
هۆشیاری عەبدولعەزیز
ئەگەر هەڵبژاردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا کاریگەرترین خاڵی پێوانەکردنی فەزای خودی دیموکراسی بێت، ئەوە فەراهەمکردنی ئازادی گشتی و ئارامی کەشی سیاسی و ژینگەی ڕێکخستنەوەی دەوڵەت دەلیلێکی دیاری ئەو پرۆسەیەیە و دەکرێ پشتی پێببەسترێ و بکرێتە بنەمایەکی کاریگەر بۆ کێبەرکێی هێمنانەی ئاسای لە ناو کایەی سیاسی کۆمەڵگادا ، چونکە هەڵبژاردن بەرلەوەی مەرجێک بێت بۆ دەستەبەربوونی مافە سیاسیەکانی تاک بۆخۆی ڕێککەوتنێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لە نێوان حزبی سیاسی وخەڵکدا و دەروازەیەکی کراوەیە لە ئاست ئەوەی کە منی هاوڵاتی کێ و کام حزبی سیاسی دەکەمە جێمتمانەی خۆم ، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت پابەندێتی زیاتر بخاتە ئەستۆی بەربژێرە حزبی و ناحزبیەکان و ئەو دروشمە جێگیرانەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێ لە پرۆسەی دیموکراسی و ڕێکەوتن و ئامانجی گشتیدا
لەم جۆرە پرۆسەیەدا هێز و ڕەوتی سیاسی براوە ، ئەو هێز و ڕەوتە سیاسیانەن کە سەنگینتر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و ئابوری کۆمەڵگا دەکەن و ناچنە ژێرباری قسە و بانگەشەی پووچ کە هەندێکی تر عەتەریاتی پێوە دەکەن و واخۆیان دەخەنە ڕوو کەئەوان لە فەلسەفەی حوکمڕانیدا گەورەترین سەروەریان بۆخۆیان وپشتاوپشتیان تۆمارکردوە ، لەکاتێکدا ئەوە حەقیقەتی پرۆسەکە و ناوەخنی دیموکراسیەت نیە و ناکرێ هیچ هێزوولایەنێک وەک دەسکەوتی خۆی بیفرۆشێتەوە بە کۆمەڵگا و تێرمەکانی هاوبەشی پرۆسەی سیاسی بکاتە مەرجی ڕێککەوتن و کاری هاوبەش لە ئایندەدا، چونکە لە بنەڕەتدا جەوهەری دیموکراسی پەیوەستەبە هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی مافی تاکەوە و ناکرێ لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حزب و بنەماڵەدا قەتیس بکرێ و ببێتە بارمتەی حزب و ئەو بزنسمانە سیاسیە چاوچنۆکانەی کە حزب و حکومەتیان تێکداوە و بەکەیفی خۆیان سەوداو مامەڵەی پێوەدەکەن و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئایندە
گەر لە ڕوانگەی ئەو تێگەیشتنەی سەرەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕابردووی ئەم کۆمەڵگایە بڕوانین ئەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە هەڵبژاردنی ئەم جارەش لەوەی پێشوو جیاوازتر نابێ و تەنها ڕەنگە دەموچاوەكان بگۆڕێن، بەڵام هەمان هێز و كەسانی سەر بە دەسەڵات و بەرپرس لە گەیشتنی وڵات بە رێگەیەكی داخراو ، دێنە پێشەوە ، چونکە کاتێک دیمەنی شکستی بەڕێوەبردنی وڵات و مایەپوچی سیاسی و ئابووری و لاوازی رۆڵ و پێگەی ئەم کۆمەڵگایە لەئاست رووداوو هاوکێشە و ململانیێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان دەبینین، دەگەینە دەرئەنجامێک کە فاکتەر و هۆکاری بنەڕەتی بەشێکی ئەو کێشەو قەیرانە قوڵ و ڕیشەیانە پەیوەندیەکی راستەوخۆییان بەم فۆرمە هەره ناشیرینەی حزبی کوردییەوە هەیه و هەر ئەوانیشن بوونەتە مەترسی بۆسەر ئایندەی کۆمەڵگای کوردی و ئەو توخمە گرنگانەی کە دەکرا ببنە بنەمایەکی زیندوو بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی کوردی مۆدێرن
بۆیە دەکرێ بێژین لەم هەڵومەرج و قۆناغەدا کەژینگەی سیاسی مەرجەكانی رێكخستنی پرۆسەیەكی دیموكراسی بەردەست نییە و رەوتی ڕووداوەکان بە ئاراستەی توندبوونەوەی هەرچی زیاتری تەنگژەكانی دەسەڵات هەنگاودەنێ ، هەڵبژاردن لەبازنەی ئەم مۆدێلە حزبایەتیە سەقەتەی کوردستاندا بابەتێکی پووچ و بێبەهایە و ناتوانێ ڕێگربێ لە درێژبوونەوەی کێشمەکێش و ململانێ ناوخۆیەکان کە بووەته برینێکی قوڵی ئێجگار مەترسیدار بەجەستەی پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانی دەوڵەتەوە و تادێت خراپتر دەبێ ، بەکورتی دۆخەکە بەڕادەیەک ترسناک و سەرەولێژە خەریکە حەتمیەتی مەرگی قەوارەی هەرێم و ئەزموونەکە دەکاتە ڕاستی و ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیاری وا دەکاتەوە کە هەرگیز بەخەیاڵی تاکی کورددا نەهاتبێ ، کاتێک درک بە مەترسیەکی ئاواش دەکەین تێدەگەین کە هەڵبژاردن لەم دۆخەدا نابێتە فریادڕەسی هێوەرکردنەوەی ئاڵۆزیەکان و ناتوانێ ببێتە هۆکاری گۆڕانكاریەکی راستەقینە لە هەڵومەرجی سیاسی و ئابوری کۆمەڵگای کوردیدا و پێچەوانە ڕەنگە ببێتە سەرچاوەی ئاشوب و نیفاقێکی هێندە ناجۆر کە كارەسات بخولقێنێ لە دۆخی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی دا و ببێتە هۆکاری شێواندنی ئەو هاوبەشی و کۆدەنگیەی کە پێش هەڵبژاردنەکان تاڕادەیەک لە کایەی سیاسیدا هەستی پێ دەکرێ .