
نووسینی جمیل سالم
وەرگێڕانی لە عەربییەوە: ریواس احمد بانیخێڵانی
ئەمە وتارێكە بەناوی "فێركاری: پراكتیزەكردنی ئازادی یان ئامرازی چەوساندنەوە" كە لە لایەن "جەمیل سالم"ەوە لە ئەپرێلی ٢٠٢٥ نووسراوە.
ئەم سەرناوە هاوشێوەی یەكێك لە كتێبە ناودارەكانی پاولۆ فرێیرییە بە ناوی "فێركاری وەك پراكتیزەكردنی ئازادی"، بەڵام لێرەدا نووسەر پرسیارێك دەخاتەڕوو، كە ئایا فێركاری پراكتیزەكردنی ئازادییە یان ئامرازێكە بۆ چەوساندنەوە، كە ئەمەش ڕێك ئەو بیرۆكە سەرەكییەیە كە لە فەلسەفەی فرێیریدا باسی لێكراوە.
بیرمەندی پەروەردەیی بەڕازیلی پاولۆ فرێیری (١٩٢١-١٩٩٧)، یەكێكە لە دیارترین ئەو كەسایەتییانەی بۆچوونێكی نوێی سەبارەت بە پرۆسەی فێركاری هێنایەكایەوە. بۆ ئەو پرۆسەی فێركاری ئامرازێكە بۆ ڕزگاری كۆمەڵایەتی. فرێیری لە واقیعی هەژاری و نەخوێندەواری لە بەڕازیل دەستیپێكرد، بەڵام توانی فەلسەفەیەكی پەروەردەیی ڕەخنەگرانە پەرەپێبدات، كە ئامانجی دروستكردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانەیە لای (قوتابییان، فێرخوازان). واتە گەشەپێدانی تێگەیشتنیان بۆ واقیعی كۆمەڵایەتییان و بارودۆخی ستەملێكراوییان، بەجۆرێك كە فێركاری دەبێتە پرۆسەیەكی ڕزگاركردن نەك تەنها تەلقینكردن. لەو كاتەدا كە فرێیری ڕەخنەی لە شێوازی فێركاریی نەریتی "بانكی" گرت، كە قوتابییان وەك لاپەڕەیەكی سپی، یان (قوتوویەكی بەتاڵ) وێنا دەكات، كە زانیاری تێدا "دادەنرێت"، ئەو مۆدێلێكی جێگرەوەی بۆ فێركاریی ڕزگاركەر پێشكەشكرد، كە لەسەر دیالۆگ و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و كاری بەكۆمەڵ بەندە. بیرۆكەكانی فرێیری لەگەڵ تێزەكانی بیرمەندانی تری مێژوودا یەكدەگرنەوە. بۆ نموونە، ژان ژاك ڕۆسۆ لە كتێبی "ئێمیل"دا ڕەخنەی لە پەروەردەی نەریتی گرت و بانگەشەی بۆ پەروەردەی سروشتی ئازادانە كرد، هەروەها خەلیل سەكاكینی لە فەلەستین مۆدێلێكی پەروەردەیی ڕزگاركەری پیادە كرد، كە ڕەخنەی لە فێركاریی (تەلقینی) لەبەركردن دەگرت. هەروەها دەكرێت دەنگدانەوەی فەلسەفەی فرێیری لە تیۆری هەژموونی كلتووری لای ئەنتۆنیۆ گرامشی ببینرێت (بەتایبەت چەمكی ڕۆشنبیری ئۆرگانیك) و لە شیكاری پیێر بۆردیۆ بۆ توندوتیژی سیمبۆلی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چینایەتی لە ڕێگەی پرۆسەی فێركارییەوە، هەروەها لە كارەكانی هێنری جیرۆ كە پەروەردەی ڕەخنەگرانەی پەرەپێدا بە ئیلهاموەرگرتن لە فرێیری. ئەم وتارە ئەم چەمكانە دەخاتەڕوو، لەچوارچێوەی فەلسەفەی فرێیریدا كۆیاندەكاتەوە، لە ڕێگەی باسكردنی بەشەكانەوە، كە ئەمانە دەگرێتەوە: شیكاری چەمكە سەرەكییەكان (هۆشیاری ڕەخنەگرانە)، بەراوردكردن لەنێوان فێركاریی بانكی و ئازادكەر، ڕۆڵی دیالۆگ و ڕەهەندە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی پەروەردە.
شیكاری چەمكەكان: دروستكردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانە و كرداری
فرێیری دروستكردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانە (هۆشیارییەك كە بەشیوەیەكی ڕەخنەگرانە بڕواننە بە واقیعی كۆمەڵایەتی و سیاسی) بە ناوەڕۆكی پرۆسەی پەروەردەییەكەی دادەنێت. فرێیری چەمكی conscientization (هۆشیاركردنەوە) پێناسە دەكات وەك پرۆسەیەكی گۆڕان لە هۆشیاری تاكدا لە ڕێگەی ناسینی ململانێ كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان لە واقیعی خۆیدا و هەوڵدان بۆ گۆڕینیان. فێرخواز بەچاوێكی ڕەخنەگرانە سەرەتا خۆی و ژینگەكەی دەبینێ؛ بارودۆخی سەركوتكردن یان ستەم (چ چینایەتی، نەژادی، ڕەگەزی یان شتی تر) دەرك دەكات كە تێدا دەژی و تێدەگات كە ئەوانە دروستكراوی مرۆڤن و چارەنووسێكی حەتمی نین. ئەم هۆشیارییە نوێیە مرۆڤ لە بوونەوەرێكی نامۆ و ملكەچی واقیعەوە دەگۆڕێت بۆ بكەرێكی كارا، كە توانای گۆڕینی واقیعی هەیە. بەڵام هۆشیاری ڕەخنەگرانە لای فرێیری تەنها پرۆسەیەكی فیكری تێڕامان نییە، بەڵكو ڕاستەوخۆ بە كردارەوە بەستراوەتەوە، واتە هۆشیارییەكە، كە كردار بەدوایدا دێت. لێرەوە چەمكی (praxis) سەرهەڵدەدات كە فرێیری جەختی لەسەر كردووەتەوە، مەبەست لێی تەواوكاری كردار و تێڕامانە لە هەمان كاتدا بۆ گۆڕینی جیهان. كردار (كار) لای فرێیری پراكتیزەكردنی ئازادی مرۆڤە لە ڕێگەی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەوە، كە ڕێنوێنی دەكات بۆ كردارێكی ڕزگاركەر و كردارەكەش بەنۆرەی خۆی پەیوەست بە تێڕامان و ڕەخنە دەبێت بەئامانجی پەرەپێدانی هۆشیاری. بەم شێوەیە فرێیری دووانەیی نەریتی نێوان تیۆری و پراكتیك تێدەپەڕێنێت، تا كرداری هۆشیارانە (كە هاوشانی تیۆری ڕەخنەگرانەیە) ببێتە جەوهەری پەروەردەی ڕزگاركەر.
