوە ڕەوایەتی بە سوڵتەی سیاسی و حوکمڕانی خۆیان بدەن و بڵێن ئەوەتا لێرەش دیموکراسیەت و هەڵبژاردن هەیە و هیچ گرفتێک نیە ، بەمەش جگە لە ئەتکردنی دیموکراسیەت و چەواشەکردنی خەڵک پرۆسەی خۆدەرخستن و خۆنمایشکردنەو هیچی تر. چونکە دواجار ئەوان لەدەرەوەی ئیرادەی جەماوەر و بە پشتبەستن بە پڕۆژەی وڵاتانی هەرێمایەتی و خودی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکە و بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی کۆمەڵگای کوردی لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیزاینکراودا (پەرلەمان)ێکی ئیفلیجکراو پڕ شکست پێکەوە دەنێن و دەیکەنە سەرچاوەی تەشریع و لەو ڕێگایەوە ڕەوایەتی بە مانەوەی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان دەدەن و دەیانەوێ لە ڕێگەی تەزویرێکی دیجیتاڵی دیزاینکراوەوە کە دەرئەنجامەکانی زۆر لەوە مەترسیدارترە کە خۆشیان وێنای دەکەن ، ببنەوە خاوەنی شەرعیەتی حوکمڕانی و دۆخێکی تەندروست و سەقامگیر بەرهەمبێنن ، چونکە لەم پرۆسە گوماناویەدا کە ئەگەرەکان زیاتر لەسەر تەزویری دیجیتاڵی و دیزاینێکی دیاریکراوە کە نەک تەنها خۆیانیان پێ ناشرینکرد بەڵکوو تاکی دەنگدەریشیان شکاند و بوونە هۆی دروستکردنی بێ متمانەی و شێواندنی ڕای خەڵک و کێشەیەکی تریان بۆ کۆی کێشەکانی تری هەرێمی کوردستان زیاد کرد و بوونەمایەی تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەی و قوڵکردنەوەی جارێکیتری پەنجا بەپەنجای ڕابردوو کە هەر بە فیتی ئێران و تورکیا دروست بوو ، بەم هەنگاوەش ناشرینکردنی دیموکراسی و دۆخی حکومڕانی و خراپی خزمەتگوزاریی زیاتر لەجاران دەچێتە پێش و تەنها هەرێمی کوردستان وکێشەکانی بەتەنها دەمێنێتەوە