
هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو گرژیانەی کە لە ئێستادا بەدی دەکرێن و بوونەتە دیفاکتۆ لە کایەی سیاسی و ئابوری ناوچەکەدا دەستبردنە بۆگۆڕینی نەخشەی سیاسی و ئابوری ناوچەکە و ئەو ناکۆکی و ململانێ مێژووییانەی کە لە ڕابردودا کاریگەریی تەواویان لەسەر پرسی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و شێوەی نەخشەی سیاسی هەبووە ، مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ململانێی درێژخایەن و ناوەندێکی گرژ و هەمیشە گەرم ناسراوەو هۆکارێک بوە بۆ بەرهەمهێنانی ناسەقامگیری و توندوتیژی ئاینی و ناکۆکی کۆمەڵایەتی و هەرجۆرە جەنگێک کە لە بارە ئاسایەکەیدا لە بەرژەوەندی ئەنزیمەی وڵاتانی زلهێز بوە بەتایبەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە لەسەردەمی شەڕی ساردەوە پلێتەکانی ئەو ململانێ و کێشمەکێشانە لە جوڵە و بزاوتتان و لە ڕووی سایکۆلۆژیشەوە ئەرزیەتی گەشەکردن و مانەوەی ئەم جۆرە مەترسیانە لەبار و گونجاوە و دەشێ لە هەموو کاتێکدا ببنە مایەی قازانجێکی زیاتر و بەهێزکردنی هەژموونی وڵاتانی زلهێز بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا
بۆ ڕەواجپێدانی ئەم هەژموونەش کە لە ئێستادا زۆر بەڕوونی دەبینرێ دەستگیرۆی هێز و گروپە توندڕەوە ئیسلامیە جیهادیەکانە کە لە باشترین حاڵەتدا ئەوان خاڵی چاڵنجی بردنەوەی گرەوی ململانێکانن و ئەرزیەتی گەشەکردن و تڵۆقەکردنیشیان زۆر لەبار و گونجاوە بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە لەڕووی مێژوویەوە هەڵگری توخمەکانی ململانێەکی کوشندە و گرژن و ناکۆکیە ئەتنی و مەزهەبی و تائیفیەکان کاریگەری تەواویان هەیە لەسەر ئەم پرسە
یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەدەروازەی سەرەکی بردنەوەی چاڵنجی هەژموونی زلهێزەکان دەناسرێ و هەمیشە چاوی لەسەرە سوریایە ، بەدرێژای مێژووی ململانێ و ناکۆکیەکانی ناوچەکەش سوریا وەک دەروازەی یەکەم و خەڵاتی بردنەوەی چاڵنجەکە حیسابکراوە و هەر لایەک براوەبووبێ توانیوێتی دەسبەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بگرێ ، هەربویە
دەبینی ڕووداوە دراماتیکەکانی سووریا و ڕووخانی دەوڵەتی ئەسەد لەم قۆناغ و هەڵومەرجەدا زۆرترین چاوی لەسەرە و بوەتە جێی هەڵوێستە لەسەر کردن بەتایبەت لە دۆخێکدا کە هێزگەلێکی ئیسلامی جیهادی توندڕەو چاڵنجەکە هەڵدەسوڕێنن و ئەوان بوونەتە دەمڕاستی گۆڕانکاریەکانی گۆڕەپانی سیاسی سوریا و مامەڵە بەداهاتووی ئەو کۆمەڵگایەوە دەکەن ، بەشێک لەم ڕەوت و گروپانە
گۆشکراوی ئایدیا و تێڕوانینەکانی داعش و ڕەوتە فاشیەکانی تورکیاو جیهانی عەرەبین و بەردەوام
بەدژی کورد و تایفەکانی تر لەململانێ و کێشمەکێشدان و جگە لە خۆیان کەسی تریان لاپەسەند نیە
ئەم عەقڵیەت و تێفکرینە شۆڤێنی و ئاینیە تەنها لە زەمینە سازی و گەشەی داعش و فاشیەتی دەسەڵاتی تورکەوە سەرچاوەناگرێ و مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ مێژویەکانی سەدەی ڕابردووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو فۆرمە سەرکوتکاریەی کە ئایدۆلۆژیای شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و ئاینی بەرهەمهێناو بوە هۆکاری بەرجەستە کردنی جۆرە دەسەڵاتێکی ستەمکارو مەترسیداری وا کە لە شوناسی ئەودا جگە لە خۆی هیچ پێکھاتەو ڕەوت و ناسنامەیەکی جیاواز بوونی نەبوو لە ناوچەکەدا و ئەمەش بە ئاشکرا لە ململانێ و کێشمەکێشی نێوان عەرەب و جولەکە و کورد و ئەمازیغی و بلوچ و تورک و فارسدا ڕەنگی دایەوەو بوە ڕێگە خۆشکەربۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە گۆڕەپانێک بۆ گەمەی بەرژەوەندییە ئابوری و جیۆپۆلیتیکییەکان کە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا بەپێی پاراستنی دەسکەوتە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان مامەڵە بە پرسی ئارامی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەکەن
لەلایەکی تریشەوە هێزوڕەوتە جیاجیاکانی کوردیش ، کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات و خاوەن پرسێکی ڕەوان ناکۆک و ناجۆرن لە نێوخۆیاندا و نەیانتوانیوە لە ماوەکانی ڕابردوودا سود لە هەڵەو کەم و کورتیەکانی دەسەڵاتی ئەحزابی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان وەرگرن و بەهەمان ڕێچکەدا نەڕۆن ، تا ببنە خاوەنی گوتارێکی هاوبەش و تۆکمەی کوردی لە سەرئاستی ناوچەکە و کۆمەڵگای سوری و لەو ڕێگایەوە ئەو واقیعە دیفاکتۆیەی ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزن ، ئەمانەو زۆریتریش بابەتگەلێکی ئاڵۆزن و پێناچێ دەوڵەتی نوێ هەروا بەسانای لەو ئاڵسکانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە تێپەڕبێ
ئەوەی لەنێوان ئەم ململانێ و کێبەڕکێیەشدا ، دەبێتە قوربانی و شکۆ و سەروەری دەشکێنرێ گەل و دەوڵەتە بەمانا فراوانەکەی، چونکە هێزێکی وەک تەحریر شام کە پێکهاتەیەکە لە ئیسلامی سیاسی توندڕەوو تەکفیری پایەوپێکهاتەکانی دەوڵەت وەک یەکەیەکی گشتی قۆرخ دەکات و هەر لە ئێستاشەوە ئاسەوارەکانی ئەو قۆرخکاریە دیارە و بەنەفەسێکی ستەمکارانە مامەڵەی دۆخەکە و پێکهاتە ئاینی و تائیفی و ئەتنیە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن و دەیانەوێ ئەوان بڕیاردەری کۆتای بەڕێوەبردنی ئەو کەناڵە گشتیەبن کە دەوڵەتە و ئەمەش لە جەوهەردا کوشتنی جیاوازیەکانە و پێناچێ کۆمەڵگا بەرەو ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری کۆتای بەرێ و دەوڵەت بکاتە ناوەندێکی بێ لایەن بۆ ئینتیماو ناسنامەو هاوبەشی هاوڵاتی بوون و هاوسەنگی کۆمەڵایەتی وەک گەلانی سوریا خەونیان پێوەدەبینی
بهشێوهیهكی گشتی دەکرێ لە ڕوانگەی ئەو دۆخەی لە سوریا دەگوزرێ ئاماژە بەوە بکەین کە كۆمهڵگاكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست لەبەردەم ئەگەر و گریمانەی مەترسیداری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدان و بەجۆرێک دەکەونە بەر داگیرکاری و توندبوونەوەی شەڕ و ململانێی تائیفی و مەزهەبی و ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە لە بۆ پاشەکشەکردنی پێشکەوتن و بەرەوپێشچونی ئەو کۆمەڵگایانە و ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ گەشەکردنی فیکری ئیسلامی جیهادی توند ڕەوو گروپه تیرۆریستییهكان تاوهكو ڕامیان بكهن و لهو رێگهیهوه بۆ مەبەست و مەرامی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان بەکاریان بێنن و بیانکەنە دەسکەلای خۆیان لە ژینگەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش بەلای ئەمریکاو هاوئاوازەکانێوە دروستکردنی هێزگەلێکی وەک تەحریر شام و کەسی یەکەمی ئەو هێزەیە کە ڕاهێنراوی خۆیانە و بەباشی ئامادەکراوە بۆ ئەو ئەرکەی پێیسپێردراوە و دەیانەوێ لە ناو کایەی سیاسی سوریا و لەو هەڵو مەرج و قۆناغەدا کە ئەوان پێویستیان پێیەتی سودی لێ ببینن.