فرێیری پێیوایە كە "هەموو مرۆڤێك لە سروشتەوە ڕۆشنبیرە" بەو مانایەی كە توانای بیركردنەوە و كرداری هەیە، بەڵام كلتووری زاڵ زۆر جار وا لە گرووپە چەوساوەكان دەكات كە بارودۆخی خۆیان بەبێ ڕەخنە قبووڵ بكەن. لێرەدا فرێیری لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گرامشی یەكدەگرێتەوە لە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە هەژموون تەنها سەركوتكردنی ماددی نییە، بەڵكو هەژموونی كلتووری و ئایدیۆلۆژیشە، چونكە بەها و بیرۆكەكانی چینی زاڵ لە هۆشیاری هەمووان ڕەگ دادەكوتن و وا دەردەكەون وەك ئەوەی "فیترەت، لە سروشتەوە" یان "هەستی دروست" بن. پرۆسەی دروستكردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانە شكاندنی "كۆدەنگی" ساختەیە دەگرێتەوە، كە هەژموونی كلتووری دەیسەپێنێت، لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی كە وەك بنەما سەلمێنراوەكان دانراون و تێگەیشتن لەوەی كە ئەوانە ئامرازی كۆنترۆڵكردنن. بۆیە دەكرێت بوترێت كە conscientization لای فرێیری پرۆسەی لابردنی پەردەیە لەسەر واقیع بۆ ئاشكراكردنی پەیوەندییەكانی هێز كە تێیدا شاراوەن، ئەمەش وا لە چەوساوەكان دەكات كە "هۆشیاری ڕاستەقینەی" خۆیان وەدەستبهێننەوە وەك مرۆڤێك كە توانای گۆڕانی هەیە.
فێركاریی بانكی لە بەرامبەر فێركاریی ڕزگاركەر
فرێیری ڕەخنەی لە مۆدێلی فێركاریی باو گرت و بە مۆدێلی فێركاریی بانكی وەسفكرد. لەم مۆدێلەدا مامۆستا ڕۆڵی دانەری زانیاری دەبینێت، كە مێشكی قوتابییەكان بە زانیاری ئامادەكراو پڕ دەكات و مامەڵە لەگەڵ زانین دەكات وەك ناوەڕۆكێكی جێگیر، كە ئاڕاستەیەكی یەك لایەنە لە مامۆستاوە بۆ فێرخواز دەگوازرێتەوە. ئەم مۆدێلە بەشاراوەیی پێشگریمانەی ئەوە دەكات، كە قوتابییەكان بەتەواوی نەزانن و مامۆستا هەموو شتێك دەزانێت، ئەمەش پەیوەندییەكی نایەكسانی نێوان هەردوو لایەن چەسپ دەكات. فرێیری دیاردەكانی ئەم مۆدێلەی ئەژمار كرد: مامۆستا قسە دەكات و قوتابییەكان بەبێدەنگی گوێدەگرن، مامۆستا بیردەكاتەوە و قوتابییەكان تەنها بابەتێكن (ئوبێكت) بۆ بیركردنەوە، مامۆستا بڕیار دەدات و قوتابییەكان جێبەجێدەكەن، مامۆستا بكەری چالاكە لە پرۆسەی فێركاریدا و قوتابییەكان تەنها شتگەلێكن. لەسایەی ئەم بارودۆخەدا، فێركاری دەبێتە كردارێكی لەبەركردن (تەلقین)، كە داهێنان دەكوژێت و قوتابییەكان دەكاتە فۆرمێك (دەفرێك) بۆ پڕكردنی زانیاری. خراپتر لەوەش ئەوەیە كە ئەم مۆدێلە توانای قوتابییەكان بۆ بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە پەكدەخات؛ چونكە هەرچەندە قوتابییەكان زیاتر هەوڵبدەن بۆ لەبەركردنی ئەو زانیارییانەی كە پێیاندەدرێت، دەرفەتەكانی پەرەپێدانی هۆشیاری ڕەخنەگرانەیان بەرامبەر بە جیهان كەمتر دەبێتەوە.
پەروەردەی بانكی لە جەوهەریدا تاكەكان بۆ گونجان لەگەڵ واقیعی ئێستا ڕادەهێنێت لەبری ئەوەی هەوڵی گۆڕانكاری بدەن. لێرەوە فرێیری پێیوایە كە فێركاریی بانكی ئامرازێكە لە دەستی هێزە زاڵەكان بۆ بەردەوامبوونی دۆخی هەنووكەیی و هۆشیاری قوتابییەكان "سڕ دەكات" و دەیانكات بە بوونەوەرێك، كە ئامادەن بۆ گونجان و ملكەچی، ئەمەش بەرژەوەندی ئەو گرووپە زاڵانەی تێدایە، كە نایانەوێت ڕاستییەكانی ستەم ئاشكرا ببن، یان هیچ هۆشیارییەكی ڕەخنەگرانە هاندەربێت، كە هەڕەشە لە دەسەڵاتیان بكات. هەروەك فرێیری بە مەجازەوە دەڵێت، فێركاریی بانكی زۆر لە كردارێكی "نێكرۆفیلی" (خۆشەویستی مردووان) دەچێت، چونكە مامەڵە لەگەڵ زانیاری دەكات وەك ماددەیەكی مردوو، و فێرخوازان دەكات بە شتگەلێك، كە ژیانیان تێدا نییە.
