
لە ساڵی 1922
ئا و کورداندنی : عەباس داودی
زانای گەورە جیهانی ئاینیشتاین
لە سەروبەندی راگەیاندنی سەرکەوتنی بە (خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیک)دا ، لە هوتێلێکدا بوو ،ئەوەندە پارەی بەردەست نەبوو بیدات بەو کەسەی خزمەتی دەکرد و چای دەخستە بەردەستی ... ناچار پەنای بردە پارچە کاغەزێک و گرتی بە دەستییەوە، و رستەیەکی تێدا نووسی، پاشان دای بە کرێکارەکەو ئامۆژگاری کرد بەوەی لای خۆی بیپارێزێت . و نەیفەوتێنێت .
پاش تێپەڕبوونی 95 ساڵ و لە
رۆژی 24/ 10/ 2017 ، یەکێک لە برازاکانی زاناکە، ئەو کرێکارەی هوتێلەکەی ئاگادار کردەوە ، کە ئەو پارچە کاغەزەی لایەتی لە فڕۆشتنێکی ئاشکرادا دەیخاتە روو بۆ فڕۆشتن و دیاریکردنی نرخی.
سەرەتا 2000 دۆلاری پێدرا، پاش 25 خۆلەک نرخی گەیشتە 1.3 ملیۆن دۆلار .
ئێستا دەبینین (ئاینیشتاین) ، چی لەو پارچە کاغەزەدا نووسیبوو : ــ
ــ ژیانێکی ئارام و سادە زۆرێک لە بەختەوەریت بۆ فەراهەم دەکات ، گەورەتر لە هەوڵدانێک بۆ سەرکەوتن بە ماندووبوونی بەردەوام ــ
با بگەڕێینەوە بۆ جیهانی عەرەبی : ـ لە ساڵی 1958 سەرۆکی زانکۆی بەغدا پرۆفیسۆر (عەبدولجەبار عەبدوڵڵا) بوو ، کە یەکێک لەو چوار قوتابیانەی وانەیان وەرگرتبوو لە سەر دەستی (ئاینیشتاین)، لە پەیمانگەی (ماساشوسیتس) لە ویلایەتە یەکگرتووکان .
کاتێک کودەتا کرایە سەر دەسەڵاتی (عەبدولکەریم قاسم) لە ساڵی 1963 ، زانای فیزیکی ئێراقی خوێندکاری (ئاینیشتاین)، ئەویش لە گەڵ سیاسی و مامۆستایان و پلە سەربازییەکانی تر دا گیراو خرایە کونجی زیندانەوە، دوای ئازادکردنی یەکسەر وڵاتی بەجێهێشت بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان، و لە هەمان پەیمانگەدا بە مامۆستا دامەزرا و سەرۆکی ئەمریکای ئەو سەردەمە بەرزترین میدالیای ئەمریکای پێ بەخشی، میدالیای جیهانی.
یەکێک لە هاوەڵە زیندانییەکانی باشی دەناسی، دەڵێت : دەمبینی لە زینداندا ، خنکاو بوو لە رامانەکانیدا و هەندێکجار فرمێسکی بە خۆڕی لێ دەباری ، ئەو رۆژە بوێریم نواند و هۆکاری فرمێسک رشتنەکەی پرسی ؟ زانای گەورەی ئێراقی بەرسڤی دایەوەو وتی: کە حەرەس قەومییەکان هاتن بۆ گرتنم، یەکێکیان تفی لێکردم و خستمییە سەر زەوی، پاشان گیرفانەکانم گەڕاو ئەوەی پێم بوو، لێی دزیم، لەوانە پێنووسێکی پاندانم هەبوو، کە زانای جیهانی (ئاینیشتاین) بە خەڵات پێی بەخشیبووم، ئەو رۆژەی بڕوانامەی دکتۆرام وەرگرت ، و واژۆی ئەوی پێوە بوو،
پێنووسێکی جوان بوو لە گەوهەرێکی سوور ، بەکارم نەدەهێنا ، تەنیا بۆ واژۆکردنی ئەو خوێندکارانەم کە بڕوانامەی دکتۆرایان بە دەست دەهێنا لە زانکۆی بەغدا .
ئەم زانایە کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان وتی : نە تفەکە ئازاری دام، نە ئەو گرتنەی بەو شێوە پڕ سووکایەتی کردنە !!! ئەوەی ئازاری دام ، کەسێک بوو پێشتر خوێندکاری خۆم بوو، ئەمە دەقی وتەکانی پرۆفیسۆر عەبدولجەبار عەبدوڵڵا بوو .
ئاینیشتاین دەڵێت: لە سەدا 2 خەڵک بیر دەکاتەوە .
لە سەدا 3 ی خەڵک وا دەزانن بیر دەکەنەوە .
کەچی لە سەدا 95 حەزی بە مردنە نەک بیرکردنەوە .
کرێکار (خزمەتکار)ە ژاپۆنییەکە رێزی لە ئانیشتاین گرت و پارچە کاغەزەکەی هەڵگرت بۆ نەوەکانی، بەڵام پیاوانی دەسەڵات لە نەتەوەی عەرەب ئاینیشتاینی عێراقیان ریسوا کرد...!!! و پێنووسەکەیان بە یەکجارەکی شکاند نەک تەنیا لە ئێراق، بەڵکو لە گشت نیشتمانی عەرەبی، ئەوەی کەوتە بەردەستیان لە زانست، زانایان، و پەروەردە . کەچی گرنگییان دایە نەوەیەکی بێ دیسپلین لە سۆز و خۆشەویستی، دوور لە ئەشقی خاک و نیشتمان، گاڵتەجاڕی بە هەموو ئاکار و جوانییەک دەکەن
هەوەسبازی گۆرانی، تۆپ، و شەوە سوورەکان، کە هیچ سوودێکی نییە بۆ کۆمەڵگە بێجگە لە وێرانی و هەرەسی ئاکاری نەتەوەیەک .
نەتەوەیەک زاناکانی سووکایەتی پێ بکرێت و خوێندکارەکەی تف بکاتە نێو چاوان مامۆستاکەی، نەتەوەیەکە لە بنەڕەتەوە: لە دەرەوەی پۆلێنکردنە !!
بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی، شارستانی، پێشڤەچوون
تێبینی : لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراوە بە کەمێک دەستکاری و ئیزافەم بۆ کردووە