
رێبین فهتاح
"خۆزگە سەد ساڵ نەخوێندەوار دەبووم، لە نامەی تۆ نەدەگەیشتم".
ئەدەبیاتی سەر دیوارەکان
(ئەلقەی سێیەم)
- نووسراوی سەر دیواری قوتابخانەیەکی کچان لە گەڕەکی نەورۆز.
سەرنجە گشتییەکان
نووسینەکە، وەک ئەوانی دی، لە گەڕەکی میللی و هەژارنشین دەردەکەوێتەوە. پەیامەکە دڵدارانەیە. هەڵەی ڕێنووس پاتە دەبێتەوە. شوێنگە، سەر دیوای قوتابخانەی کچانە.
١.
لە ئەدەبیاتی سەر دیوارەکاندا، پەیام و دەربڕینە دڵدارییەکان، بەردەوام هێما (کۆد)ی لەگەڵ دەنووسرێت. هێماکە لە پیتی ئینگلیزی پێکدێت، وا دەردەکەوێت یەکەمین پیتی ناوەکانی دڵدار و دڵبەرەکە بێت. بەو شێوەیە، (نێرەر) لە ڕێگەی هێماکەوە، خۆی بۆ (وەرگر) ئاشکرا دەکات، بەبێ ئەوەی ئەوانی دیکە بیناسنەوە یان بیانناسنەوە.
٢.
ناوەڕۆکی پەیامەکە، غەمگینیی دوای لەدەستدان و دابڕانە، هێشتا، خاڵێکی گرنگتر قسەکردنە لەسەر ئەدەبیاتی (نامە)، بەڵام بەڵگەیەکمان نییە نامەی کاغەزیی یان نامە لە ڕێگەی ئامێرەکانی پێوەندییەوە! هەر چۆنێک بێت، بەکارهێنانی دیوارەکە بۆ گەیاندنی پەیام، پرسیارێک لەمەڕ بەرفرەوانی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێوەندییەکان دروست دەکات. لە سەردەمی بەرفرەوانی تەکنۆلۆژیای پێوەندیدا، بۆچی نووسین لەسەر دیوار؟
٣.
بەسادەیی ناتوانین بڵێین (نێرەر)ی پەیامەکە، دەستی بە تەکنۆلۆژیای پێوەندی ڕاناگات، لەبەرئەوە دیوارەکە بەکاردێنێت. ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین، لێرە، کوڕان زیاتر و یان لە تەمەنێکی بچووکتر دەرفەتی بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرەکانی پێوەندییان دەدرێت، جێی خۆیەتی گریمانەش بکەین، کچەکە خاوەنی ئامێری پێوەندی نییە، دەبێت هەردووک خاوەنی ئامێری پێوەندی بن، تا پێوەندییەکە دروست دەبێت. با بە زمانی ناو تۆڕەکانی پێوەندی کۆمەڵایەتی بڵێین، دڵبەرخان، دوای کۆتا نامە، دڵدارەکەی (بلۆک) کردووە! مەرج نییە ئەوانە گریمانەی ڕاست بن.
٣.
نووسین لەسەر دیوار، لە ڕۆژگاری بەکارهێنانی بەرفرەوانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و تەکۆنۆلۆژیای پێوەندی، جێی هەڵوەستەکردنی جددییە. ئەگەر ئەو گریمانەیەش پێش بخەین، کە هەردوو لایەنی پێوەندییەکە لە بنەڕەتدا، بەهۆی تەمەن یان هەر هۆیەکی دی، هێشتا نەبوونەتە خاوەن ئامێری پێوەندی، شتێکی دیکە دەمێنێتەوە. بیرمان نەچێت، ئەوە هەر تەنیا ئەو گرووپەی تەمەن نین کە لەسەر دار و دیوارەکان دەنووسن. خەڵکانی دیکە خاوەن ئامێر و تەکنۆلۆژیای پێوەندیین و لەسەر دیوارەکانیش دەنووسن.
٤.
دەشێت نووسینی سەر دیوارەکان، هاندەرێکی بەهێزتری هەبێت، کە ساردی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی نەتوانێت بیگەیەنێت. یان دەرفەتێکی زیاتری خۆبەتاڵکردنەوە بدات. لەوانەش گرنگتر، وەک چۆن بەرهەمهێنانی تابلۆیەک لەلایەن شێوەکارێکەوە، پێوەستییەکی ناوەکیی لە نێوان شێوەکار و تابلۆکە دروست دەکات، ئەوها، نووسینی سەر دیوارێک، پێوەستییەکی ڕۆحیتر لە نێوان نووسەر و پەیامەکە، نووسەر و ئەویدی دروست دەکات، بەراورد بە نووسین لە ڕێگەی کیبۆرد و شاشەی مۆبایلەوە! لە هیی دووەمدا جۆرێک لە دابڕان هەیە، ئامێرێک دێتە نێوانەوە و دوورییەک دروست دەکات، دۆخێکی سروشتی تێکدەدات، وەک ئەو دابڕانەی کە بەکارهێنان و هاتنەناوەوەی ئامێر لە نەشتەرگەریی منداڵبووندا، لە نێوان دایک و کۆرپەلەکەی دروستی دەکات. بەو جۆرە، پاڵنەرێکی بەهێز هەیە کە وا لە نووسەرەکە دەکات پەنا بۆ دیوارەکە ببات، وزەیەکی پەنگخواردوو کە شاشەی مۆبایلەکە و کیبۆردی کۆمپیوتەرەکە، دەرەقەتی خەرجکردنی نایەن.
٥.
سەرنجێکی دیکەی گرنگ، خۆی لە بەکارهێنانی ڕەنگدا دەبینێتەوە. نووسینەکان لە ڕێگەی بۆیاغەوە دەکرێن، پەمپی بۆیە بەکاردەهێندرێت و ڕەنگی بەکارهێنراو، بەزۆری ڕەشە. هەڵبژاردنی ڕەنگی ڕەش، دوو گریمانە هەڵدەگرێت؛ ١. دەشێت پێوەندی بە لایەنی دەروونی نووسەرەکەوە هەبێت و ٢. دەشێت پێوەندی بە ڕەنگی سپی یان زەردباوی دیوارەکانیشەوە هەبێت، واتە گونجاندنێک لە نێوان ڕەنگی نووسین و زەوینەکە.
٦.
چڕکردنەوەی سەرنج لەسەر ڕەنگی بەکارهێنراو گرنگە، هەم لەڕووی دەروونییەوە و هەم لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە. ڕەنگەکان وەک چۆن دەربڕ و گوزارشت لە دۆخی دەروونی کەسەکە دەکەن، ئەوهاش، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ڕەنگ مانای کۆمەڵایەتی هەیە، هەر ڕەنگە و پێناسەی دۆخێکی تایبەت دەکات، مانادان بە ڕەنگەکان بەگوێرەی کۆمەڵگە و گرووپەکان دەگۆڕێت، هەروەها بەپێی قۆناغەکانی ژیانی هەر گرووپ و کۆمەڵگەیەک. لەکنە مە، ڕەنگی ڕەش پێناسەی پرسە و ماتەم دەکات، ڕەنگە زەقترین دەرکەوتن لە ڕەشپۆشی ژناندا بێت. وەک چۆن لەو لافیتانەی مەرگ و کۆچی دوایی ئازیزمانی لەسەر ڕادەگەیەنین، ڕەنگی ڕەش بەکاردێنین، لە پشت ئەو ڕەنگەوە، دابڕان و غەمناکییەکی قووڵ هەیە.