لە بەرامبەردا، فرێیری مۆدێلی فێركاریی ڕزگاركەر پێشكەشكرد، كە بە فێركاریی بنیاتنراو لەسەر خستنەڕووی كێشەكان (Problem-Posing Education) ناسراوە. فرێیری پێیوایە كە پەروەردەی ڕاستەقینە دەبێت لە چارەسەركردنی دژیەكی (ململانێی) نێوان مامۆستا و قوتابی دەستپێبكات، لە ڕێگەی دامەزراندنی هاوبەشییەكی یەكسان، كە تێیدا هەردووكیان لەهەمان كاتدا دەبنە مامۆستا و فێرخواز. لە پۆلی (ئازادكەر) ڕزگاركەردا، بارودۆخی ستوونی كە لەسەر فەرمان و گوێڕایەڵی بنیاتنراوە وەلادەنرێت، تا بارودۆخێكی ئاسۆیی جێگەی بگرێتەوە كە تێیدا هەموو كەسێك لە گفتوگۆ و بیركردنەوەدا بەشداری دەكات. مامۆستای ڕزگاركەر چیتر ئەو كەسە نییە كە "هەموو شتێك دەزانێت" و زانین دەسەپێنێت، بەڵكو بووەتە ئاسانكار و ڕێكخەری گفتوگۆیەك كە قوتابییەكان بە چالاكی تێیدا بەشدارن. مامۆستا لە قوتابییەكانەوە فێردەبێت بەهەمان ڕادەی ئەوەی كە فێریان دەكات و قوتابییەكان بەهەمان ڕادەی ئەوەی كە فێردەبن، فێریش دەكەن؛ هەموو بەشدارن لە دروستكردنی زانیندا و تەنها وەرگر نین. ئەم مۆدێلە پشت بە خستنەڕووی كێشە واقیعییەكان لە ژیانی فێرخوازانەوە دەبەستێت، تاكو ببنە بابەتی گفتوگۆ، لەجیاتی ئەو ڕێبازەی كە لەسەرەوە بەبێ ڕاوێژكردن سەپێنراوە. بەم شێوەیە فێركاری دەبێتە پرۆسەیەكی توێژینەوە و دۆزینەوەی هاوبەش؛ كە تێیدا مامۆستا و فێرخوازان هاوكاری دەكەن لە دۆزینەوەی واقیع و هێنانەئارای پرسیار و لە ڕێگەی بیركردنەوەی بەكۆمەڵ هەوڵدەدەن تا وەڵامەكان بدۆزنەوە. زانین لەم پێوەندەدا پاكەتێكی زانیاری ئامادەكراو نییە، بەڵكو هۆشیارییەكی ڕەخنەگرانەی نوێبووەوەیە، كە لە كارلێك لەگەڵ جیهان و تێگەیشتن لێی بۆ گۆڕینی سەرهەڵدەدات. هەروەك فرێیری جەختی لێدەكاتەوە، "فێركاریی ڕزگاركەر كردارێكی زانینی تێڕامانییە، Acts of cognition، و تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە". ئەوە فێركاریێكە كە هۆشیاری هاندەدات لە جیاتی ئەوەی سڕی بكات؛ لە كاتێكدا فێركاریی بانكی هەوڵدەدات هۆشیاری لەژێر چینی زانیاری وشكدا نوقم بكات، فێركاریی ڕزگاركەر كار لەسەر وریاكردنەوەی هۆشیاری و هاندانی دەكات بۆ ژیان لەگەڵ واقیع و دەستێوەردانی ڕەخنەگرانە تێیدا.
كۆمەڵێك لە بیرمەندان و پەروەردەكاران پێشی فرێری كەوتوون لە ڕەخنەگرتن لە فێركاریی لەبەركردندا. بۆ نموونە، ژان ژاك ڕۆسۆ (١٧١٢-١٧٧٨) لە سەدەی هەژدەیەمدا هێرشی كردە سەر شێوازی پەروەردەیی، كە ئەو كات لە ئەوروپا باوبوو و لەسەر لەبەركردنی توندوتۆڵی منداڵان، كە لە ژینگەیەكی داخراو و توندڕەوانەدا بنیاتنرابوو. لە كتێبی "ئێمیل یان لە بارەی پەروەردە"دا ڕۆسۆ وێنای پەروەردەیەكی سروشتی كێشا، كە ڕێز لە بێگەردی منداڵ و ئازادی دەگرێت و وای لێدەكات كە لە ڕێگەی ئەزموون و تێكەڵبوون بە جیهاندا فێر ببێت لە جیاتی پڕكردنی مێشكی بە زانیاری. ڕۆسۆ دەڵێت منداڵ دەبێت "لە كتێبی ئەزموونەوە فێر ببێت نەك لە كتێبی قوتابخانەكان؛ و زانینی خۆی لە سروشت و واقیعی هەستپێكراوەوە وەربگرێت لە جیاتی ملكەچبوون بۆ فەرمانەكانی كۆمەڵگا". ئەم تێڕوانینە لەگەڵ بینینی فرێیریدا یەكدەگرێتەوە لەو گۆشەنیگایەوە كە هەردووكیان بیرۆكەی منداڵ/ قوتابی وەك پاسیڤ و وەرگر ڕەتدەكەنەوە. ڕۆسۆ وەك فرێیری فێرخوازێكی چالاكی دەویست كە خۆی لە پێوەندی ژیانی واقیعیدا زانینی خۆی بنیاتبنێت، نەك فێرخوازێكی ملكەچ كە بەزۆر وانەی پێ بوترێتەوە.
هەروەها دەنگدانەوەیەكی سەرەتاییش بۆ فێركاریی ڕزگاركەر لای خەلیل سەكاكینی (١٨٧٨-١٩٥٣) لە فەلەستین دەبینین. سەكاكینی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕەخنەی لە بەرنامە نەریتییەكانی قوتابخانەكانی قودس گرت، كە لەسەر لەبەركردنی بێبەرهەم و سزای جەستەیی و نەبوونی پەیوەندی فێركاری بە ژیانی قوتابییەكانەوە بنیاتنرابوون. سەكاكینی دەستی لە كاركردن لە قوتابخانە میسیۆنارییەكان كێشایەوە و لە ساڵی ١٩٠٩دا قوتابخانەیەكی ناوخۆیی دامەزراند، كە ناوی نا قوتابخانەی دەستووری بۆ بەدیهێنانی ڕەهەندی پەروەردەیی خۆی. لە قوتابخانەكەیدا بەرنامەیەكی پێشكەوتووی بێ وێنەی لە ناوچەكەدا پەیڕەوكرد: سیستەمی سزای جەستەیی و خەڵات و پلەبەندی هەڵوەشاندەوە و جەختی لەسەر مۆسیقا و وەرزش و چالاكی ئازاد كرد وەك بەشێك لە پەروەردە. هەروەها زمانی عەرەبی (زمانی دایكی قوتابییەكان) كردە زمانی فێركاری و هەوڵیدا فێركاری بە ناسنامە و كلتووری قوتابییەكانەوە ببەستێتەوە. دروشمی سەكاكینی ئەوە بوو كە قوتابی مرۆڤە و دەبێت بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و ئازادی بیركردنەوەی پێببەخشرێت، نەك دەفرێك (فۆرمێك) بێت، كە بە زانیاری پڕبكرێت.
