
هۆشیاری عەبدولعەزیز
پرۆسەی شرۆڤەكردنی سیاسەت و هاوبەشە دینامیكيیەكانی كە لە توخمەكانی ئابووری و بنەچە كۆمەڵایەتیيەكاندا جێگیر دەبێ دەبنە سەرچاوەی سیاسەتی باش، بەڵام هەر تێگەیشتنێكی هەڵە لە كایەی سیاسیدا یەكێكە لە كوشندەترین ئەو تێگەیشتنانەی كە كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر پرۆسەی حوكمڕانی و دەشێ دەرئەنجام ببێتە مەترسی و خودی كۆمەڵگا هەڵوەشێنێتەوە، چونكە سیاسەت بەر لەوەی بابەتێكی خۆڕسك بێت چەمكێكی زانستی كراوەیە و بە كۆمەڵێك پێوەری جیاجیا و بەیەكەوە گرێدراودا تێپەڕدەبێ و دەكرێ لە پرۆسەی دەوڵەتداری و حوكمڕانیدا بەكارببرێ، بەڵام پیرۆزكردنی سیاسەت و سیمبولەكانی لەژێر هەر ناو و ناتۆرەیەكدا بۆخۆی دەبێتە مەترسی و سەردەكێشێ بۆ ستەمكاری و بەرهەمهێنانی هێڵی سور و سەركوتكردنی ئازادی و شێواندنی دۆخی كۆمەڵگا، ئەلتەرناتیڤی ئەم پرۆسەیەش خۆی لە دروستبوونی سەركردەی پیرۆز و حزبی رابەر و گەلێك شتی تردا دەبینێتەوە و وادەكات بە كۆمەڵێك دامودەزگای دیسپلینكراوی نابابەتی مۆركێكی ناهاوسەنگ ببەخشێتە ئەو هێز و ڕەوتە پیرۆزكراوەی كە جڵەوی حوكمڕانی لەدەستە و هەر خاڵێكی پێچەوانە بەو پیرۆزیيانە تاك دەخاتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی لەنێوبردن، واتا كاتێك تێگەیشتنی هەڵە لە سیاسەت ستەمكاری بەرهەمدێنێ كۆمەڵگا ڕاپێچی جۆرێك لە سەركوتكردن و بێدەنگكردن دەكاتەوە و شكۆی هەر ئینسانێك دەشكێنێ كە تێڕوانینێكی پێچەوانەی هەبێ لە ئاست ئەو ڕووداو و دیاردانەی كە دەسەڵات بەئەنقەست دەیخولقێنێ و نابێ كەس قسە لەسەر هیچ بكات، هەرجۆرە دەربڕینێك لەسەر كارەكتەرەكانی ناو ئەو دەسەڵاتدارێتیيە بەزاندنی هێڵی سووری پیرۆزیيە دروستكراوەكانە و دەبێ تاك وەك بوونێكی بەكاربەر تەنها ملكەچی هەڵبژێرێ .
پرسی هەڵە تێگەیشتن لە سیاسەت لە خۆرئاوا و وڵاتانی پێشكەوتووی دیموكراسی پرسێكی نۆرماڵە و بەپێی یاسا و ڕێسای دەوڵەت و لەچوارچێوەی تێگەیشتندا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و نابێتە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی دەوڵەتداری و دەسەڵات و نابێتە ڕێگر لەبەردەم هیچ دەزگا و ناوەندێكدا و مەترسیش نیيە بۆ سەر ئازادی گشتی و پرۆسەی دیموكراسيیەت و ئەو چەمكانەی كە كۆمەڵگا لە پێناو گەشە و بەرەوپێشچوونی خۆیدا وەك بنەمایەكی زانستی بەكاریدێنێ و لە زۆر لەو كۆمەڵگایانەشدا دەنگ و ڕەنگی جیاواز و ڕەخنەی جددی و ڕای پێچەوانە دەبنە بنەمای ڕاستكردنەوەی هەڵە تێگەیشتنەكە و مەترسی ناخولقێنێ، گەر بەڕەچاوكردنی تێگەیشتن لە سیاسەت و دیدگای ڕوون كە بریتییە لە هەستكردن بە دیاردە و ڕووداوەكانی ناو كۆمەڵگا سیاسەت بخوێنرێتەوە كە چۆن پرۆسەی پاكردنەوە و تەتەڵەكردنی دیاردە ناجۆرە كۆمەڵایەتيیەكان ئاراستە دەكەن كە لە سیاقی خۆیاندا مەترسی سیاسی بەرهەمدێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە هۆكاری ئەم دیاردە سیاسیيانە بن كە جووڵەی ئابووری و جیوئیكۆنومی هەرێم و گۆڕانكارییەكانی