
هیوا عومەر
سەڕەڕای چەندین كۆبوونەوە و بوونی ناڕەزایەتی زۆر، دواجار ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی كوردستان نرخی كارەبای پرۆژەی "رووناكی" بە (72 بۆ 350 دینار ) بەگوێرەی بەكارهێنان، دیاریكرد.
بەپێی بەدواداچوونەكان ئەو نرخە بەراورد بە حكومەتی فیدراڵ و وڵاتانی
دراوسێ و ئاستی داهاتی تاك لە شارەكانی كوردستان لە ئاستێكی زۆر دایە و بارگرانی زۆریش لەسەر زۆرینەی هاووڵاتییان و پەراوێزخراوەكان دروست دەكات.
بۆ ئەوەی بتوانین تێبگەین لە ڕەهەندی سیاسی ئابووری و شوناسی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و بڕیار و پرۆژەكانیان، چەند پرسیارێكی دیاریكراو ڕووبەڕووی پرۆژەی "ڕووناكی" و بڕیارەكانیان دەكەینەوە :
- ئایە حكوومەت بازرگانی بە پرۆژەی كارەبای "ڕووناكی" دەكات؟
- ئایە كارەباش وەك زۆربەی سێكتەرەكانی تری تەندروستی و خوێندن و
پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتییان وەرگەڕێنراوە بۆ كاڵا و تەسلیم بە
بازاركراوە، هۆیەكی ترە بۆ دەوڵەمەندبوونی كەمینەیەك لەسەر حیسابی زۆرینە؟
- ئایە ڕەهەندی سیاسی ئابووری كەرتی كارەبا و سێكتەرە سەرەكییەكانی تری وەك تەندروستی و خوێندن هتد ... لە ڕوانگەی خزمەتگوزارییەكی سەرەكی گشتیدا تەماشادەكرێت، یان وەك دەرفەتێك بۆ ئیستغلالكردن و بازرگانی پێوەكردن؟
- ئایە ئەو نرخەی دیاریكراوە بە نرخی پاڵپشتیكراوە (السعر المدعوم )ه لە
لایەن حكومەتەوە یان قازانج دەكەن و بازرگانی پێوەدەكەن ؟
- بۆچی هەر رۆژەی بەشێكی حكومەت دەفرۆشن بە كەرتی تایبەت بە بەشێكی سێكتەری كارەباشەوە ؟
هەوڵی وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ تێگەیشتنە لە مەترسییەكانی بەنیولیبرالیزمكردنی هەموو سێكتەرەكانی ژیان و مەترسی فرۆشتی حكوومەتە بە كەرتی تایبەت و میكانزمەكانی بازاڕ، لە كاتێكا هەموومان دەزانین كێن ئەوانەی لە پشت بازاڕ و زۆرینەی كۆمپانیاكانەوەن ؟
بۆ تێگەیشتنە لە مەترسییەكانی لێكەوتەكانی نیولیبرالیزم لەسەر
هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگە و بەها و بنەمای پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان،
دواجاریش بۆ تێگەیشتنە لەبارەی لێكەوتەكانی ئەم سیاسەتە لەسەرنەمانی
متمانەی هاووڵاتییان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان و تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشمانیش .
لە ڕەهەندی سیستەمی سیاسی ئابوورییەوە، ڕوانگەی جیاواز بۆ بنەمای
پێداویستییەكانی مرۆڤ و چۆنیەتی دابینكردن و جێبەجێكردنی هەیە، ڕوانگەی جیاوازیش بۆ رۆڵی دەوڵەت لە ژیانی كۆمەڵایەتی و پێداویستییەكانی هاووڵاتییانیش هەیە، هاوكات هەر بەهۆی شوناسی ئابووری و سیاسی هەر حزبێكەوەیە بنەماكانی یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئابووری و ژیانێكی شكۆمەندانە كە دواتر رەنگدەداتەوە لە حكومڕانی لەكاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا بەڕوونی ڕەنگدەداتەوە، ئەگەر خۆشی ئینكاری لێی بكات .
ئەوە پرۆژە و بەرنامەی حزبە سیاسییەكانە لە كاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا
بنەما چینایەتییەكانی كۆمەڵگە و جیاوازییەكان لە ڕووی باری چینایەتی و
هەژاری و دەوڵەمەندی و دەرفەتی یەكسان و بوونی ژیانێكی شكۆمەندانە دیاری دەكات نەك قەدەری ژیان و چارەنووس .
ئەوەی وادەكات زۆرینە هەر رۆژەی لەژێر بیانوویەكدا شكۆی بشكێنرێت و فێری سەرشۆركردن بێت تەنها بۆ ئەوەی بژێت و كەمینەیەكی هەڵتۆقیویش خاوەنی هێز و سامانێكی زۆربن، ئەوە قەدەری ژیان نییە ئەوە جەوهەری شوناسی دەسەڵات و ئەنجامی حكومدارییە ؟