سەكاكینی بەكردەوە بنەمای فێركاری بەگفتوگۆ و بەشداری پیادەكرد و دەبینین قوتابییەكانی باس لەوە دەكەن چۆن بەشداری پێكردوون لە چیرۆك و گفتوگۆی سەرنجڕاكێش لە جیاتی وانەوتنەوەی ڕێزمانی وشك، كە ئەمەش خولیایەكی فێربوونی لایان دروستكرد، كە لەگەڵ كەسانی تردا ڕانەهاتبوون. ئەم ئەزموونە پێشەنگە لە فەلەستین نموونەیەكی سەرەتایی بوو بۆ فێربوونی ڕزگاركەر و پێش فەلسەفەی فرێیری كەوت، لە ڕووی ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی پەروەردەیی سەركوتكەر و بەرزڕاگرتنی ئازادی قوتابی و بەستنەوەی فێركاری بە پرسەكانی كۆمەڵگە (سەكاكینی لەو كاتەدا بانگەشەی بۆ بەكارهێنانی فێركاری لە بوژاندنەوەی هەستی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی خورافات و نەزانی لە كۆمەڵگەدا كرد)، بۆیە تێبینی دەكرێت كە مۆدێلی ڕزگاركەری فرێیری ڕەگوڕیشەی مێژوویی و فیكری لە گۆشەنیگا پەروەردەییەكان هەیە، كە پێش سەردەمی خۆی كەوتوون، هەروا فرێیری بەوە جیاواز بوو كە بنەمایەكی فەلسەفی ڕەخنەگرانەی بۆ ستەمی كۆمەڵایەتی بەم مۆدێلە بەخشی و ڕاستەوخۆ بە هۆشیاری چینە چەوساوەكانەوە بەستییەوە.
لای فرییری بەردی بناغەیە لە پەروەردەی ڕزگاركەر، پێچەوانەی فێركاریی بانكی كە تایبەتمەندی گوتارێكی یەك ئاڕاستەیە لە مامۆستاوە بۆ قوتابی، فرێیری جەخت لەسەر ئەوە دەكات، كە فێربوونی ڕاستەقینە لە كارلێكی گفتوگۆی نێوان هەموو لایەنەكانی پرۆسەی فێركاریدا سەرهەڵدەدات. گفتوگۆ لای فرێیری تەنها تەكنیكێكی پەیوەندیكردن نییە، بەڵكو ڕێبازێكی پەروەردەیی ڕزگاركەرە كە لەسەر ڕێزی دووقۆڵی نێوان مامۆستا و فێرخواز بنیاتنراوە و لەسەر باوەڕهێنان بەوەی كە ڕاستی تایبەت نییە بە كەسێك، بەڵكو لە ڕێگەی گەڕانی بەكۆمەڵەوە ئاشكرا دەبێت. لە دۆخی گفتوگۆییدا مامۆستا پرسیار دەخاتە ڕوو لە جیاتی دانی وەڵامی ئامادەكراو و گوێ لە ئەزموونەكانی قوتابییەكان و زانینی شاراوەیان دەگرێت و هانیاندەدات بۆ دەربڕین و ڕەخنەگرتن. بەم شێوەیە قوتابییەكان دەبنە توێژەری بەشدار لە زانیندا و پەیوەندییان بە زمان و زانینەوە لە وەرگرتنی پاسیڤەوە بۆ بەكارهێنانی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە دەگۆڕێت. فرێیری لەو باوەڕەدایە كە گفتوگۆ مەرجێكی پێویستە بۆ پەرەپێدانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە؛ چونكە بە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیرۆكەكان، توانای شیكاری و بەراوردكردن و دۆزینەوەی پەیوەندییەكان لە واقیعدا گەشەدەكات. هەروەها گفتوگۆ متمانە بەخۆ و مرۆڤبوونی فێرخوازان دەگەڕێنێتەوە، چونكە هەست دەكەن كە دەنگەكانیان بیستراون و بەهایان دانی پێدانراوە، ئەمەش بەپێچەوانەی فێركاریی دەسەڵاتخوازە، كە فێری بێدەنگی و ملكەچییان دەكات. لە گۆشەنیگای فرێیرییەوە، گفتوگۆ كردارێكی خۆڕزگاركەرە، چونكە خۆشەویستی و متمانە بە مرۆڤ لەخۆدەگرێت؛ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ كەسێك بكەم پێویستە باوەڕم بە توانا مرۆییەكانی هەبێت و ئامادەبم لێی فێربم هەروەك چۆن فێری دەكەم. بەم مانایە مامۆستا و قوتابی لە گفتوگۆدا دەبنە "هاوڕێی ڕێگا" بەرەو ڕاستی، هەڵەدەكەن و بۆ یەكتری ڕاستدەكەنەوە و بەشداری لە گەشەكردن دەكەن.
