سەدیق سەعید ڕواندزی

هیچ مانگێك نییە بەداخەوە چەندین كرێكار لە شوێنی كاركردنیان بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی كاركردنەوە گیان لەدەست نەدەن و خوێنی ئاڵیان تێكەڵ بە خاك نەبێت. ئەو كرێكارانە، سەختی ژیان، نەبوونی ژیانێكی شایستە و مرۆییانە، نادادی و نایەكسانی دەسەڵاتی كوردی، ناچار بە كارێكی كردوون، كە دەبێ گیانی خۆیان لەپێناو دابنێن، واتا ژیان بە مەرگ دەگۆڕنەوە، لەپێناو دابینكردنی گوزەرانێكی سادە و مەمرە و مەژی بۆ خێزانەكانیان. جێگەی داخە، كۆمپانیا و بەڵێندەر و خاوەن كارگە و كەرتەكانی بواری تایبەت، كە زادەی سیستەمی بێ مانا و نامرۆیی سەرمایەدارین، ئەوەیان بەلاوە گرنگ نییە، كە چەنێ گیانی مرۆڤێك لە میانەی كاركردنی بیمەكراوە و مەرجەكانی سەلامەتی كاركردنی بۆ دابینكراوە، بەڵكو چەنێ پارە و سەرمایەی زیاتر دێتە گیرفانیان و كەڵەكەتر دەبێت، ئەوە بۆیان گرنگە، كە ئەمەش بەشێكە لە سیستەمی نادادی سەرمایەداری، كە چینی هەژار وەك ڕۆبۆتێك دەبینێت و بەهاو بوونی مرۆڤ لە كاركردندا دەبینێتەوە، نەك وەك مرۆڤ ڕەفتاری لەگەڵ بكات و بیبینێت. 

لە هەرێمی كوردستاندا، دۆخی كرێكاران بەداخەوە لەو پەڕی خراپی و بێ بیمەیی دایە، بۆیە دەبینین بەردەوام لە شوێنی كاركردن و لەمیانەی كاردا، ڕووبەڕووی هەڕەشەی مەرگ دەبنەوە، كە هیچ گومانی تێدا نییە دەبێتە ڕاستی و بەداخەوە لەبەرانبەر ئەو خوێنە ئاڵەشدا، دامودەزگاكانی حكومەت، ئەوانەی پەیوەندیدران بە بواری (كار)ەوە، نەك هەر هیچ بەداوداچوونێك ناكەن، بەڵكو لای ئەوان وەك ئەوە وایە خوێنی كرێكاران، خوێنێكی سپی بێت و جیاواز بێت لە خوێنی مرۆڤەكانی دیكە، كە ڕەنگی سوورە ! لە هەموو دنیادا كار و كرێكاری، ڕۆڵێكی گرنگ لە بونیادنانی ژێرخانی خزمەتگوزاری كۆمەڵگە دەبینن، بەڵام كاركردن هیچ مانا و بەها و گرنگییەكی نامێنێت، كاتێ دەبێتە هۆكارێك بۆ سەندنەوەی ژیان لە مرۆڤێك، چونكە هەرچی كار و هێزی كار هەیە، یەك دڵۆپ خوێنی ڕژاوی مرۆڤ ناهێنن. مردنی بەردەوامی كرێكاران، بەهۆی ڕووداوەكانی كارەوە لە هەرێمی كوردستاندا بەراورد بەهەر شوێنێكی دیكە، نیشانەی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی و بێباكی حكومەت و بەدواداچوون و سزایە، چونكە تا ئێستا نەمانبینیوە خاوەن كۆمپانیایەك، پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، گەشتیاری، كارگەیەك، لە سۆنگەی دابیننەكردنی مەرجی سەلامەتی ژیان بۆ كرێكاران سزادرابن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ كرابێت، بگرە ئەوە خاوەن كار و كۆمپانیا و پڕۆژانە، ئەوەی بەلایانەوە گرنگە داهات و سەرمایە و زۆرترین كارە بەكەمترین تێچوون و دەستمایە و ژیانپارێزی. زۆرجار ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا گوێبیستی هەلی كار دەبین، كە گوایا دەرفەتی هەلی كار بۆ هەزاران كەس ڕەخساوە، بەڵام چ جۆرە كارێك؟ دەرچووێكی زانكۆ كە هەڵگڕی بڕوانامەی بەكەلۆریۆسە، ناچارە ڕۆژانە بە دەهەزار دینار، لە هاوینەهەوارێكی گەشتیاری كاربكات، كە تەنها داهاتی ڕۆژێكی بەشی چەندین ساڵی بژێوی ژیانی كرێكارەكە دەكات. واتا ئەوەی هەیە هەلی كار نییە، بەڵكو بە كۆیلەكردنێكی دیكەی مۆدێرنانەی مرۆڤە لەژێر ناوی بە ناو هەلی كاردا، كە تیایدا شكۆی مرۆڤ دەشكێندرێت و هیچ ڕێز و بەهایەكی بۆ دانانرێت، كە زۆرجار لەمیانەی كار و پەیوەندی لەگەڵ خاوەن كاردا دەیبینین. بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمە لەڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە، بەدواداچوون بۆ شوێنی كار و مەرجی كاركردن و سەلامەتی ژیانی كرێكاران لە شوێنی كاردا بكات، چونكە كرێكارانیش هاووڵاتی ئەم هەرێم و نیشتمانەن، بگرە شكۆمەندتر، سەربەرزتریشن، هیچ نەبێ ئەوان داهات و سەرمایەی وڵاتەكەیان نابەن و گەندەڵی و دزی و فزی ناكەن بەڵكو بە ئارەقەی نێوچەوانی خۆیان سەربەرزانە دەژین.  

وتاری نووسەران