دەوروبەرمان دەجووڵێنن و بوونەتە حاڵەتی سەیر و سەمەرە بەسەر دنیای سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردیيەوە، چونكە سیاسەت لە زۆربەی زۆری كۆمەڵگا نادیموكراسیيەكاندا ، ئاڵۆز و تەماویی و ناڕوونە كە ئێمەش بەشێكین لەو جۆرە كۆمەڵگایە و ئەوەندەی مەزاج پێوەر و خەسڵەتەكان دیاریدەكات، لایەنە زانستیيەكە وەك شوناسی پرۆسەكە نابینرێ، لەكاتێكدا ئەم بابەتە لە دنیای سیستمە دیموكراسییەكاندا و بەتایبەت لە سیاسەتدا زۆر ڕوون و ڕاشكاو و شەفافە و ڕێگە نادرێ دیاردە و ڕووداوێك ببێتە مایەی نیگەرانی خەڵك و تێكچوونی هاوسەنگی پرۆسەكە و دروستكردنی جۆرێك لە شڵەژانی كۆمەڵایەتی و ئاڵۆزی لە سیاسەتدا ، كەچی پێچەوانە بەم ڕاستيیە وڵاتانی دواكەوتوو و نیمچەكراوە لە وەها دۆخێكدا دەكەونە پەلەقاژەی سڕینەوەی ڕا و سەرنج و ڕەخنەی جیاواز و دەبێتە مەترسیيەك بۆ سەر سیمبولە پیرۆزكراوەكان و هیچ دەرفەتێك نامێنێتەوە بۆ دەربازبوون و پێیانوایە شكاندنی هێڵە سوورەكان شكاندنی كۆی دەسەڵات و فەرمانڕەواكانێتی و ئەمەش وەك گەورەترین مەترسی دەشوبهێنن لەسەر دەسەڵات و كارەكتەرە پیرۆزكراوەكانی ، لەكاتێكدا لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا كە دەسەڵات مومارەسەی توخمەكانی ستەمكاری دەكات بەلێشاو گەندەڵی و ناعەدالەتی و بێ یاسایی و بێ حورمەتی دەبینرێت كەس مافی دەنگهەڵبڕینی نیيە .
لە خوێندنەوەی ئەو پرۆسەیەدا دەگەینە ئەو ڕاستیيەی كە كۆمەڵگای كوردیش لە بازنە و چوارچێوەی هەمان مەترسیدایە و دەسەڵات بەو ئاراستەیە دەبرێ و ئیتر نابێ كەس لەسەر هیچ قسە بكات و هیچ بڵێ ، بەمەرجێ دەسەڵات خۆی لەم بارەدا كەوتۆتە دۆخێكی شڵەژاو ناهەموارەوە و تەنها شتێك كە دەیانەوێ ڕاستی بكەنەوە دەمكوتكردنە ، نەك بیركردنەوە لە چارەسەركردنی هۆكارەكانی غەرقبوون لە گەندەڵی و ناعەدالەتی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی و تا ئێستا هیچ تاوانبارێكی بەرپرس لەو داروخانە ئابووری و كۆمەڵایەتیيە ڕاپێچی دادگا نەكراوە و بگرە وەك بزنسمانی هاوبەشی دەسەڵات كە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان تاڵانكرد و یاری بە موقەدەراتی ئەم میللەت دەكەن بەشكۆوە فەرشی سووریان بۆ ڕادەخرێ ، لەمەشدا كە ئەحزابی حوكمڕان بەرپرسیارن و هەڵگری عەقڵیەتێكی شەخسپەرستیی ڕووپۆشكراوی نالۆژیكیيە كە نەیتوانیوە ببێتە پرۆژەی دروستكردنی هاووڵاتی و مایەی فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی وا كە ئیشكالیەتی حوكمڕانی تێپەڕكات، چونكە تائێستاش دوای زیاتر لە چارەكە سەدەیەك لە حوكمڕانی زۆرینەیەكی رەهای ئەم كۆمەڵگایە بە ژیانێكی زۆر سەخت و دژواری ئابووری و بێكاری مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و ئەوانەشی بارگاوین بە گەندەڵی و شەرعیەتدان بەناعەدالەتی و چەواشەكاری و چەوساندنەوەی كۆمەڵگا لەسایەی دەسەڵاتدارێتی حزبی خێڵدا و لەسەر حیسابی میللەت های لایڤ دەژین و بوونەتە بەڵا و نەگبەتیيەكی گەورە و مەترسیدار بەسەر كۆمەڵگاوە.