گفتوگۆ و پەیوەندی دیالۆگی كە فرێیری بانگەشەی بۆ كرد، بەردەوامی لە كارەكانی بیرمەندانی تری پەروەردەدا هەیە. بۆ نموونە، پەروەردەكاری فەلەستینی خەلیل سەكاكینی لە پۆلەكانیدا، بەڕێزگرتن لە بۆچوونی قوتابییەكانی و هاندانیان بۆ دەربڕینی تێبینییەكانیان، گیانی گفتوگۆی بەرجەستەكرد و دووركەوتنەوە لە شێوازی ترساندن. یەكێك لە قوتابییەكانی (واسف جەوهەرییە) شایەتیداوە كە وانەكانی سەكاكینی زیاتر لە گفتوگۆیەكی چیرۆكئامێزی سەرنجڕاكێش دەچوون وەك لە لەبەركردن و قوتابییەكان لە ڕێگەی نموونە و چیرۆكەكانەوە بەپەرۆشەوە كارلێكیان لەگەڵی دەكرد و تێدەگەیشتن. هەرچەندە ڕۆسۆ لە ئێمیلدا بەشێوازێكی جیاواز پشتی بە گفتوگۆیەكی ناڕاستەوخۆی نێوان منداڵ و ژینگەكەی بەست: ڕۆڵی پەروەردەكار لای ڕۆسۆ ئەوەیە كە دەرفەت بۆ منداڵ بڕەخسێنێت بۆ "گفتوگۆ لەگەڵ سروشت" و لەگەڵ ئەزموونە تایبەتییەكانی خۆی تا لە جیهان تێبگات، لە جیاتی ئەوەی فەرمانی پێبكات. ئەم نموونانە ئاماژە بەوە دەكەن كە جەوهەرەكە یەكە: فێركاریی مرۆیی لە پەیوەندی و كارلێكردندا خۆی دەبینێتەوە نەك لەبەركردن و فەرمان. لەوانەیە نموونەی باشترین بەرجەستەكردنی گفتوگۆی پەروەردەیی ئەوە بێت، كە لە "بازنەكانی كلتوور"دا بینرا، كە فرێیری بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری جووتیارە بەڕازیلییەكان دروستیكرد؛ كە تێیدا لەگەڵ فێرخوازە گەورەكان لە بازنەی گفتوگۆدا كۆدەبووەوە و قسەیان لەسەر وشە لە واقیعی ڕۆژانەیان و واتاكانیان دەكرد، لە ئەنجامی پرۆسەی فێربوونی بەكۆمەڵی گفتوگۆییدا، ئاستی هۆشیاری لای هەمووان بەرزكردەوە - مامۆستا و فێرخوازەكان پێكەوە.
ڕەهەندە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی پەروەردە
فرێیری جەختی كردووەتەوە كە پەروەردە كردارێكی سیاسییە بەتەواوی، یان دەبێتە ئامرازێك بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤ، یان ئامرازێك بۆ بەزۆر تێكەڵكردنی لە سیستەمی ستەمی بەردەوام. ئەو بیرۆكەی "بێلایەنی" پەروەردە ڕەتدەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە كە هەموو كردارێكی پەروەردەیی لە ناوەڕۆكدا یان بەشێوەیەكی شاراوە كار دەكات لەسەر چەسپاندنی واقیعی كۆمەڵایەتی، یان گۆڕینی.
لەم ڕوانگەیەوە، فرێیری پێیوایە كە مۆدێلی پەروەردەی بانكی (واتە قوتابی وەك بەتاڵیەك كە پڕ دەكرێت بە زانیاری) تەنها مەسەلەی شێوازی وانەوتنەوە نییە، بەڵكو بەشێكە لە پێكهاتەی زۆرداری كۆمەڵایەتی. كاتێك قوتابی وەك بابەتێكی پاسیڤ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و كاتێك زانینی فێرگەیی لە واقیعی ژیان دادەبڕێت، ئەنجامەكەی كەسێكی نامۆ دەبێت لە ژینگەكەی و ناتوانێت بەشێوەیەكی ڕەخنەگرانە لە بارودۆخەكەی تێبگات. كەسێكی لەم جۆرە زیاتر ئامادەیی هەیە بۆ ملكەچبوون بۆ ستەم یان پاساوهێنانەوە بۆی، واتە - بێئەوەی بزانێت - دەبێتە بەشدارێك لە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی زۆرداری.
ئەمەش مەبەستی فرێیری بوو كاتێك گوتی كە سیستەمی ستەمكار لە ڕێگەی پەروەردەی بانكییەوە هەوڵدەدات "هۆشیاری چەوساوەكان بگۆڕێت نەك واقیعەكەیان، بۆ ئەوەی بەئاسانتر بتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو واقیعە بگونجێنن". بەپێچەوانەوە، پەروەردەی ڕزگاریخواز پرۆسەیەكی سیاسیكردنی هۆشیارییە، بەو مانایەی كە پەیوەندی دروستدەكات لەنێوان زانین و ژیانی ڕۆژانە و سیاسەت. فرێیری هەمیشە پەیوەندی دروستكردووە لەنێوان پەروەردە و هۆشیاری چینایەتی و خەباتی بەكۆمەڵ. كاتێك تاك هۆشیارییەكی ڕەخنەگرانەی هەبێت سەبارەت بە چینەكەی و بارودۆخەكەی، تێدەگات كە كێشە كەسییەكانی دانەبڕاو نین، بەڵكو بەشێكن لە شێوازێكی فراوانتری ستەم، كە گرووپە كۆمەڵایەتییەكەی دەگرێتەوە.
ئەم تێگەیشتنە هەستی هاوپشتی بەكۆمەڵ دروستدەكات؛ كاتێك تاكە چەوساوەكان تێدەگەن كە ڕزگاربوونیان پێویستی بە كاری هاوبەشیان هەیە. فرێیری لە پرۆگرامەكەیدا بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لەنێو هەژارانی بەڕازیل، جگە لە ئامانجی فێربوونی خوێندنەوە و نووسین، ئامانجێكی تری هەبوو - ئەو دەیویست سەبارەت بەواقیعی چەوساندنەوەیان و هانیانبدات بۆ ڕێكخستنی خۆیان بۆ داواكردنی مافەكانیان، هۆشیارییان لا دروستبكات.
ئەمەش بەڕاستی ڕوویدا؛ بازنەكانی فێركاریی گەورەساڵان گۆڕان بۆ بازنەی گفتوگۆ سەبارەت بە كێشەكانی جوتیاران و كرێكاران و ڕێگەكانی گۆڕانكاری، كە ئەمەش نیگەرانی دەسەڵاتەكانی بەڕازیلی ئەو كاتەی دروستكرد و هۆكاربوو تا پرۆگرامەكەی فرێیری قەدەغەبكرێت و لە ساڵی ١٩٦٤ دەستگیری بكەن، لە ترسی بڵاوبوونەوەی "هۆشیاری مەترسیدار" لە نێو خەڵكدا.
