
ئەشقی عەباس/ قەسرێ
زبارە (هەرەوەز) یەکێکە لەو کارە جوانانەیە کە مرۆڤ دەتوانێت لەهەموو سەردەمەکان شانازی پێوە بکات .هەر ئەوەش وایکردووە پێشینانمان لەباسی جوانی و گرنگی ئەم کارە گوتوویانە (هەرکارێک گرانە بەهەرەوەزی ئاسانە ) لێرەدا دەردەکەوێت مرۆڤ هەمیشە پێویستی بەدەورووبەر هەبووە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانەی بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لەهاوکاری و یارمەتیدانی خەڵکی تر وەرگرتووە بۆ سووککردنی باری سەرشانی خۆی .ئەمەش دەرخەری ئەوەیە وەک چۆن کەسێک پێویستی بەخەڵکی ترە بۆ سووکردنی باری سەرشانی خۆی لەڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە ئەوهاش خەڵکی تر پێویستیان بەوکەسە دەبێت، بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی خۆیان .
زبارە بریتیە لە کۆمەڵە کەسێک پێکەوە هاوکاری کەسێک دەکەن کە کارێکی دیاری کراوی هەیە ناتوانێت بەتەنیا ئەنجامی بدات.
هۆکاری دروست بوونی گیانی هاوکاری و زبارەکردن میهرەبانی و خۆشەویستی خەڵک بووە بۆ یەکتر بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان بەناچاری خەڵک بە هێز و بازووی خۆی بە ئامێری سادە ئیش و کارەکانی خۆیان جێبەجێکردووە .
لەڕابردوو و لە ئێستاش زبارەکردن (هەرەوەز) لەزۆربەی ئیش و کارەکان هەبووە بۆ نمونە لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و دروستکردنی خانوو و داربڕین و دێوکردن ( چڵوبڕین بۆ ئاژەڵەکان) وچەندین ئیش و کاری تر لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا هەیە .
ئەوەی باسم کرد زیاتر باسی ژیانی گوند و لادێکانی کوردستانە کەمتر لە شارەکان زبارە دەبینرێت . لەگوندەکان ساڵانە چەندین جار و لەلایەن چەندین کەسی جیاوازە زبارە ڕێک دەخرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک کە بەئامێری سەردەمی ناکرێت ، بەمەش گیانی هاوکاری و تەبایی و ڕێز و خۆشەویستی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگا پتەوتر دەبێت .
سوودەکانی زبارە زۆرن سەرەڕای سووککردنی ئەرکی سەرشانی خاوەنکار زۆر سوودی تری هەیە لە کەلتوری کوردەواریدا زبارە وەک کۆبوونەوەیەکی خۆش یان وەک سەفرە و گەشتێکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت ، لەزبارەدا قسەی خۆش و گاڵتەوگەپ و گێڕانەوەی بەسەرهاتی کۆن چەندین چالاکی تر گەرموگوڕی زۆر دەخاتە نێو کرێکارەکان.

لەزبارەدا خاوەن کار هەموو پێداویستیەکانی زبارە ئامادە دەکات وەک خواردن و خواردنەوە و پێداویستیەکانی تری زبارە .
هەندێک جار پێویستە ئەوکەسانەی دەچنە زبارەی خاوەنکار پێویستە کەرەستەی کارکردنی خۆیان پێ بێت بۆ نمونە ئەگەر ڕەزوباخ کێڵان بێت ئەو کەسانەی لەزبارەکەن تەورە یان بێڵ یان پێمەڕەی خۆیان دەبەن بۆ کارکردن چونکە خاوەنکار ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرە ئامێرە پەیدا بکات .وەگەر بۆ دروێنەبوو هەموو ئەوکەسانەی بەشداری زبارەن داسی خۆیان لەگەڵ خۆیان دەبەن .خۆ ئەگەر بۆ داربڕین بێت کە خەڵک داری وشک دەبڕێت لەوەرزی زستان خۆی پێ گەرم دەکاتەوە بەشداربووان بیوری خۆیان دەبەن بۆ کارکردن.
هەرچەندە بەداخەوە لە ئێستادا کاڵبوونەوە هەیە لە زبارەکردن بەهۆی جەنجاڵی ژیان و نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پەیدابوونی ئامێری سەردەم بەڵام خەڵکی گوندەکان بەتایبەت باڵەکایەتی دەستبەرداری زبارە نەبووە چونکە تا ئێستاش خۆشەویستی و میهرەبانی و پەیوەندی خزمایەتی تا ئاستێکی باش ماوە.