لە ڕوانگەیەكی تیۆرییەوە، دەكرێت فەلسەفەی سیاسی فرێیری لەسەر ڕۆشنایی چەمكەكانی بیرمەندانی وەك ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧) تێبگەین. گرامشی ڕوونیدەكاتەوە كە هەژموونی چینی حوكمڕان تەنها بە هێزی ڕاستەوخۆ بەدەستنایەت، بەڵكو تەواوی كۆمەڵگە قەناعەتپێدەكات كە بەها و پێوەرەكانیان وەك شتی ئاسایی و سروشتی قبووڵبكەن. قوتابخانە بەبۆچوونی گرامشی ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لەم هەژموونە كولتوورییەدا؛ قوتابخانە، قوتابیان دەناسێنێ بە سیستەم بە كولتووری گشتی یان زانینی هاوبەش، بەڵام لەڕاستیدا بەڕەنگدانەوەی كولتوور و بەرژەوەندییەكانی چینی باڵادەست دەیانناسێنێت. بەم مانایە، پەروەردەی بانكی كە فرێیری ڕەخنەی لێگرتووە، بەرجەستەكردنی پرۆسەی هەژموونە: ئەو زانینانەی كە مامۆستا (وەك نوێنەری دامەزراوەی فەرمی) فێری فێرخوازی دەكات، لەناو خۆیدا جیهانبینییە باوەكان دەبینێت كە خزمەت بە مانەوەی هەلومەرجی چینایەتی ئێستا دەكەن. لەبەر ئەوەی قوتابییان لەم مۆدێلەدا وەرگرن نەك ڕەخنەگر، ئەوان ئەم جیهانبینییانە دەخەنە ناو مێشكیانەوە تاكو ببێتە بەشێك لەوەی كە گرامشی ناوی ناوە "بیری گشتی یان هەستی هاوبەش".
بەم شێوەیە پەروەردە دەبێتە میكانیزمێك بۆ بەرهەمهێنانی ئەوەی كە گرامشی ناوی ناوە "ڕۆشنبیری نەریتی" كە خزمەت بە چینی باڵادەست دەكات. لە هەر چینێكی كۆمەڵایەتیدا، كۆمەڵێك لە "ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی" دروستدەبن كە گوزارشت لە جیهانبینی ئەو چینە دەكەن و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانیان دەكەن؛ قوتابخانەی نەریتی یەكێكە لەو ڕێگایانەی كە چینە باڵادەستەكان لە ڕێگەیەوە ڕۆشنبیرانی خۆیان بەرهەمهێناوە و هەژموونی خۆیان بەردەوام كردووە.
لێرەوە گرامشی بانگەشەی كردووە بۆ دروستكردنی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی كە لە چینە ڕەنجدەرەكانەوە سەرچاوەهەڵدەگرن، داواكارە كە هۆشیار بن و گوزارشت لە بەرژەوەندییەكانی ئەو چینە بكەن و توانای ڕابەرایەتی خەباتی فكری ئەوانیان هەبێت. ئەم بیرۆكەیە تێكەڵبوونێكی بەهێزی هەیە لەگەڵ ئامانجی فرێیری بۆ گۆڕینی فێرخوازی چەوساوە بۆ ڕۆشنبیرێكی هۆشیار، كە واقیعی خۆی دەخوێنێتەوە و ڕەخنەی لێدەگرێت. بازنەی گفتوگۆ و ڕۆشنبیركردن كە فرێیری لەگەڵ جوتیاران بەڕێوەی دەبرد، دەكرێت وەك هەوڵێك بۆ پێگەیاندنی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی لە ناوخۆیان تێبگەین - واتە كەسانێك كە تێگەیشتنێكی بنەڕەتییان هەیە بۆ كێشەكانی كۆمەڵگەكەیان و توانای پەیوەندیكردن و ڕێكخستنیان هەیە، لەجیاتی چاوەڕێكردنی ڕۆشنبیرانی "دەرەكی" كە ڕابەرایەتیان بكەن.
هێنری جیرۆ بەڕوونی ئاماژەی بەم نزیكییە كردووە، كاتێك گوتی كە فرێیری "بەشێوازی گرامشی، تێگەیشت كە هەر پەیوەندییەكی زاڵبوون پەیوەندییەكی پەروەردەییە"؛ وەك هەر هەژموونێك چەوساوە فێردەكات، كە ملكەچ بێت لە ڕێگەی ئامرازی كولتووری و پەروەردەییەوە، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی هەژموون دەبێت هەروەها لە ڕێگەی پرۆسەیەكی پەروەردەیی دژەڕەوتەوە بێت كە هۆشیاری ڕەخنەگرانە بڵاودەكاتەوە.
هەروەها كۆمەڵناسی فەرەنسی پیێر بۆردیۆ (١٩٣٠-٢٠٠٢) شیكارییەكی پێشكەشكردووە كە یارمەتیدەرە لە تێگەیشتنی ڕۆڵی سیاسی پەروەردە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چینەكان. بۆردیۆ پێیوایە كە سیستەمی پەروەردەی باو جۆرێك لە "توندوتیژی سیمبولی" پەیڕەودەكات كاتێك بەشێوەیەكی شاراوە كولتوور و هێماكانی چینی باڵادەست بەسەر هەموو قوتابیاندا دەسەپێنێت، وەك ئەوەی كە تەنها كولتووری "ڕەوا" بێت. ئەمە بەشێوەیەكی نەبینراو و بەبێ هۆشیاری قوربانییەكان ڕوودەدات؛ قوتابییانی چینە نزمەكان ئەم پێوەرە سەپێنراوانە قبووڵ دەكەن و خۆیان پێهەڵدەسەنگێنن، كە ئەمەش دەبێتە هۆی شكستی خوێندن و هەستكردن بە كەمتری لەبەر ئەوەی لە شێوازی كولتووری باڵادەست دوور كەوتوونەتەوە. بەواتایەكی دیكە، پەروەردەی نەریتی لایەنگری چینایەتی وێرانكەری تێدایە. بەواتایەكی تر، فێركاریی نەریتی هەڵگری لایەنگیری چینایەتی وێرانكەرە. قوتابییەكی خاوەن پێشینەی دەوڵەمەند (ئەوەی كە بوردیۆ پێیدەڵێت "سەرمایەی كولتووری" كە لەگەڵ كولتووری قوتابخانە دەگونجێت) سەركەوتوو دەبێت و پێشدەكەوێت، لە كاتێكدا قوتابی هەژار دوادەكەوێت نەك بەهۆی كەمی هۆشیارییەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی قوتابخانە دانی بە سەرمایەی كولتووری جیاوازی ئەودا نەناوە و بە نەزانی داناوە. بەم شێوەیە، قوتابخانە جیاوازییە چینایەتییەكان نەوە لە دوای نەوە بەرهەمدەهێنێتەوە لە ژێر پەردەی لێهاتوویی و شایستەییدا. ڕەخنەی فرێری بۆ فێركاریی بانكی بۆ بنیاتنانی زانیارییەكی ڕەخنەیی هاوبەش لەگەڵ ڕوانگەی بوردیۆدا یەكدەگرنەوە لەوەی كە هەردووكیان ساختەی بێلایەنی قوتابخانە ئاشكرادەكەن: چونكە فێركاریی بێڕەخنە، كە پێشینە و زانیاری پێشووی فێرخواز پشتگوێدەخات، لە ڕاستیدا میكانیزمێكە بۆ بەردەوامی زاڵبوونی كۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پەراوێزخستنی دەنگی پەراوێزخراوەكانەوە. بەڵام فرێری هەنگاوێكی دوورتر دەڕوا، بەدیلێكی ڕزگاركەر پێشنیاردەكات كە بازنەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دۆخە دەشكێنێت. فێركاری دیالۆگی ڕەخنەیی كە بانگەشەی بۆ كردووە، دەرگایەك دەكاتەوە بۆ دانپێدانان بە ئەزموونەكانی چەوسێنراوان و كولتوورە دەوڵەمەندەكەیان و وەك خاڵی دەستپێكی پرۆسەی فێربوون مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات. فرێری جەختی لەسەر گێڕانەوەی نرخ بۆ زانیاری و ئەزموونەكانی هەژاران كردووە و پێیوایە هەر كولتوورێك بەها و مانای هەیە و پەروەردەی ڕزگاركەر دەبێت زمانی فێرخوازان و كولتووری میللییان وەك خاڵی دەستپێك بەكاربهێنێت. ئەم ئاراستەیە بەشێوەیەكی بنەڕەتی دژی ئەوەیە كە بوردیۆ ناوی ناوە توندوتیژی سیمبولیك، چونكە هاوكێشەكە پێچەوانە دەكاتەوە: لە بری سەپاندنی كولتووری نوخبە بەسەر جەماوەردا، بۆ بنیاتنانی زانیارییەكی هاوبەش لە كولتووری جەماوەرەوە دەستپێدەكرێت. بەم شێوەیە، فێركاری دەتوانێت ببێتە هێزێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی نایەكسانی لە جیاتی بەنەمریكردنی.
فەلسەفەی ڕزگاریخوازی فرێری كاریگەری هەبووە لەسەر ژمارەیەكی زۆر لە پەروەردەكاران لە سەرتاسەری جیهاندا، لە دیارترینیان بیرمەندی ئەمریكی - كەنەدی هێنری جیرۆ بووە (لەدایكبووی ساڵی ١٩٤٣). جیرۆ بە یەكێك لە پێشەنگەكانی پەروەردەی ڕەخنەیی (Critical Pedagogy) دادەنرێت لە سەردەمی نوێدا و ئیلهامی لە زۆرێك لە بیرۆكەكانی فرێری وەرگرتووە، بۆ چوارچێوەی كۆمەڵگە پیشەسازییە پێشكەوتووەكان گواستوویەتەوە. جیرۆ هاوڕا بووە لەگەڵ بۆچوونی فرێری كە فێركاری لە سیاسەت جیاناكرێتەوە، هەروەها شیكردنەوەی بۆ پێگەی پەروەردە لەژێر سایەی سەرمایەداری دواكەوتوو و كولتووری بەكاربەرایەتی زیادكردووە. جیرۆ جەختیكردەوە كە قوتابخانەكان دەبێت گۆڕەپانی دیموكراسی و بیركردنەوەی ئازاد بن، نەك كارگەی بەرهەمهێنانی ملكەچی و بانگەوازی مامۆستاكانی كرد بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی "ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیك" یان "ڕۆشنبیرانی گۆڕانكاری" كە كار لەسەر گەشەپێدانی هۆشیاری ڕەخنەیی لای قوتابییان و بەرەنگاری كولتووری زاڵبوو بكەن. جیرۆ چەمكی مامۆستای وەك ڕۆشنبیرێكی ڕەخنەگر داڕشتووە كە دەبێت گومان لە بەرنامە فەرمییەكان بكات ئەگەر لایەنگیریان تێدابوو و پەیوەندی لەنێوان فێركاری و بابەتەكانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی وەك ڕەگەزپەرستی و كێشەكانی جێندەر و ژینگە و هی تر دروست بكات. هەروەها شانازی بۆ جیرۆ دەگەڕێتەوە لە بڵاوكردنەوەی خودی زاراوەی "پەروەردەی ڕەخنەیی" لە هەشتاكانی سەدەی بیستەم، كە تێیدا بیرۆكەكانی فرێری لەگەڵ تیۆرییەكانی قوتابخانەی فرانكفۆرت (ماكس هۆركهایمەر و هاوڕێكانی) و لەگەڵ شیكردنەوە كولتوورییە هاوچەرخەكان تێكەڵكرد.
لە بۆتەكردنی ڕەوتێكی پەروەردەیی ڕەخنەیی كە دژی مەیلەكانی تایبەتكردن و سوودگەرایی بەرتەسكی فێركارییە. جیرۆ بەڵگەدەهێنێتەوە كە پەیامی باڵای فێركاری ئامادەكردنی هاووڵاتییانی ڕەخنەگرە كە توانای بەشداریكردنی كاریگەریان هەیە لە كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و بەرەنگاری پێكهاتە ناعادیلەكان دەبنەوە. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە كە فرێری لە چوارچێوەیەكی تردا هەوڵی بۆ داوە - واتە كردنی فێرخواز بە بكەرێكی كۆمەڵایەتی كە بتوانێت پەیوەندییەكانی هێز لە كۆمەڵگەكەیدا تێبگات و هەوڵی گۆڕینیان بدات. جیرۆ ستایشی میراتی فرێری كردووە و جەختیكردۆتەوە كە فرێری "هەمیشە پەیوەندی لەنێوان هۆشیاری و زانیاری لە لایەكەوە و كاری سیاسی لە لایەكی ترەوە دروستكردووە و پێیوابووە كە پەروەردە بەشێكە لە خەباتی بەرفراوانتر دژی سەرمایەداری و دەسەڵاتخوازی". بەهۆی هەوڵەكانی جیرۆ و هاوبیرەكانیەوە، بنەماكانی پەروەردەی ڕەخنەیی لە بەرنامەكانی كۆلێژەكانی پەروەردە لە زانكۆكان بڵاوبۆتەوە، كە كاریگەری بیرۆكەكانی فرێری لە ئاستی جیهانیدا فراوانتركردووە، تەنانەت دوای مردنیشی.
بەكورتی، فەلسەفەی پەروەردەیی پاولۆ فرێری لە سنوورەكانی پۆلی وانەوتنەوەدا تێدەپەڕێت بۆ پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی. لای ئەو، فێركاری یان كرداری ڕزگاریخوازییە یان دەستەمۆكردنی سیاسییە؛ یان هزرەكان ڕزگار دەكات و ڕۆشنیان دەكاتەوە، یان بێهۆشیان دەكات و بەپێی پێوانەكانی سیستەمی باو فۆرمیان دەدات. فرێری چوارچێوەیەكی پەروەردەیی تەواوكاری بۆ دەستەبەركردنی بژاردەی یەكەم پێشكەشكردووە: لە دروستكردنی هۆشیاری ڕەخنەییەوە دەستپێدەكات لە ڕێگەی هۆشیارییەك كە بیركردنەوە و كرداركۆدەكاتەوە، بە ڕوخاندنی دیواری یەكلایەنەی دەسەڵات لە پۆلدا لە ڕێگەی دیالۆگ و بەشداریكردن و گەیشتن بە وەبەرهێنانی فێركاری وەك سەكۆیەك بۆ ورووژاندنی پرسیارە كۆمەڵایەتییە گەورەكان و پتەوكردنی هاوپشتی گشتی لە بەرامبەر ستەمدا. ئەم دیدە بە میراتی بیرمەندانی جیهانی پاڵپشتی دەكرێت.
ڕوسۆ بانگەشەی بۆ پەروەردەیەكی سروشتی كرد، كە ڕێز لە سروشتی ئازادی مرۆڤ دەگرێت، سەكاكینی پەروەردەیەكی ڕزگاریخوازی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داگیركاری و نەریتی كۆن جێبەجێكرد، گرامشی ڕۆڵی بیركردنەوەی لە ململانێی چینایەتیدا ئاشكراكرد و بانگەشەی بۆ گەڕاندنەوەی زانیاری بۆ چەوسێنراوەكان كرد، بوردیۆ لایەنگیری دامەزراوەی پەروەردەیی ئاشكراكرد و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هانیداین بۆ گەڕان بەدوای فێركاریێكی دادپەروەرانەتر و جیرۆ مەشخەڵی فرێری بۆ مەیدانی نوێ وەك گۆڕەپانە ئەكادیمییەكان و بزووتنەوەكانی چاكسازی پەروەردەیی هاوچەرخ برد.
ئەم ڕۆژگارەش، پەروەردەی ڕزگاریخوازی كە فرێری و هاوشێوەكانی مژدەیان پێدا، پڕۆژەیەكی هاوچەرخ دەمێنێتەوە هەتا ستەم و نایەكسانی بەردەوام بن. لەبەرامبەر دنیای ئەمڕۆماندا، ئاستەنگەكانی وەك فراوانبوونی كەلێنە چینایەتییەكان و قووڵبوونەوەی كولتووری بەكاربەری و پاشەكشەی بەهاكانی مرۆیی لە پرۆسەی فێركاریدا، پێویستییەكی بەهێز دەخوڵقێنن بۆ ئەوەی گڕی هۆشیاری ڕەخنەیی بەردەوام كڵپەبكات. هەروەك فرێری جەختیكردووەتەوە، بنیاتنانی جیهانێكی دادپەروەرانەتر و مرۆڤانەتر لە پۆلێكی خوێندنەوە دەستپێدەكات، كە تێیدا مرۆڤ وەك مرۆڤێكی ئازاد و بیركەرەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. چونكە فێركاری یان پیادەكردنی ئازادییە یان ئامڕازی چەوساندنەوەیە.
اهم المراجع:
1. فریری، باولو. تعلیم المقهورین. ترجمە یوسف نور عوض. بیروت: دار القلم، 1980.
2. فریری، باولو. التعلیم من أجل الوعی الناقد. ترجمە حامد عمار. القاهرە: الدار المصریە اللبنانیە، 2007.
3. روسو، جان جاك. إمیل أو التربیە. ترجمە عادل زعیتر. القاهرە: لجنە التألیف والترجمە والنشر، 1956.
4. غرامشی، أنگونیو. دفاتر السجن. ترجمە صبا قاسم. بیروت: دار الفارابی، 2010.
5. بوردیو، بییر، وجان كلود باسرون. إعادە الإنتاج: فی سبیل نظریە عامە لنسق التعلیم. ترجمە ماهر تریمش. بیروت: المنظمە العربیە للترجمە، 2007.
6. عبد الله، غسان. أی تعلیم نرید؟ حوار التعلیم التحرّری فی فلسطین. رام الله: مۆسسە روزا لوكسمبورغ، 2016.
7. حشوە، ماهر، التربیە التحرریە النقدیە، معهد مواطن جامعە بیرزیت، 2010.
8. فریری، باولو، مازن الحسینی مترجم. نظرات فی تربیە المعذبین فی اڵارض. (رام الله: دار التنویر، 2003).
9.H. Giroux, "The Kids Aren't Alright: Youth Pedagogy and Cultural Studies" in Fugitive Cultures.
10. Henry A. Giroux, The New Henry Giroux Reader: The Role of the Public Intellectual in a Time of Tyranny, ed. Jennifer A. Sandlin and Jake Burdick, foreword by Antonia Darder (Gorham, ME: Myers Education Press, 2018).